سەرەکی » ئاراستە » گوندی‌ جه‌له‌مۆرد،نیشتمانی‌ ئه‌نفالكراو

گوندی‌ جه‌له‌مۆرد،نیشتمانی‌ ئه‌نفالكراو

حه‌سه‌ن مه‌لا

جه‌له‌مۆرد یه‌كێكه‌ له‌و گوندانه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ چیای‌ خاڵخان، سه‌ربه‌ شاره‌دێی‌ ئاغجه‌له‌ر سه‌ربه‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ، لێره‌دا وێنه‌ی‌ به‌شێك له‌ مێژووی‌ هه‌مه‌ لایه‌نه‌كانی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد هه‌ڵده‌دینه‌وه‌ وێنه‌ی‌ ئه‌و كۆژانانه‌ی‌ وه‌ك شه‌ونم هێشتا به‌ ڕوومه‌تی‌ ئه‌و جێماوانه‌وه‌ ده‌بینرێت

مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ گونده‌كه‌
مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ ئه‌م گونده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانی‌ (1800) ی‌ زاینی‌ سه‌ره‌تا چه‌ند كه‌سێك به‌هۆكاری‌ بوونی‌ ئاو و داری‌ جۆر به‌جۆر له‌وێ‌ نیشته‌جێ ده‌بن و ئاوه‌دانی‌ ده‌خه‌نه‌ ئاواییه‌كه‌.

ناوی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد
ناوی‌ جه‌له‌مۆرد به‌قسه‌ی‌ دانیشتوان و هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان به‌ دوو واتا دێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ ڕووی‌ زمان و واتاوه‌ واتای‌ خۆی‌ ده‌گه‌یه‌نێت،
جه‌له‌مۆرد ناوێكی‌ لێكدراوه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ ( جه‌له‌ + مۆرد) جه‌له‌: به‌ مانای‌ ملوانكه‌ دێت، بامێ‌ و بیبه‌ر و هه‌رمێ‌ و میوه‌ی‌ تر له‌ وه‌رزی‌ خۆیاندا بۆ وشككردنه‌وه‌یان ئه‌كرا به‌ په‌ته‌وه‌ و هه‌ڵئه‌واسرێن و پێیان ئه‌وترێ‌ (جه‌له‌، به‌ مانای‌ ڕیزیش دێت) وه‌ك «ڕێزه‌دار، ڕیزه‌ ماڵ ، ریزه‌ مۆرد» گونده‌كه‌ش ناوی‌ توركییه‌ و هه‌ر به‌ ناوی‌ مۆرده‌كانه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ مانای‌ ڕیز و مۆرده‌وه‌ دێت، شایانی‌ باسه‌ چه‌ندین ناوی‌ گوند به‌ ناوی‌ مۆرده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ گوندو ناحیه‌ و پاریزگا جیاوازه‌كان.
وه‌كو ئه‌م گوندانه‌ « مۆردكه‌ – ی‌ به‌مۆ ، بانی‌ مۆرد له‌ ناحیه‌ی‌ سه‌نگاو، مۆردین له‌ پاریزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌، مۆردانه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ جباری‌، مۆرد_ ی‌ ناو شوان، گوندی‌ جه‌له‌مۆرد «.

جوگرافی‌ای‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد
ئه‌م گونده‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان گونده‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ شوان و شێخ بزێنی‌ یه‌وه‌و، له‌ بناری‌ چیای‌ خاڵخاڵان له‌رووی‌ ئیداریه‌وه‌ سه‌ربه‌ ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ره‌ به‌ دووری‌ 38 كم خۆرئاوای‌ ناحیه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر و 70 كم باكوری‌ شاری‌ چه‌مچه‌مال و 90 كم خۆرئاوای‌ شاری‌ سلێمانی‌، له‌ پێش پرۆسه‌ی‌ ته‌عریب و گۆرینی‌ دیمۆگرافیای‌ سه‌ربه‌ پاریزگای‌ كه‌ركوك بوو، گوندی‌ جه‌له‌مۆرد هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ گونده‌كانی‌ توته‌قل له‌ باكوریه‌وه‌ و سه‌رجنارو شێخان ڕۆژهه‌ڵاتی‌ و مام ڵێسی‌ و داره‌ قوته‌ باشورێتی‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌گونده‌كانی‌ چۆقلیجه‌ مۆرد خوارده‌ی‌ سه‌رو.

