سەرەکی » راپۆرت » ماسك و ئامێری هه‌ناسه‌دان Mask VS Respirators

ماسك و ئامێری هه‌ناسه‌دان Mask VS Respirators

وه‌رگێڕانى له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: به‌هێز عوسمان ئیسماعیل*

ده‌ركه‌وتن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ چین و دواتریش بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌ زۆربه‌ى وڵاتانى جیهاندا، ترسێكى زۆرى له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا و بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك زیاتر گرنگیی به‌ سه‌لامه‌تیى خۆیان و كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریى له‌سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه‌ بده‌ن.

به‌م دواییانه‌ هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌ت و رێكخراوی ته‌ندروستیى جیهان WHO و كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا له‌و بواره‌دا، چه‌ندین پۆست و رێنمایی و زانیاریى گرنگیان له‌سه‌ر ڤایرۆسى كۆرۆنا و رێگه‌كانى خۆپاراستن بڵاوكرده‌وه‌.

یه‌كێك له‌ رێگه‌كانى خۆپاراستن له‌م ڤایرۆسه‌ بریتییه‌ له‌ به‌كارهێنانى “ماسك”.

ماسك وه‌ك یه‌كه‌م خاڵى به‌رگریی، یان رێگر داده‌نرێت، كه‌ وه‌ك فلته‌رێك كارده‌كات بۆ پاڵاوتن و گلدانه‌وه‌ى زۆربه‌ى ئه‌و ته‌نۆلكه‌ بچووكانه‌ى كه‌ له‌ هه‌وادا هه‌ن، وه‌ك تۆز و خۆڵ، به‌كتریا و ڤایرۆس و… هتد.

له‌م بابه‌ته‌دا باس له‌ ستاندارده‌ جیاوازه‌كانى ماسك و ئامێرى هه‌ناسه‌دان ( Respirators ) ده‌كه‌ین و مه‌به‌ستى به‌كارهێنانیان و جیاوازیی نێوانیان روون ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئێستا بۆته‌ هۆى مشتومڕێكى زۆر له‌ ناو خه‌ڵك و میدیاكاندا و لێره‌ و له‌وێ لێدوان و نووسینی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ راده‌گه‌یه‌ندرێت بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى وشه‌ى “ماسك” له‌ برى ئامێرى هه‌ناسه‌دان ( Respirators ) یش به‌كاردێت له‌ناو خه‌ڵكیدا، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ بزانین ماسك و ئامێرى هه‌ناسه‌دان چین؟ له‌ڕووى ته‌كنیكى و ئیشكردنه‌وه‌ جیاوازییان چییه‌؟

به‌كارهێنانى ماسك:

*ماسك به‌ شێوه‌یه‌كى شل رووپۆشى ده‌م و لوت ده‌كات و به‌ ته‌واوى دایان نا‌پۆشێت، به‌ ماناى ئه‌وه‌ى بۆشایی له‌ نێوان ده‌م و لوت له‌لایه‌ك و لێواره‌كانى ماسكه‌كه‌دا له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ، ده‌مێنێت.

*ئه‌م ماسكه‌ دروستكراوه‌ بۆ پاراستنى یه‌ك رێگه‌یى (one – way protection) ، واته‌ بۆ پاراستنى نه‌خۆشه‌ له‌هه‌ر ده‌رچوو و شله‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌م و لوتى به‌كارهێنه‌ره‌وه‌ (پزیشك و كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌) ده‌رده‌چێت.

*بۆ نموونه‌ له‌كاتى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییدا به‌كارده‌هێنرێت بۆ رێگرتن له‌ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و شله‌یه‌ی له‌ ئه‌نجامى كۆكه‌ و پژمین و… هتد له‌ پزیشك و ستافى نه‌خۆشخانه‌وه‌ بۆ سه‌ر نه‌خۆش بڵاوده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ ماسكى نه‌شته‌رگه‌ریى ناوده‌برێت.

