سەرەکی » راپۆرت » شۆڕشی نوێ لە بادینانەوە دەستیپێکردپەڕە 3

شۆڕشی نوێ لە بادینانەوە دەستیپێکرد

بەشی هەواڵ و بەدواداچوون

هەر لە سەرتای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە ساڵی 1975دا، بیر لەوە کرابۆوە لە دروستکردنەوەی دەستەی چەکداردا بارەگا لە بادینان دابنرێت و لەوێوە سەرکرایەتی شۆڕشەکە بکرێت، چونکە بادینان ناوچەیەکی ستراتیژی و گرنگی جیۆپۆلەتیکی هەبوو، هەر بۆیە کە جاڕی شۆڕشی نوێ درا لە 1/6/1976، دەستەی دامەزرێنەر کە لە دەرەوەی وڵات بوون، ئاگاداری هەڤاڵانی ناوەوەی وڵاتیان کرد مەفرەی چەکدار لە ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک بنێرنە شاخ، خۆشیان لە سوریاوە چوار مەفرەزەی تەیارکراو بە چەک و پێداویستی پێشمەرگایەتییەوە کە زۆربەیان خەڵکی بادینان و هەندێکیشیان خەڵکی ناوچەکانی موسڵ بوون، بەسەرکردایەتی نەقیبی ئەندازیار ناردەوە ناوچەکانی بادینان.

پێشمەرگەکان کە ژمارەیان 37 کەس بوو، کران بە چوار مەفرەزەوە، هەریەک لە برایم عەزۆ، عیزەت ئیسماعیل شەنگاری، عومەر ئیبراهیم رەشید و عەبدولجەبار مەلاغەنی سندی فەرماندەی مەفرەزەکان بوون، بەزوویی گەیشتنە ناوچەکانی بادینان، سەرەتا لە نزیک رووباری (هیزل) لە سەروو زاخۆوە یەکیان گرتەوە، کۆبوونەوەیەکیان کردو ئیش و کارەکان دیاریکران، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان هەر چوار مەفرەزەکە دابەشکران بەسەر ناوچەکانی دهۆک، ئامێدی و زاخۆ دا.

ئیتر هەر مەفرەزە و گەیشتە شوێنی خۆی و دەستیانکرد بە چالاکی سیاسی و پێشمەرگەیی، مژدەی سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەکدارییان دابەگوێی خەڵکیدا، پەیوەندی باشیان لەگەڵ زۆرکەسی گوند و شارەکان دروستکرد، خەڵکیش بە تامەزرۆییەوە لێان دەڕوانین و هاوکارییان دەکردن.

دوای ئەوەش ژمارەیەک لە پێشمەرگە و فەرماندە و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ی.ن.ک هەر لە ساڵی 1976دا لە سوریاوە هاتنەوە ناو وڵات و لە ناوچەی سێ سنووری تورکیا، سوریا، عیراق لە گوندی ( دێرک) بارەگایان دانا و کەوتنە چالاکی و بەرنامەی هێنانی چەک و تەقەمەنی بۆ شۆڕشی نوێ.

هاوکات کە پێشمەرگەکانی بادینان لە ناوچەکانی بادینان کەتنە چالاکی و خەڵکێکی زۆریان لێ کۆببۆوە، چەکدارانی قیادە موەقەتە کە لە ئێران بوون و وازیان لە خەباتی شاخ و چەکداری هێنابوو، بۆ دژایەتی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە بادینان کەتنە خۆ و بە پەلە چوونە ئەو ناوچانە.

ئەڵبەت حکومەتەکانی تورکیاو ئێران ئاگاداری ئەو هەنگاوانەی قیادە موەقەتە بوون و رێگەیاندان بەناو خاکی ئەواندا بگەنە بادینان و دەوڵەتی عیراقیش کە لەمەرامیان گەیشتبوو، رێگری لێنەدەکرن و چاوپۆشی لە هەر جم و جوڵیان دەکرد.

ئەوانیش هەرکە گەیشتن خەڵکی گوندەکانی تورکیا و سەر سنووریان لێهاندان گوایا پێشمەرگەکانی یەکێتی بەفیتی حکومەتی عیراق دەیانەوێ شۆڕشی کورد تێک بدەن.

لەکاتەدا پێشمەرگەی یەکێتی شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساندبۆوە، بەنهێنی و خۆپارێزییەکەی زۆرەوە لە ناوچەکانی کوردستانی ژێر دەستی تورکیان و لەناوچەی بادینان جموجوڵیان دەکرد، بەڵام تاقمی قیادە موەقەتە ئازادی تەواویان هەبوو.

قیادە موەقەتە هانی خەڵکی گوندەکانیان دا تا لە هاوکاری کردنی پێشمەرگانی یەکێتی ساردیان بکەنەوە، تەنانەت وتبوویان ئەگەر هاتنە گوندەکانتان بیانگرن یان بیانکوژن چەک و کەل و پەلیان بۆ ئێوە و سەریشیان بۆ ئێمە.

چەکدارانی قیادە موەقەتە خۆشیان کەوتنە شوێنهەڵگرتنی مەفرەزەکانی بادینان و لەهەر کوێ توشیان ببوونایە گێچەڵیان پێدەکردن.

سەرەنجام پیلانەکەی قیادە موەقەتە بەوە سەری گرت کە خەڵکی گوندەکانی سەر سنوور لە رێگەی میوانداری کردن و دۆستایەتییەوە سێ لە مەفرەی پێشمەرگەکانی یەکێتییان خستە داوەوە، ماڵ درا بەخەڵکی گوندەکان و سەریش بۆ قیادە موەقەتە بوو.

مەفرەزەی چوارەمیش لە لایەن چەکدارانی قیادە موەقەتەوە غافڵگیرکرا و بەناهەق وەک هەر سێ مەفرەزەکەی تر، شەهیدکران.

ئەو ماوەیەی مەفرەزەکانی یەکێتی لە ناوچەی بادینان جەولەیان دەکرد، بەهۆی پەیوەندی زۆریانەوە بە خەڵکەوە و هەڵسوکەوتی پەسەند و رەوشتی بەرزو ئاستی هۆشیارییانەوە، خەڵکێی زۆریان لێ کۆببۆوە و شۆڕشی نوێ لە گەشەکردنێکی بەرچاودابوو لەو ناوچەیە، هەروەها پەیوەندیشیان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لە سلێمانی دامەزراندبوو، ئیتر لە بادینانەوە ئاسۆیەکی گەش رووی لە کوردستان کردبوو، بەڵام تاوانەکانی قیادە موەقەتە تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتنەکانی شۆڕشی نوێیان دواخست، لە بەرامبەردا خۆشیان نەک نەیانتوانی شۆڕش بەرپا بکەنەوە، بەڵکو رێگرییان لە شۆڕشگێڕە نوێیەکان دەکرد.

یەکێتی خاوەنی دەیان شەهیدە لەناوچەی بادینان، کە زۆربەیان سەرکردە و فەرماندەو کادری سیاسی بەتوانابوون، هەمووشیان کەسانی ئازا بوون و بە بیروباوەڕی کوردانەی یەکێتییانەوە سەری بەرزیان بە خاک سپارد.

ئێستاش سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی سەرکوتکردن، جەماوەری یەکێتی لەناوچەکانی بادینان بەگشتی و دهۆک بەتایبەتی رەقەمێکی گەورەیە و یەکێتی بەجێگەی ئومێد و بە ئەو کەلەی دەبینن کە ئاسۆی ئازادیی یەکجارەکی کورد و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لێیەوە هەڵدێ.

print

 921 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*