جه‌له‌مۆرد له‌ ڕووی‌ خوێنده‌واریه‌وه‌
گوندی‌ جه‌له‌مۆرد ده‌مێك كه‌سانی‌ خوێنده‌وار و ڕۆشنبیریان تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، دانیشتوانی‌ گوند فه‌زڵی‌ خوێنده‌واری‌ و به‌ره‌وپێشچوونیان ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك مامۆستای‌ ئاینی‌ له‌وانه‌ مه‌لا مسته‌فای‌ گه‌وره‌ی‌ جه‌له‌مۆرد و مه‌لا محمد شه‌ل و مه‌لا عه‌بدوڵڵا جه‌له‌مۆردی‌ و مه‌لا عومه‌ر و مه‌لا عزیز و مه‌لا وه‌یسی‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ عوسمانیه‌كاندا له‌شاری‌ كه‌ركوك 12 ساڵ خزمه‌تی‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌لا مسته‌فا به‌ر تاوانی‌ ئه‌نفال كه‌وت له‌گه‌ڵ چه‌ندین مامۆستای‌ ئاینی‌ تر .

هه‌روه‌ها له‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌كان هه‌ر له‌ ساڵی‌ 1977 به‌ دواوه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ مامۆستا عه‌بدولره‌زاق و مامۆستا فاروق و مامۆستا برایم له‌سه‌رده‌می‌ شۆرش و هه‌ڵگرتن و قه‌دغه‌كردن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ قوتابخانه‌كان هه‌ر یه‌ك له‌ مامۆستایان مامۆستا عه‌لی‌ و مامۆستا ته‌حسین و مامۆستا شه‌رمن نه‌یانهێشت چرای‌ زانست له‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد بكوژێته‌وه‌ تا كاتی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفالی‌ كوردكوژیی‌ 80 هه‌شتا منداڵی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد بیر و هۆشیان به‌ زانست و كوردایه‌تی‌ فراوان ده‌كرد.

گوندی‌ جه‌له‌مۆرد له‌ بواری‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌وه‌
دانیشتوانی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد به‌ گشتی‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ باب دابه‌ش بوون له‌ به‌ره‌بابی‌ مه‌لا و به‌ربایی‌ حه‌باب هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ ئاوه‌دانی‌ دانیشتوانی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد خه‌ریكی‌ دروستكردنی‌ خه‌لوز بوونه‌ له‌ چیای‌ خاڵخاڵان، به‌قسه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و گونده‌ دواتر ده‌ستیان كرد به‌ پیشه‌ی‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری‌، گوندی‌ جه‌له‌مۆرد خاوه‌نی‌ دوو هه‌زار و پێنج سه‌د دۆنم زه‌وییه‌وه‌و له‌وانه‌ش په‌نجا دۆنمیان به‌راوه‌، پێشی‌ تاوانی‌ ئه‌نفال دانیشتوانی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد بۆ بژێوی‌ ژیانیان كاری‌ باخداری‌ و میوه‌ و سه‌وزه‌واتیان كردووه‌، یه‌كێك له‌و به‌روبوومانه‌ی‌ تا ئێستاش وه‌ك بژێوی‌ و ئابووری‌ و خۆژێنی‌ زۆر پێوه‌ی‌ ماندوو ده‌بن مۆرده‌
مۆرد ڕووه‌كێكی‌ خۆڕسكی‌ بنجكداره‌ له‌ شێوه‌ی‌ ژاڵه‌و ته‌روو، گه‌ڵایه‌كی‌ وردی‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ نینۆكێك ده‌گرێ‌، به‌ره‌كه‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ گۆیژه‌، مۆرد ره‌نگی‌ سوورو ڕه‌شیشی‌ هه‌یه‌، گه‌ڵا و گوڵ و قه‌ده‌كه‌ی‌ به‌ تام و بۆیه‌كی‌ خۆشی‌ هه‌یه‌، به‌ كاڵی‌ ده‌خورێ‌ و ده‌كرێته‌ناو چاییه‌وه‌، هاوشێوه‌ی‌ حێل و دار چینی‌ تامێكی‌ خۆش ئه‌داته‌ چایه‌كه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ش مۆرد ده‌خورێت بۆ شه‌ونشینی‌، له‌ ڕووی‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌نێوان خۆیاندا زۆر به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ژیاون و پێش تاوانی‌ ئه‌نفال زۆر دڵخۆش بوون، هاوكاری‌ یه‌كتربوونه‌، دانیشتویه‌كی‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد ده‌ڵێت جارانی‌ خه‌ڵك له‌ جه‌له‌مۆرده‌وه‌ بۆ كاروانی‌ چوونه‌ بۆ كه‌ركوك و چه‌ندین شه‌و له‌خان ده‌مانه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر كه‌ركوك چوونه‌ بۆ شوێنه‌كانی‌ تریش.

