سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شێخ حسێنی خانەقا:جوامێری وەتەنپەروەر

چراکانی نیشتمان

شێخ حسێنی خانەقا:جوامێری وەتەنپەروەر

خەلیل عەبدوڵڵا

راسپێرم هەیە، گوێ‌ بگرە بەزەین
بچۆ خزمەت شێخ كاكە حوسەین
بڵێ‌: ئەی نووری دوو دیدەی نووری
نووری خەریكە بمرێ‌ لە دووری
(شێخ نووری شێخ ساڵح)

بنەماڵەی خانەقا، یەكێك لەبنەماڵە دیارو ناسراوەكانی شاری كەركوكن،ئەم بنەماڵەیە لە دوو سەدەی رابردوودا، خزمەتێكی زۆریان بەكایەكانی نیشتمانی‌و ئاینی‌و زانستی‌و ئەدەبی‌و رۆشنبیریی كوردستان كردووە، شوێن پەنجەیان لەو بوارانەدا دیارە‌و مێژوو بەشانازییەكی زۆرەوە تۆماری كردووە.

خانەقای كەركوك مەڵبەندێكی گەورەی ئاینی‌و زانستی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەدەبی‌و عیرفانی‌و نیشتمانی بووە.

خانەقای كەركوك بۆ یەكەمجار لەساڵی 1778 لەسەر دەستی شێخ قادری سوور، باپیرە گەورەی بنەماڵەی خانەقا دروستكراوە، سەرەتا بە مزگەوتی سەرا ناسراوە.

دواتر لەسەر فەرمانی سوڵتانی عوسمانی، مزگەوتەكە فراوان كراوە‌و پێشكەش بەبنەماڵەی سەردار كراوە، كە دواتر بە بنەماڵەی خانەقا ناسراون.
مەلای گەورەی كۆیە ئەو خانەقایەی بەسەفارەتی گەورەی كورد لەكەركوك وەسف كردووە.

ئەگەرچی ئەم بنەماڵەیە لەرووی بنەچەی ئاینییەوە سەر بەسەیدەكانی بەرزنجەن‌و ئەو سەیدانەش سەر بەتەریقەتی قادرین، بەڵام بنەماڵەی خانەقا سەر تەریقەتی نەقشبەندین،ئەوەش لەو كاتەوە بووە كە سەید ئەحمەدی سەردار باپیرە گەورەی ئەو بنەماڵەیە، لەسەر دەستی مەولانا خالیدی نەقشبەندی تەریقەتی نەقشەبەندی وەرگرتووە‌و ئەندامانی بنەماڵەكە لەسەری رۆیشتوون‌و پەیڕەویان كردووە.

ئەم بنەماڵە هێژایە، چەندین كەسایەتیی گەورەی تێدا هەڵكەوتووە‌و رۆڵی دیار‌و درەوشاوەیان لەمێژووی كوردستاندا هەبووە، ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە تیشك بخەمە سەر ژیان‌و كارەكانی، شێخ حسێنی خانەقایە.
شێخ حسێن كوڕی سەید ئەحمەدی خانەقایە.

كەسایەتییەكی گەورەی نیشتمانی‌و ئاینی‌و كۆمەڵایەتی بووە، لەدوای مردنی باوكی لەساڵی 1952 ئەركی بەڕێوەبردنی خانەقاكەی گرتۆ ئەستۆ.

شێخ حسێن ساڵی 1913 لەشاری كەركوك لەدایك بووە.

لەئامێزی خانەوادەی ناوداری خانەقادا گەورە‌و پەروەردە بووە.

هەر لەو شارە خراوەتە بەر خوێندنی ئاینی، دەرسە ئاینیەكانی لای مەلا تاهیر ئەفەندی خوێندووە.

زمان‌و ئەدەبی توركی‌و فارسی‌و عەرەبی لای مەلا سادق خوێندووە. خوێندكارێكی زیرەك‌و زرنگ بووە، شارەزایی لەبواری ئاینی‌و زمان‌و ئەدەبدا پەیدا كردووە‌و بایەخی زۆریشی بەزمان‌و ئەدەبی كوردی داوە‌و دۆستی نزیكی شاعیران‌و نووسەران بووە.

