سەرەکی » راپۆرت » جموجۆڵەكانی داعش

شرۆڤەی رۆژ

جموجۆڵەكانی داعش

هەواڵ و بەدواداچوون

هێرشەكانی شەوی رابردووتری داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ سەر چەند شوێن و خاڵێكی پشكنینی حەشدی شەعبـی و روبەڕوبونەوەی توند لەنێوان هەردوولادا، دەریدەخات كە ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە تێكشكانی خەلافەتەكەی لە موسڵ و شكستی یەكجاریی لە عیراق، سوودی لەو ماوە دوو ساڵییە وەرگرتۆتەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆی رێكبخاتەوە.

وتەبێژی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەبارەی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە، رایگەیاندووە «ئەوان زانیاریی تەواویان لەبارەی تیرۆریستانی داعش لەبەردەستە! و ئەوان بەو هەنگاوە و رەنگدانەوەی هێرشەكانیان لە راگەیاندنەكان، لە هەوڵی بەهێزكردنەوەی خۆیاندان».

هێرشەكەی داعش لە پارێزگای سەڵاحەدین، چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، یەكێکیان كاردانەوەی مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق. كازمی رایگەیاندووە «ئەو هێرشانەی داعش، پێویستی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی لایەنە سیاسییەكان بۆ زووتر هەنگاونان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زیاتر دەكات».

بەڵام هێرشەكانی داعش بەو بەرفراوانییە لەو پارێزگایەدا، ئاماژەیە بۆ خۆڕێكخستنەوەیەكی توندی ئەوان لە عیراق و نییەتی ئەوان بۆ دووبارە داگیركردنەوەی بەشێك لە خاكی ئەو وڵاتە.

لە رابردوو و ئێستاش، چەند هۆكارێك هەبوون بۆ ئەوەی پێمان وابێت داعش بەو ئاسانییە مەترسیی و تارمایی لە سەر عیراق لاناچێت، لەنێویاندا دەكرێت باس لە وێرانبوونی بەشێكی زۆری ناوچە سونییەكان بكەین كە تاوەكو ئێستا ئاوەداننەكراونەتەوە و ئاوارەكانیش نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، هەروەها مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبـی لە ناوچە سوننەكان، بە هۆكارێكی دیكە دەزانرێت.

هۆكارەكانی دیكەی وەك نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست و بەدەنگەوەنەچوونی حكومەتی عیراق بۆ گوێگرتن لە خواست و داواكاریی هاووڵاتیانی ناوچە سوننەنشینەكان، لە گرنگترین هۆكارە ناوخۆییەكانی بەهێزبوون و مانەوەی داعشن لەو ناوچانەدا، بەڵام لەسەر ئاستی دەرەكی ململانێی نێوان وڵاتان و دەستوەردانیان لە كاروباری ناوخۆی عیراق، بە هۆكاری سەرەكی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە عیراق دەزانرێت.

print

 279 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*