گوندی‌ جه‌له‌مۆرد له‌ بواری‌ جینۆساید
گوندی‌ جه‌له‌مۆرد به‌هۆی‌ دڵگیری‌ شوێنه‌كه‌ی‌ و پێگه‌ی‌ جوگرافیه‌كه‌ی‌ له‌ بناری‌ خاڵخاڵان هه‌موو ساتێك به‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ شۆرش و بزوتنه‌وه‌ كوردییه‌كان دانراوه‌. هه‌ر له‌ شۆڕشه‌كانی كورده‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ ساڵی‌ 1961 له‌وانه‌ « مه‌ولود حه‌مه‌ ساڵح و ستار غه‌فورو عه‌بدوڵا ره‌شیدو زۆریتر به‌قسه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ زیاتر له‌ 30 كه‌س ده‌بوون.

گوندی‌ جه‌له‌مۆرد وه‌ك سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ تر به‌ر شاڵاوی‌ عه‌ره‌ب و به‌عسیه‌كان ده‌كه‌ون له‌ساڵی‌ 1963 له‌لایه‌ن به‌عسیه‌كانه‌وه‌ كاول كراوه‌ و هه‌موو سووتاوه‌ له‌ ساڵی‌ 1975 جارێكی‌ تر ڕوو به‌ ڕووی‌ سوتان و كاولكاری‌ دووژمنانی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌بنه‌وه‌، گونده‌كه‌یان خاپور ده‌بێت به‌ڵام دووباره‌ و سه‌دان باره‌ ئاوه‌دانی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گه‌له‌كه‌ماندا چه‌ندین كه‌سیان چه‌كی‌ شه‌ره‌فی‌ كوردایه‌تی‌ ده‌كه‌نه‌ شان، پێشمه‌رگه‌كانی‌ تیپی كه‌رتی‌ 1 ی‌ تیپی‌ 21 كه‌ركوك و تیپه‌كانی‌ خاڵخاڵان …. هتد بێت، مه‌ڵبه‌ندی‌ حه‌وانه‌وه‌و چالاكی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌.

له‌ به‌رواری‌ 3 ی‌ 5ی 1988 سوپای‌ به‌عس له‌ ئه‌نجامی‌ جینۆسایدی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ ژێر ده‌روشمی‌ ناوی‌ ئه‌نفال له‌ قۆناغی‌ چواری‌ ئه‌نفال به‌سه‌ر په‌رشتی‌ تاونبار لیوا روكن سوڵتان هاشم بوو حكومه‌ت به‌عس بۆ ترساندن و له‌ناوبردنی‌ خه‌ڵكی‌ گونده‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ چه‌كی‌ كیمیایی‌ ده‌ستی‌ كرد به‌ ئه‌نفالی‌ قۆناغی‌ چوار له‌ ناوچه‌كانی‌ ئه‌غجه‌له‌ر و ناوشوان و چه‌می‌ رێزان، ده‌شتی‌ كۆیه‌، ته‌قته‌ق سوپا له‌ ماوه‌ی 12 ڕۆژدا واتا له‌ 3 ی‌ 5 بۆ 15 / 1988 ته‌نها له‌ ناوچه‌ی‌ ئاغجه‌له‌ر (67) گوند (2813 ) خانوو ( 14864) كه‌سی‌ تێدا ژیاوه‌.

له‌ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد به‌پێی‌ ئاماری‌ نافه‌ره‌می‌ ساڵی‌ 1988 به‌ته‌نها گوندی‌ جه‌له‌مۆرد ( 800) هه‌روه‌ها نزیكی‌ ( 140) ماڵێك هه‌بوو، له‌ ساتی‌ په‌لاماره‌ی‌ ئه‌نفال بۆ گوندی‌ جه‌له‌مۆرد خه‌ڵكی‌ گوند له‌ ده‌وروبه‌ری‌ چه‌می‌ بابه‌ ڕوشه‌ و هه‌زاركانی‌ خه‌ڵك دابه‌شبوون بۆ خۆ حه‌شاردان، دوای‌ دوو ڕۆژ له‌خۆ حه‌شاردان كه‌وتنه‌به‌ر ڕقی‌ سوپای‌ به‌عس نزیكی‌ 400 كه‌س به‌ر شاڵاوی‌ ئه‌نفال كه‌وتن، ئه‌وی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ له‌و ژماره‌یه‌ ( 244) كه‌سیان ته‌مه‌نیان به‌ره‌و خوار پێی‌ گه‌یشتن واتا له‌ ته‌مه‌نیان منداڵ و مێرد منداڵ بوونه‌ له‌ساڵی‌ له‌ساڵی‌ 1992 دوباره‌ ئاوه‌دانه‌ كراوته‌وه‌.

print

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*