شێخ حسێن هەرزوو تێكەڵاوی دنیای سیاسەت بووە،لەحزبەكانی (هیوا‌و رزگاری‌و حزبی دیموكراتی كورد)دا خەباتی كردووە‌و رۆڵی دیاری هەبووە.

شێخ حسێن سەرسام بووە بەبیرو بۆچوونی هەقەكان، ماوەیەك كەركوكی بەجێهێشتووە‌و لەگەڵ ئەواندا ئیشی كردووە. ساڵی 1942 سەید ئەحمەدی خانەقا، داوای لەمستەفا قەرەداخی پارێزگاری ئەو كاتەی سلێمانی كردووە، كەهەوڵی گەڕانەوەی شێخ حسێنی كوڕی بۆ خانەقای كەركوك بۆ بدات، بۆ ئەوەی هاوكاریی لەبەڕێوەبردنی خانەقادا بكات.

ئیدی شێخ حسێن دەگەڕێتەوە خانەقا، لەدوای كۆچی دوایی باوكی لە ساڵی 1952،ئەركی تەواوی بەرێوەبردنی خانەقا دەگرێتە ئەستۆ.
شێخ حسێن كەسایەتیەكی گەورە‌و كاریگەر‌و خۆشەویستی خەڵك بوو، هەر بۆیەش لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا، بۆ دوو خولی پەرلەمانی بەنوێنەری كەركوك بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵبژێردراوە.

ئەندامێكی دڵسۆز‌و چالاك بووە‌و سەرسەختانە بەرگری لەمافەكانی گەلی كوردستان كردووە.

بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە‌و دوای شكستی شۆڕش، چۆتە ئێران‌و لەوێ‌ ماوەتەوە، تا هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران‌و روخانی شا لەساڵی 1979لەوێ‌ بووە. دواتر لەگەڵ مەلا جەمیل رۆژبەیانی گەڕاوەتەوە عیراق‌و لەشاری بەغدا نیشتەجێ‌ بووە. رژێمی بەعس رێگەی نەداوە بگەڕێتەوە كەركوك‌و خانەقاكەیان بەرێوە ببات.

دەستی تەعریب گەیشتبووە‌و خانەقا، رژێمی بەعس ناوەكەی لە خانەقاوە بۆ مزگەوتی قادسیە گۆڕی بوو، لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبرا. بەڵام ئەو تەعریب‌و ناو گۆڕینەوە بەس لەسەر كاغەز‌و دیوار بوو،خانەقا هەر بەپیرۆزی لەناو دڵی خەڵكدا مابۆوە.

شێخ حسێن پیاوێكی قسەخۆش‌و دەست‌و دڵ باش بوو، خانەقا لانەی هەژاران‌و غەریبان‌و لێقەوماوان بووە.

شوێنی خۆحەشاردانی سیاسیەكان بووە‌و چەندین كەسایەتیی وەك (هەمزە عەبدوڵڵا، عومەر دەبابە، مەلا ماتۆڕ) خۆیان لەو خانەقایەدا بەنهێنی شاردبۆوە‌و پارێزراو بوون.

خانەقا دەرگای واڵا بوو بۆ شاعیران‌و نووسەران‌و رووناكبیران، شێخ حوسێن پەیوەندی پتەوی لەگەڵ ئەواندا هەبووە.شاعیران بەشیعر هەستی حۆشەویستی خۆیان بۆ دەربڕیوە‌و بۆ مردنیشی بەشیعر شیوەنیان بۆ گێڕاوە.
پاش خزمەتێكی زۆر بەكایەكانی نیشتمانی‌و ئاینی‌و كۆمەڵایەتی‌و كەلتووری، رۆژی 24ی حوزەیرانی 1984، شێخ حسێنی خانەقا كۆچی دوایی كرد‌و چووە بەر دلۆڤانی خودا، لەناو خانەقای كەركوك بەخاكی نیشتمان سپێردرا.
دروودی رێز‌و وەفا بۆ گیان پاكی شێخ حسێنی خانەقای ئاینپەروەر‌و دڵسۆزی گەل‌و نیشتمان.

print

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*