سەرەکی » راپۆرت » نیوزله‌ندا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كۆرۆنادا راگه‌یاند

نیوزله‌ندا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر كۆرۆنادا راگه‌یاند

خاتوو جاسیندا ئاردێرن سه‌رۆك وه‌زیرانی نیوزله‌ندا ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، كه‌ وڵاته‌كه‌ی توانی به‌شێوەیه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ر به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید 19) بگرێت، بۆیه‌ ئه‌و رێوشوێنه‌ توندانه‌ی به‌هۆی به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گیرابوونه‌به‌ر، سووك ده‌كرێن، به‌ڵام پێویسته‌ حكومه‌ت ‌و هاووڵاتیان به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

جه‌نگی دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌مان برده‌وه‌

خاتوو جاسیندا روونیكرده‌وه‌: نیوزله‌ندا به‌شێوه‌یه‌كی زۆرباش توانی به‌ربگرێت له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ‌و وڵاته‌كه‌ی خراپترین دۆخی له‌خۆی دوورخسته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌رده‌وامبین له‌ هه‌نگاوه‌كانی نه‌هێشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا. وتیشی: جه‌نگی دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌مان برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پارێزگاری له‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بكه‌ین، ده‌بێت زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین ‌و دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باشتر بپارێزین.

له‌ ئاستی چواره‌وه‌ بۆ ئاستی سێیه‌م

بڕیاربوو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نیوزله‌ندا داخستنی سۆپه‌رماركێت ‌و بازاڕ ‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌ ئاستی 4ه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی 4 هه‌فته‌ به‌رده‌وام بوو، بۆ ئاستی 3 دابه‌زێنێت ‌و به‌پێی ئاستبه‌ندییه‌كه‌، پله‌ی چواره‌م توندترینه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌كان بۆ به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ‌و ئاستی یه‌كه‌میش، كه‌مترین ئاسته‌.

له‌ ماوه‌ی رێوشوێنه‌ تونده‌كاندا، نزیكه‌ی هه‌موو كۆمپانیاكان داخران، له‌گه‌ڵ خوێنگه‌ ‌و قوتابخانه‌كانیشدا، هه‌روه‌ك داوا له‌ دانیشتووان كرا كه‌ له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ ‌و بۆ كاری زۆر پێویست نه‌بێت نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ پێناوی نه‌هێشتن ‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو.

جاسیندا هۆشداریی ده‌دات

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی نیوزله‌ندا هۆشداریی دا له‌ بوونی مه‌ترسییه‌كان له‌ ئاستی سێیه‌میشدا، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندی ‌و تێكه‌ڵاوبوونیان زۆرە له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ ئاستی سێیه‌مدا، به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار ماركێت ‌و چێشتخانه‌ ‌و خوێندنگه‌ ‌و قوتابخانه‌كان بكرێنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ رۆژانی چوارشه‌ممان ته‌رخان بكرێت بۆ خوێندنی ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نیان تاكو 10 ساڵه‌ ‌و ناتوانن له‌ ماڵه‌كانیاندا بخوێنن، یان ئه‌و خوێندكارانه‌ی دایك ‌و باوكیان پێویست ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كیانیان.

هه‌ر زوو فریای خۆی كه‌وتووه‌

رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی، پێشتر له‌ راپۆرتێكیدا باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ نیوزله‌ندا ته‌نها 16 حاڵه‌تی مردن به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ تۆمار كراوه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ش زۆر كه‌متره‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر زوو فریای خۆی كه‌وتووه‌ ‌و رێوشوێنی توندی بۆ به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گرتۆته‌به‌ر، كه‌ بریتی بوو له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و چاودێریكردنی سنوور ‌و پشكنینی هاووڵاتیان ‌و به‌دواداچوون بۆ په‌تاكه‌ ‌و كه‌ره‌نتینكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی توشبوونیان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ لێده‌كرا، بۆیه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ نیوزله‌ندا یه‌كێك بێت له‌و وڵاتانه‌ی ئاینده‌یه‌كی گه‌شی هه‌بێت له‌ به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌دا.

سه‌رچاوه‌ : ئاژانسه‌كان

print

 45 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*