سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » کۆتای کەمینەکان لە کەمینی زۆرینەدا

کۆتای کەمینەکان لە کەمینی زۆرینەدا

وەک نەریت کەمینەکان لەگەڵ حکومەتن نەک ئۆپۆزسێۆن کە ھێشتا روون نییە کەی دەگەنە دەسەڵات؟ لەگەڵ سیاسەتی رەسمیین نەک میزاجی رای گشتی کە دەشێ بگۆڕێت . لەگەڵ حکومەتی مەرکەزین کە بریاری جەوھەری و یەکلاکەرەوە لای ئەوە، نەک لەگەڵ حکومەتە لۆکاڵی و کەنارەکان. چونکە بەمە خۆیان لە کەوتن و غلۆربوونەوە دەپارێزن و لە بەڵای ناگەھانی زۆرینەی ژمارەیی پارێزراو دەبن.

قبتییەکان لەگەڵ قاھیرەی پادشایی، ئینجا قاھیرەی عەسکەری ناسر و موبارەک و ئێستاش سیسین.

مەسیحییەکانی عێراق لەگەڵ بەغدابوون بە ھەموو جۆرەکانی بەغداوە . ئێزدی خۆیان لە ئێمە بە کوردتر دەزانن بەڵام وەک کەمینەی ئاینی لەناو کوردی سوننە و عێراقی شیعەدا حەز ناکەن بخرێنە بەردەم ئانە پانەوە و پێیان خۆشە ئارامی و جێگیری سیاسیی فەرھەنگی کوردانەیان بپارێزێ بێ داعش و بێ ھاڕینی توندی ناسیونالیستی و بێ مەزھەبێتی حوکم.

تورکمانی عێراق دوای سەد ساڵ دوورەپەرێزی و سیاسەتی موحافەزەکاری ، تازە بە تازە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن زەحمەتە لەمەشدا بچنە ناو وردەکاری سیاسەتی کوردییەوە و بەلای دۆستەکانی تورکیا داینەشکێنن.

بۆیە خۆپارێزی کەمینەکان لەناو سیاسەتی کوردستانیدا دەبێ شتێکی چاوەڕوان کراوبێت. ئەوان لەھەموو حاڵێکا لەگەڵ زۆرینەی ئیستقرار دەبن.

بەڵام ئەوەی جێی لۆمەیە لەدوا ھەڵوێستەکانی کەمینەکانی کوردستاندا بەکارھێنانیانە وەکو دەسکەلا لەدژی زۆرینە: زۆرینەی خەڵکی، زۆرینەی کتلە سیاسییەکان و زۆرینەی سەنگی نوێنەرەکانی گەل لە ناو پەرلەماندا.

دەبێ کەمینەکان خۆیان کۆتای خۆیان وەک سەنگی زێرین، نەک وەک دەنگی زۆر و بۆر، بپارێزن و لە ھەموو شتێکا بەکاری نەھێنن. ئەمە وا دەکات دەنگیان سواو بێ و سەنگی زۆر بەکارھێنراویان ژەنگ ھەڵبێنێ. دەنگی زێرینی کۆتا ئەمانەتێکی کەمینەکانە لای نوێنەرەکانیان و ھی ئەوەنییە سیاسەتی نزمی پێوەبکرێت. ھەتا ئەگەر کورسی کەمینەکان بارمەتی حزبی زۆرینەش بێت و فرەیی کەمینەکان بەم یاسای ھەڵبژاردنە زەردھەڵگەڕابێ.

چارەسەری ئەم دەرکەوتە تازەیەی دەنگی کەمینە وەک کەمینی راوکردنی زۆرینە بەکارھاتووە، بە دەستکاری یاسای ھەڵبژاردن و یاساکانی پەرلەمان دەبێت کە کۆتای کەمینەکانی خستۆتە بەر رەشەبای ململانێی سیاسی ناو زۆرینەکانەوە.

لەوەش گرنگتر حزب و لایەنە سیاسییەکانی تریش ئەلتەرناتیفیان ھەبێ بۆ کەیسی کەمینەکان تا ھەم فرەیی نوێنەرایەتی کەمینەکان لەگەڵ ناوەرۆکی کۆتای کەمینەکان جووت بێت و ھەمیش کەمینەکان لەدەست بارمەتیی سیاسیی کتلەی زۆرینە دەربازیان بێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ نۆی ئایار- سلێمانی

print

 579 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*