سەرەکی » مانشێت » راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستانەوە

راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستانەوە

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

ھاووڵاتیانی ئازیز، کوردستانیانی خۆشەویست

لای ھەمووان ئاشکرایە ئەمڕۆ کوردستان وەک وڵاتانی تری جیھان، بەھۆی گیرۆدەبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩) بەھەلومەرجێکی ھەستیار و سەختدا تێپەڕدەبێت.

وێرای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ناوەندی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و یەکە کارگێڕییەکان تایبەت بە ھەنگاو و رێکارەکانی خۆپارێزی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

رێزو خۆشەویستی بێپایەنمان بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەردەبڕین، دەستی ماندووبوون و شەونخونی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، پێشمەرگە قارەمانەکان دەگوشین، رۆڵی کارمەندان و فەرمانبەرانی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرزدەنرخێنین.

ھەروەھا سوپاسی ئارامگرتن و خۆڕاگریی ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەین کە بەرگەی ئەو دۆخە تازەیان گرتووەو پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان دەبن، بێگومان پابەندبوونی ھاووڵاتیان بە مانەوە لە ماڵەکانیان ھەنگاوێکی ئەرێنی خۆپارێزییە لە زیاتر تەشەنەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمانە ھەموویان بەیەکەوە ھەنگاو و دەسکەوتی گەورەن بەئامانجی سەرکەوتنی گەلەکەمان و دەربازبوون لەو قۆناغە سەختەدا.

دەمانەوێت بڵێین لە ئێستادا بەشێکی ھاووڵاتیان سەرباری گیرۆدەبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەھۆی وەستانی کارو کەسابەتی رۆژانەیان لەدۆخێکی سەختی ژیاندان و پێویستی زیاتریان بە ئاوڕلێدانەوەو بەدەمەوەچوون ھەیە بەتایبەت بە پێشکەشکردنی خۆراک و پێداویستی رۆژانە.

ئێمە لەسۆنگەی ھەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ھاووڵاتیان ھەروەک چۆن لەسەرەتای دروستبوونی ئەو دۆخە نالەبارە ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان بەردەوام بوون لە پێشکەشکردنی کۆمەک و بەخشین لە شارو شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان، لە ئێستاشدا بەمەبەستی پەرەپێدان و ھاندان زیاتر بەکلتوری ھاوکاری و بەخشین، بڕیارماندا لەم مانگەشدا بەشی زۆری مووچەکانمان تەرخانبکەین بۆ پێشکەشکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ ھاووڵاتیانی کەمدەرامەت و ھەژار لە شارو شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان.

لێرەشەوە ھانی سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیا و خێرخوازانی کوردستان و ھەموو لایەن و حزبە سیاسییەکان دەدەین وەک ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی و ئەخلاقی بەشداری ھەڵمەتی بەخشین بکەن بۆ ئەوەی ھەموولایەک بەیەکەوە ھاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختە.

سڵاو لە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان خوا وڵات و میللەتەکەمان بپارێزێت.

فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان ٢٠٢٠/٤/٨

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*