سەرەکی » وتار » نوێ .. نوێبوونەوە … پیرۆزبێت

نوێ .. نوێبوونەوە … پیرۆزبێت

ھیوا حەمید عەبدوڵڵا

ھیچ قەڵەمێک و ھیچ نووسینێک ناتوانێت وەسفی حزبی شەھیدان و ھێزی بازووی رەنجدەرانی بکات . ئەوەی دەیڵێم یەک دڵۆپە لە دەریایەکی لەبن نەھاتوو لەخەبات و قوربانیدان و مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. منیش ئەرکمە دڵۆپێک بڵێم و ھەموو ئەوانەی دەوترێت بە دیووە باشەکەی و بەویژدان نووسین بە باڵای ئەو حزبە جوانی دەبەخشن. بەڵام ھێشتا مانای خۆی نادات مەگەر دایکی شەھیدان و ھەموو ئەوانە بیزانن کە ئێستاش لە ناخیاندا دڵسۆزیی و وەفا قوڵپ دەدات.

منیش دەڵێم :

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە وەك پێویستییەكی حەتمی بۆ كێشەی نەتەوەیەك و لەپێناوی بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین بە فۆرمی نوێی حزبایەتی وەك بەرەیەك بە چەند بیرو بۆچوونێك بەڕابەرایەتی مام جەلال دامەزرا.

هەر لەوكاتەوە تائێستا لەگەڵ بەردەوامیی خەبات، چەندین ئامانجی بەدیهێناوە، دەسكەوتەكانی ئەمڕۆ بەری رەنجی خەباتی نەپساوەی ئەم حزبە و خوێنی شەهیدان و قوربانییەكانێتی.

مێژوو شاهیدە.. لەگەڵ مێژووشدا زۆرجار هەوراز و نشێوە، بەڵام هیچ كام لە مەترسییە گەورەكان نەیانتوانیووە شكست بەم حزبە بهێنن، بەڵكو لەجاران باشتر بۆ ئایندەیەكی گەش خەباتی خۆی درێژە پێداوە.

چەند رۆژێكی دیكە یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە. ئەم یادە لە بارودۆخێكی  دژوار و نائاساییدا دەکرێتەوە بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ، نە دەتوانرێت و نە دەكرێت وەك ساڵانی پێشوو ئەم یادە بكرێتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا دڵخۆشکەرە یەکێتیی لە قۆناغێکی نوێی نوێبوونەوەدایە. ئەویش دوای ئەوەی چوارەمین کۆنگرەی خۆی بەست کە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتیی لێوە ھاتەکایەوە لە ھاتنە پێشەوەی سەرکردایەتییەکی گەنج و نوێ و ھاو سەرۆکانی گەنج کە جێگەی ئومێد و بەرەوپێش بردنی حزبیان لێ چاوەڕوان دەکرێت.

دوێنێ یەکێتی تووشی قەیرانێکی زۆری شێواندنی ناسنامەی خۆی ببۆوە بەهۆی ئەو غەدرەی لە زۆرێک لە نەیارانی و بگرە بەشێک لە لایەنە دۆستەکەنیشییەوە لێی دەکرا بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانییەوە دەربڕینی هەڵوێستێکی پێویست و یەکگرتووانە ببووە ئەرکێکی زەحمەت و ئاستەم، کە ئەوەش تاڕادەیەکی زۆر ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانی یەکێتی بێ ئومێد کردبوو. بەڵام ئەمڕۆ لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە ھەنگاوەکانی ھاوسەرۆکان و بڕیارە دروستەکانیان ھەموو ئەو کردارانەی وەستاندووە و ئیستێکی بە نەیارەکان کردووە، بۆیە ئومێدی ھەڵسانەوە و دڵخۆشیی ھەزاران کادر و ئەندامی یەکێتی مژدەبەخشە.

ئێستاش رێکخستنەوەو جێبەجێکردنی بەرنامەی نوێ بۆ نوێبوونەوە ھەنگاوی بوێرن .

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنی ھێزێک و سەرمایەیەکی پڕاوپڕ لە خەڵکی دڵسۆز و خاوەن ھەڵوێست و رووناکبیرە. بۆیە بەھیچ رەشەبایەک ناجووڵێت و ناکەوێت. بەڵکو بەردەوام پێگەی خۆی پتەوتر دەکات.

ئەرکمانە وەفاداربین و ئەرکی سەرشانمان لەم قۆناغەی نوێبوونەوەدا بەگیانی تەبایی و جۆشدان لەژێر رێنمایی و پەیامەکانی ھاوسەرۆکان جێ بەجێ بکەین و ھەنگاوەکان گەشە پێبدەین.

ئیتر یەک یەکێتی، یەک ئیرادە، بۆ یەکێتیی نوێ .

لەیادی ٤٥ ساڵەدا .

درود بۆ گیانی پاکی رابەر و مامۆستای کوردایەتی سەرۆک مام جەلال ، رێزو سڵاو بۆ گیانی پاکی ٢٢ هەزار شەھیدی قارەمانی ئەم حزبە تێکۆشەرە، سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی، رێکخستنە دێرینەکان، کەمئەندامانی سەنگەر، تێکۆشەرە دێرینەکان، ژنانی شاخ، ژنان، لاوان، خوێندکاران و سەرجەم رێکخراوە پیشەییەکان و سەرجەم ھەڤاڵانی یەکێتی  لێرەوە بەهەمووان دەڵێم پیرۆزبێت ٤٥ساڵ خەبات و مقاوەمەت.

*ئەندامی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان

print

 427 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*