*زۆربه‌ى جۆرى ماسكه‌كان تێكڕاى ئاستى سه‌لامه‌تیى پێویست دابین ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێن به‌ ئامێرى هه‌ناسه‌دان.

به‌كارهێنانى ئامێرى هه‌ناسه‌دان ( Respirators ):-

*ئامێرى هه‌ناسه‌دان ئامێرێكه‌ كه‌ به‌ ته‌واوى رووپۆشى ده‌م و لوت ده‌كه‌ن و هیچ كه‌لێنێك له‌ نێوان رووى پێستى ده‌موچاو له‌لایه‌ك و رووى لاكانى ئامێره‌كه‌ له‌لایه‌كى تره‌وه‌ نابێت هه‌بێت، ته‌نها له‌ رێگه‌ى فلته‌رێكى تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ دانراوه‌، هه‌ناسه‌ وه‌رده‌گیرێت و ده‌درێته‌وه‌.

*بۆ پاراستنى دوو رێگه‌یی دروستكراون (two – way protection) ، به‌ ماناى ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ هۆى پاراستنى به‌كارهێنه‌ر له‌ هه‌ر ته‌نۆلكه‌یه‌كى بچووك كه‌ له‌ هه‌وادا هه‌ن و له‌هه‌مان كاتدا رێگریش ده‌كات له‌ گواستنه‌وه‌ى ته‌نۆلكه‌ى زیانبه‌خشى وه‌ك ڤایرۆس له‌ كه‌سى تووشبوو بۆ كه‌سانى ته‌ندروست.

*ئامێرى هه‌ناسه‌دان (Respirators) له‌ڕووى تێكڕاى ئاستى سه‌لامه‌تى و پاراستنه‌وه‌ كاریگه‌رتر و سه‌لامه‌تتره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ماسكدا.

*ئامێرى هه‌ناسه‌دان له‌ بازاڕه‌كاندا به‌رده‌ستن له‌ شێوه‌ى Disposable, Half face, Full face .

 

ستاندارده‌كانى ئامێرى هه‌ناسه‌دان (Respirator Standards ):

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌كارهێنانى جۆره‌كانی ماسك به‌ ته‌واوى ره‌تناكرێته‌وه‌ و سوودى خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بووترێت كه‌ ماسكى نه‌شته‌رگه‌ریى، تواناى پاڵاوتن و گلدانه‌وه‌ى ته‌نۆلكه‌ى بچووكى وه‌ك ڤایرۆسی كه‌متره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئامێرى هه‌ناسه‌هه‌ڵكێش كه‌ كاریگه‌رتره‌ له‌ پاڵاوتنى ته‌نۆلكه‌ بچووكه‌كان.

بۆ رێگه‌گرتن، یان پاڵاوتنى ڤایرۆس پێویستمان به‌ به‌كارهێنانى جۆرێكی تایبه‌تی ئامێرى هه‌ناسه‌دانه‌. سه‌نته‌رى US بۆ كۆنترۆڵكردنى نه‌خۆشى ( CDC ) له‌ ئه‌مریكا، گه‌واهی بۆ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى جۆرى N95 ده‌دات و به‌وه‌ ده‌ستنیشانی كردووه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامێره‌ كاریگه‌ره‌ پارێزه‌ره‌كان كه‌ ئاماژه‌ى پێدراوه‌ له‌ COVID- 19 FAQ و له‌ SARS Guidance (سارسیش جۆرێكى هاوشێوه‌ى كۆرۆنا ڤایرۆسه‌)، كه‌ ئه‌م سه‌نته‌ره‌ پێشنیازى ئامێرى هه‌ناسه‌دانى جۆرى N95 یان ستاندارده‌ هاوشێوه‌كانى ترى وه‌ك FFP2, FFP3, N100 ده‌كه‌ن وه‌ك ئامێرێكى باوه‌ڕپێكراو و كاریگه‌ر بۆ خۆپاراستن له‌ كۆرۆنا ڤایرۆس.

