سەرەکی » وتار » هەنگاوێک لەپێناوی کەرکوکدا

هەنگاوێک لەپێناوی کەرکوکدا

مامۆستا حەسیبە عەبدوڵڵا*

گەڕانەوە بۆ سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام بۆ خزمەتکردنی کوردایەتیی کە پرسی کەرکوک بە ترۆپکی ئەو پرسە ئەژمار کراوە و دەکرێت، پێویستی بە هەوڵی شێلگیرانە و هەنگاوی بوێرانەش هەیە.

پێدەچێت کەسانێک هەبن بپرسن نزیکبوونەوە لە پێکهاتەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک لەم قۆناغەدا چەندە هەنگاوێکی راست و دروستە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە بڵێین بەڵێ هەنگاوێکی ئەرێنییە، چونکە ئێستا دوای چوارەمین کۆنگرەیە و کەرکوکیش پێویستی بە هەنگاوی لەو جۆرەیە. هەر هەوڵێک کە نێوانی پێکهاتەکانی کەرکوک نزیک بکاتەوە کارێکی باشە. ئێمەش ناڵێین لە سایەی هەوڵێکی لەو جۆرەدا گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە رەوشی ئێستای کەرکوکدا دێتە ئاراوە، بەڵام نزیکبوونەوەی کورد و عەرەبی سوننە لانی کەم لە بیری توندڕەویی ئەوان کەم دەکاتەوە.

کورد لەم قۆناغەدا لە کەرکوک پێویستی بەجۆرێک لە ئارامییە، پێویستی بەوەیە لانیکەم عەرەبی سوننە دەغڵ و دانی جووتیارانی کورد نەسوتێنن. پەلاماری زەوی و زاری کشتوکاڵیمان نەدەن، کار بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕەویی داعشییانە دەرهەق بەکورد نەکەن. ئەمانە و چەندین فاکتەری تر ئەوە دەخوازن کورد لە کەرکوک لە پێکهاتەی عەرەبی سوننە نزیکبکەوێتەوە.

ناکرێت دیمەنی ئەمڕۆی خۆشی سەر سیمای لێپرسراوو سەرۆک هۆز و لایەنە سیاسییەکانی سوننە لەبەرچاو نەگیرێت کە چەندە دڵخۆش بوون بە دەستێشخەرییەکەی یەکێتی و مەڵبەندی کەرکوک، بە رادەستکردنەوەی ژمارەیەک لە گیراوەکانیان کە لەزیندانەکانی هەرێمدابوون  بە ئیدارەی کەرکوک.

لێرەدا نابێت ئەوەش بەدوور بزانین کە ئەو هەنگاوە هەندێک لایەنی سیاسی و دەسەڵاتداری ناو حکومەتی هەرێم تووشی شۆک نەکات و هەر ئاوا بێ رەخنە و توانجی ئەو لێپرسراوانە بەدوور بێت، بەتایبەتی کە ئەوانە هەندێکیان بە تەواوەتی دەستیان لە کەرکوک هەڵگرتووە و بە تەنگ خەمی کەرکوکییەکانەوە نین و تەنها دێن رەخنەی لێ دەگرن و بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیاکانیشیان دەخەنەکار بۆ هێرش کردنە سەر ئەو هەنگاوە.

لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە رادەستکردنەوەی چەند گیراوێکی عەرەبی سوننە بە ئیدارەی کەرکوک دەکرێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی نیوان کورد و عەرەب لە کەرکوک هەڵبداتەوە، بەتایبەتی کە کورد لە ساڵانی رابردوو سوودی لە ناکۆکی لەگەڵ هیچکام  لە پێکهاتەکانی کەرکوک وەرنەگرتووە.

*بەرپرسی بۆردی پێکهاتەکان  لە مەکتەبی کۆمەڵایەتی

print

 309 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*