سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » تێکۆشەرە دێرینەکان، شەهیدانی زیندوون

تێکۆشەرە دێرینەکان، شەهیدانی زیندوون

مەرج نییە تێکۆشەرە دێرینەکان هەر ئەوانە بن کە لە شاخ خەباتیان کردووە، یان تەنها ئەوانە بن کە چەکیان هەڵگرتووە، بەڵکو مەبەستمان لە تێکۆشەرە دێرینەکان هەموو ئەو پاڵەوانانەن کە چ لە شار بووبن یان لەشاخ، لە زیندان بووبن یان لە تاراوگە، کادری سیاسی بووبن یان کادری سەربازیی و پێشمەرگەیی، هەموویان بەجۆرێک لە جۆرەکان تێکۆشاون و لە بەرامبەر رژێمێکدا وەستاونەتەوە کە هەندێک جار گێڕانەوەی خەونی شەوانە سزای لەسەربووە چ جای خەون بینین بە ئازادیی و خەباتکردن بۆ ئازادییەوە.

دیارە لێرەدا ئەرکی ئێمە نییە کە سەنگ و خەبات و قوربانیدانی هیچ هێز و لایەنێک بەکەم بزانین یان نادیدەی بگرین، بەڵام مافی رەوای یەکێتییەکانە کە لە ٤٥- ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیاندا شانازیی تێکۆشەرە دێرینەکانیانەوە بکەن، بەتایبەتی کە یەکێتی مێژووی هاوچەرخ گەواهی بۆ دەدات کە لە ٤٥ ساڵی رابردوودا تێکۆشەرەکانی لە قوربانیداندا رکابەریان نەبووە، هەر لە سەنگەرەکانی بەرگریی و مقاوەمەتی چەکداریی و خەباتی پێشمەرگەیی، خەبات و قوربانیدان لە کایە سیاسییەکە و پەرەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و کۆبوونەوەی زۆرترین تێکۆشەری رووناکبیری هەڵکەوتوو لە دەوری بەرنامە و رێبازەکەی، هەروەک لە ناو کایەی زیندان و بەرگەگرتنی ئەشکەنجە و دانبەخۆداگرتن و نهێنی نەدرکاندندا نەک بێ رکابەربوون، بەڵکو بوونە مەدرەسەی داهێنانی رێبازی نوێی خەباتی ناو زیندان و گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی لەلایەن ئەو تێکۆشەرانەوە کە بەرپرسیارێتییان گەورەتر بووە و زەقترین خاڵی گەشی خەباتی زیندانیش هێنانە ئارای دەستەواژەی کەم ژیان و کەڵ ژیانە.

لە دوای هەرەسی شۆڕشێکی چەند سەد هەزار کەسی لە بەرامبەر رژێمی عیراق کە لە ناچاریی و لاوازبوونی خۆیدا خاک و ئاوی خۆی بەخشیووە بە ئێران کە بەوتەی خۆی “دوژمنی هەرە سەرسەختی مێژوویی نەتەوەی عەرەبە” تەنیا بە خاتری ئەوەی مافەکانی کورد نەسەلمێنێت لەسەر خاک و ئاوی خۆی، هەربۆیە ئەو هەرەسە رژێمی بەعس تووشی سەرمەستیی دەکات و وەک سەرکەوتوویەکی جەنگ و سیاسەت خۆی نمایش دەکات و دەیەوێت لە کەمترین ماوەدا زۆرترین سیاسەتی دژە کورد کە لە ستراکچەری بیری بەعسدا بووە جێبەجێی بکات. هەربۆیە ئەو تێکۆشەرانەی بەرنامەیان دانا بۆ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خۆیان خستە بەردەم مەترسییەکانی وەک تیرۆرکردن لەلایەن دەزگای موخابەراتی عیراق بۆ ئەوانەی لە دەرەوەن و گرتن و راونان و گرتن و کوشتنی کەسوکار و رووخاندنی ماڵ و دووکان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان، کەسانێک بوون کە بەبێ دوودڵی خەباتیان لەگەڵ رژێمێکدا دەستپێکردۆتەوە کە چاوەڕێی هەموو ئەوانەبوون کە بەسەریاندا بێت و بەرۆکیان پێ بگرێت، بەڵام هەر کردووشیانە، ئەوە جگە هەزارانیان هەموو ئەوانەیان بەسەرهاتووە، بەڵام هەمیشە مەسەلەی نەتەوە و نیشتمان و کۆی شکۆی مرۆیی خەڵکی کوردستانیان لەسەروو مەسەلە شەخسییەکانەوە بینیووە. بۆیە هەندێکیان لە بواری خوێندندا خوێندکاری سەرکەوتووبوون و قۆناغی باڵاشیان بڕیووە بەڵام قوربانیان بە خوێندنەکەیان داوە لە پێناوی خەبات و تێکۆشان یان لەبەر ئاشکرابوونیان لە لایەن دەزگا سیخوڕیی و سەرکوتکارەکانەوە بەناچاریی خوێندنیان بەجێ هێشتووە و روویان کردۆتە شاخ یاخود زیندانی کراون و دواتر لە مافی خوێندن بێبەش کراون.

بەداخەوە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا رەنگە ناو و ناوبانگی هەندێک کەس لە هەندێک وێستگە و کایەدا سیمای ئەو تێکۆشەرە دێرینە پاک و بێگەرد و خەباتگێڕانەشیان تەڵخ کردبێت لەبەرچاوی خەڵکانێک کە ئاگایان لە مێژووی خەبات و سەروەریی تێکۆشەرە دێرینە راستەقینە و نەزیهەکان نییە لە کاتێکدا ئەم تەرزە لە تێکۆشەرانی خاوەن سەروەریی و رابردووی خاوێن زۆرینە هەرە زۆرەکەن و هەر ئەوانەشن نهێنی مانەوە و بەسەرپێوە وەستانی یەکێتی وەک حزبێکی سەنگین و تێکۆشەر چونکە ئەو تێکۆشەرە دێرینانە کە بە حەق شەهیدی زیندوون، ئەو خەباتگێڕانەن کە یەکێتییان لەسەر سەر و بە دەست و ددان راگرتووە، لەبەرئەوەی بە یەقینەوە پێیانوایە کە یەکێتی پارسەنگی هێز و دیموکراسی و ئازادییە لە باشووردا و پشتیوان و پاڵپشتی خەباتی سەرجەم کوردستانە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان و هەروەک پاڵپشتی هەموو هێزێکی رزگاریخواز و پێشکەوتنخوازی عیراقی و عەرەبی و ناوچەیی و جیهانییە وەک بەشێک لە ئەرکەکەی لە چوارچێوەی رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناسیۆنالدا.

بێگومان تێکۆشەرانی دێرین شایانی ئەوەن کە لەلایەن نەوەی نوێی یەکێتییەوە رۆڵ و پێگەی مێژوویی و خەباتیان بەرز رابگیرێت و بەبەردەوامی بەسەربکرێنەوە چ بۆ دڵڕاگرتن و رێزلێنانیان، چ بۆ وەرگرتنی ئیلهام و رێنوێنی و راوێژ پێکردنیان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونیان.

ماوەتەوە بڵێن لەم یادەدا و لە رۆژی تێکۆشەرانی دێریندا سڵاو بۆ ئەو کەسانەی کە بەرامبەر خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسوکاریان کەمتەرخەمییان کردم بەڵام هەرگیز لە خەبات و تێکۆشان کەمتەرخەمییان نەکرد و ماندوونەبوون و کە هەندێکیان چەندجار بە رێکەوت لە مەرگ رزگاریان بووە.

 854 جار بینراوە