باوترین جۆرى ئامێرى هه‌ناسه‌دان كه‌ مشتومڕى زۆرى له‌سه‌ر كراوه‌ بریتییه‌ له‌ N95 ، كه‌ ستانداردێكى ئه‌مریكییه‌ و له‌لایه‌ن NIOSH ( National Institute for Occupational Safety and Health ) سه‌رپه‌رشتیى ده‌كرێت كه‌ به‌شێكه‌ له‌ سه‌نته‌رى ئه‌مریكی بۆ كۆنترۆڵكردنى نه‌خۆشى.

ئه‌وروپا ئامێرى هه‌ناسه‌دانى “Filtering face piece ” به‌كارده‌هێنێت ، كه‌ كورتكراوه‌كه‌ى FFP-ه‌و ئه‌مه‌ش له‌ ستانداردى به‌ریتانى 149:2001 -ه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ له‌لایه‌ن (European Committee for Standardization)ه‌وه‌ پشتڕاست كراوه‌ته‌وه‌ و به‌كارده‌هێنرێت كه‌ جۆره‌كانى بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌ FFP1, FFP2, FFP3 .

وه‌ك له‌ خشته‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه‌، تواناى گلدانه‌وه‌ى ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ستانداردى به‌ریتانى جۆرى FFP2، هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ئه‌مریكى N95 كه‌ تواناكانیان %94 و %95 ن.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ تواناى پاڵاوتنى هه‌دوو ستانداردى به‌ریتانى و ئه‌مریكى FFP3و N100 ، ئاستیان نزیكه‌ له‌یه‌كترییه‌وه‌ كه‌ رێژه‌كانیان بریتین له‌ %99 و %99.97 بۆ ته‌نۆلكه‌ بچووكه‌كان كه‌ له‌ هه‌وادا هه‌ن.

پێویسته‌ ئاماژه‌ش به‌وه‌ بدرێت كه‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا تواناى چوونه‌ ناوه‌وه‌ى له‌شى مرۆڤى نییه‌ له‌ڕێگه‌ى پێسته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها له‌ رێگاى ده‌م و لوت و چاوه‌وه‌ داتوانێت بگوازرێته‌وه‌.

بۆیه‌ پزیشك و ستافى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌بینین له‌ كاتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانى تووشبوو به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا، چاویلكه‌ى تایبه‌ت به‌كارده‌هێنن له‌گه‌ڵ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى وه‌ك جۆره‌كانى FFP2و FFP3 یان N95 و N100 .

 

 

برانده‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانى ئامێرى هه‌ناسه‌دان و ماسك:-

*له‌ وڵاتێكى وه‌ك به‌ریتانیادا، سێ باشترین براندى باوه‌ڕپێكراو بریتین له‌ 3M ، JSP ، GVS كه‌ هه‌موویان هه‌ڵگرى نیشانه‌ى ( CE mark ) ن و ئامێری هه‌ناسه‌دانى پۆلێنى FFP پێشكه‌ش به‌ بازاڕه‌كان ده‌كه‌ن.

*به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ ئه‌مریكا، برانده‌كانى 3M و GVS باوه‌ڕپێكراون، كه‌ ئامێرى هه‌ناسه‌دانى جۆره‌كانى N95 و N100 پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكى ده‌كه‌ن.

*له‌ وڵاته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و به‌ریتانیاش، هه‌ر وڵاته‌ و چه‌ند براندێكى باوه‌ڕپێكراوی خۆیان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ چین ستانداردى LA یان هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كان:
http://• https://fastlifehacks.com/n95-vs-ffp/?fbclid=IwAR0v3JTmBIBuGIB32rgtfA0qQXweHhGjfeOdYhlGA4UONWsRkN0HpzXHXLU

https://www.cdc.gov/sars/clinical/respirators.html
• http://• https://www.cdc.gov/coronavirus/2019-ncov/faq.html

*بایۆلۆجى پێشكه‌وتوو له‌ ده‌سته‌ى كوردستانى بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی

print

 153 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*