سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » كازمی لە نێوان سێ رۆژ و سەد رۆژدا

كازمی لە نێوان سێ رۆژ و سەد رۆژدا

سێ رۆژی سەرەتای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق، بە رووكەش هەنگاوەكانی باش و دڵخۆشكەرە، بەڵام بۆ هەر كەس ئەو هەنگاوانە جودایی كازمی لێبخوێنێتەوە بە بەراورد بە سەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو، ئەوا بۆ منێكی رۆژنامەنووس كە هەمیشە پێموایە پیشەی رۆژنامەنووسی واتە «گومان لە كۆی رووداو و پێشهاتەكان» ئەوەندە بە ئاسانی ئەم جووڵە و دەستپێكە باشەی كازمی ئۆكەی ناكەم.

مستەفا كازمی لە سێ رۆژی دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی چەند جووڵەیەكی كردووە كە هەموویان كاری باشن و دڵخۆشكەرن، لەوانە:

یەكەم: بڕیاری دا بە كێوماڵكردنێكی چڕی پاشماوەكانی داعش لە هەندێك لە ناوچەكانی عیراق و توانی لەو پرۆسەیەدا ژمارەیەكی باش پاشماوەی داعش لەناو ببات، ئەم هەنگاوە كارێكی باشە و نكۆڵی لێ ناكرێت.

دووەم: دواتر مستەفا كازمی لە سەردانێكیدا فەرمانگەیەكی خانەنشینی لە بەغدا بەسەر كردەوە و ئەوەبوو لە ڤیدیۆیەكی بڵاوكراوەدا بینیمان تەلەفۆن بۆ «عیماد»ی برای دەكات و پێی دەڵێت: تۆ برا گەورەی منی، بەڵام نابێت پۆستەكەی من بۆ خزمەتكردنی خۆت بەكاربهێنیت.

سێیەم: مستەفا كازمی لە كارێكی تریدا تەواوی حكومەتەكەی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی خانەنشین كرد، ئەگەرچی ئەم هەنگاوە لە رووی داراییەوە لەسەر وڵات دەكەوێت، بەڵام كازمی بەم هەنگاوە تەواوی دەستی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە حكومەتەكەی خۆی دوورخستەوە.

چوارەم: یەكێكی تر لە كارەكانی كازمی ئەوەیە كە لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆئەوەی هەرچی زووە دەستوبرد بكرێت بۆ دیاریكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەم هەنگاوانە بۆ دەستپێكێكی گۆڕانكاری بن، یاخود وەك مانگی یەكەمی هەموو سەرۆك وەزیرانەكانی عیراق بن كە لە مانگی یەكەمیاندا بە گەرم و گوڕی دەردەكەون و دواتر ون دەبن، ئەوا هێشتا دەبێت بە گومان و چاوەڕوان بین بۆ داهاتووی مستەفا كازمی كە كار بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ دەكات و دوور نییە ئەم جووڵانە هەنگاوی یەكەم بن بۆ گەیشتن بە ویلایەتی دووەمیش لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بەڵام گومانەكە هەر ئەوەندە نییە كە كازمی چۆن دەتوانێت خۆی بگەیەنێتە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا، چونكە خۆپیشاندانەكانی عیراق و دەنگە ناڕازییەكانی شەقامی عیراقی و هێزە سیاسییە بەهێزەكانی شیعەش كە دەنگیان بە كابینەكەی كازمی نەداوە پەیامی توندیان بۆ كازمی ناردووە. موقتەدا سەدر پێش هەر لایەنێك بە یار و نەیارەكانی كازمی رایگەیاند: ئەوان تەنها مۆڵەتی «سەد رۆژ» بە مستەفا كازمی دەدەن بۆ گۆڕانكاریی گەورە و خزمەتی زۆر بە عیراق، ئەگینا ئەویش لە پۆستەكەی دوور دەخەنەوە.

ئەوەی لەم پەیامەی سەدر دەخوێنرێتەوە باش نییە بە بەراورد بەو سێ رۆژەی سەرەتای دەستبەكاربوونی كازمی، چونكە حەقیقەت ئەوەیە كە لەعیراقدا و لەناو ئەو دابەشبوونەی حكومەتەكەی كازمی تێكەوتووە، پێناچێت ئاوی ئاشی كازمی بەدەستەوە بێت بۆ گۆڕانكاری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زۆر، چونكە پانتایی بۆ خزمەتگوزارییەكان لە عیراقدا بە بەراورد بە هەر وڵاتێكی دیكە، كەم و ماوە تەسكە، بۆیە دەبێت ئەوە بزانین كە دوورخستنەوەی سەرۆك وەزیرانێك بە سەرۆكێكی نوێ مانای گۆڕانكاری نییە، تاكو سەرۆك وەزیرانی نوێ ئەم عیراقە لە قۆناغێكەوە بباتە قۆناغێكی نوێ، كەواتە ئێستا واقیعی كازمی لە نێوان سێ رۆژی دەستبەكاربوون و ئەو سەد رۆژەدا كە موقتەدا سەدر بۆی داناوە، ون و ناڕوونە. ئایا كازمی دەتوانێت سێ رۆژەكەی درێژبكاتەوە بۆ سێ مانگ، یان ئەویش هاوشێوەی عەبادی و عەبدولمەهدی رووبەڕووی دۆخێك دەبێتەوە لە عیراقدا كە خۆی ناچار ببێت بڕوات و پۆستەكەی جێبهێڵیت؟

وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە نە لە دەستپێكەكەی مستەفا كازمیدا هەڵدەگۆزین و نە لە روانگەی هەموو ئەو سەرۆك وەزیرانانەشەوە كە ماڵئاواییان لە پۆستەكانیان كرد لە عیراق، بەڵكو لە واقیعدا وەڵامەكە دوای سەد رۆژەكەی موقتەدا سەدرە.

تاكو ئەوكات چاوەڕێ دەبین بزانین دیمەنەكە چۆن دەبێت، ئەگەر ئێمەش تەمەن رێگەی پێداین شتێكی دیكە لەو بارەیەوە دەڵێین.

print

 335 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*