سەرەکی » زانست » ئەو شوێنانەی كەس ناتوانێت سەردانیان…

ئەو شوێنانەی كەس ناتوانێت سەردانیان…

ئەو شوێنانەی كەس ناتوانێت سەردانیان بكات

هەندێك شوێن هەن لە جیهاندا كە تا ئێستا زۆر كەس پەی پێنەبردوون‌و هەندێكیشیان تەنانەت لە نەخشەكانی گەشتیارییدا ئاماژەیان پێنەكراوە و هیچ كەس ناتوانێت سەردانیان بكات لەوانەش

1- حەشارگەی نهێنی جیمس بۆند
لە ساڵی (1956)دا نوسینگەی جەنگی بەریتانیا بنكەی ( هێزی ئاسمانیی شاهانەی مینویس هێل)ی لە باكوری یۆركشیر كردەوە، ئەو بنكەیە زۆر سەیرو نامۆیە و تەنها گومەزە سپییەكانی دەبینرێت،
ئەوەی دەربارەی ئەو بنكەیە دەزانرێت ئەوەیە كە مۆڵگەی گەورەترین سیستمی چاودێریی ئەلكترۆنییە لەسەر گۆی زەوی و بۆ كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی بۆ ئەمریكا و بەریتانیا بەكاردەهێنرێت و نزیكەی (1205)كارمەند كاری تێدا دەكەن، بەڵام ڕیوشوێنی كاركردنیان كەس نازانێت بە چ شێوەیەكە.

2- ئەو ئەشكەوتە نهێنییەی دەتوانێت خۆراكی جیهان دابین بكات
چەندین فیلم هەیە كە تێیدا باس لە وێرانبونی جیهان دەكەن بەهۆی كارەساتێكی سروشتییەوە، چی دەبێت ئەگەر ڕۆژێك بە ڕاستیی ئەوە ڕووبدات؟ چۆن خۆراك بۆ ئەو كەسانە دابیندەكرێت كە بە زیندوویی دەمێننەوە؟
دوای توێژینەوەیەكی زۆر و گەڕانێكی زۆرتر دەركەوتووە هەندێك لە وڵاتان چەند ساڵێكە خەمی ئەوەیان خواردوە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بە پارێزراوی بمێنیتەوە بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی (2008)دا ئەشكەوتێكی گەورە كرایەوە كە دەكەوێتە دورگەیەكی دوورەدەستی نێوان نەرویژ و جەمسەری باكور، ئەم شوێنەش هەموو كەس ناتوانێت دەستی پێبگات و ڕێگەكەی زۆر سەختە.

زۆربەی شارەزایان پێیان وایە ئەم كارە سیاسەتێكی ژیرانەیە بۆ دەستەبەركردنی پێداویستیی خۆراك و هەڵبژاردەیەكی باشە بۆ نەوەكانی داهاتوو بۆ زاڵبوونیان بەسەر ئاڵنگارییەكانی گۆرانكارییەكانی كەشوهەوا و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی زەوی یان هەر كارەساتێكی سروشتیی كە وا بكات مرۆڤەكان بە زەحمەت خۆراكیان دەست بكەوێت.

هەروەها بۆیە ئەو ناوچەیەش هەڵبژێردراوە، چونكە تۆوەكان لەوێدا پارێزراوتر دەبن تەنانەت گەر كارەساتێكی واش ڕوویدا كە بە هۆیەوە كۆتایی بە جیهان بێت.

دەوترێت، هەرچەندە دەروازەی ئەشكەوتە دەبینرێت، بەڵام ئەشكەوتەكە لە بەرزی (100)مەتردایە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

لەو كۆگایەی لەو ئەشكەوتەدایە‌و بەكۆگای (Svalbard) ی جیهانیی ناسراوە دەنكی هەموو ئەو تۆوی ڕووەكانەی تێدا هەمباركراوە كە تا ئێستا مرۆڤایەتی ناسیویەتی، تا ئێستا لەو كۆگایەدا نزیكەی 250 ملیۆن تۆو كە بە خۆڵی زوقمكردووی سروشتی داپۆشراون دانراوە، بەمەش ئەو ناوچەیە بووەتە بانكێكی خۆراكیی زۆر پارێزراو و نهێنی.

3-دوورگەی قەدەغەكراو
ئەم دورگەیە ناوی دورگەی (Ni›hau) و بچوكترین دوورگەی (هاوای) ئەم دوورگەیە بە دارخورما بەرزەكانی و ئاوەشینەكەی ناسراوە و نیشتمانی چەند ئاژەڵێكی هەرە دەگمەنە.

هەرچەندە باشترین ڕووگەیە بۆ گەشتیاریی و بەسەر بردنی كاتی خۆش، بەڵام ناوی دوورگەكە لە لیستی هیچ دامەزراوەیەكی گەشتیارییدا نیە، چونكە قەدەغەیە بێگانە سەردانی ئەو دوورگەیە بكات.
ئێستا نزیكەی (160) كەس لە دورگەكەدا دەژین و هیچ كەس بە بێ بانگهێشتكردنی لە لایەن یەكێك لە دانیشتوانەكانەوە ناتوانێت بچێتە دورگەكەوە و بەبەردەوام ئێشكگرانی كەناری دەریا چاودێری ئەو دورگەیە دەكەن نەبادا بێگانەیەك دزە بكاتە ناوییەوە یان بەبێ مۆڵەت فرۆكەیەك لە دورگەكە بنیشێتەوە.

جگە لەوەش دانیشتوانی دورگەكە تا ئێستا ڕێگەی قیرتاوكراو و تەلەفۆن و دوكانیان نییە، هەروەها تا ئێستاش دانیشتوانی دورگەی(Ni›hau) بە زمانی (Hawaiian)هاوایان قسە دەكەن.

4- شاری نهێنی
شاری (Mezhgorye)یان(میژگۆری) شارێكی تەواو داخراوە لە كۆماری (بشكورستان)ی روسیا كە لە ساڵی(1979)دا دامەزراوە و لەو كاتەدا ژمارەی دانیشتوانی (17) هەزار و (353) كەس بووە.

هەرچەندە كەمترین وێنە لەناوشارەكەوە گیراوە، بەڵام لەسەردەمی جەنگی سارد و لەناوەراستی حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا چەندین پرۆژەی گەورەی تێدا جێبەجێكراوە، ئەو شارە نزیكە لە ناوچەیەكی نهێنی چیاكانی ئورال كە لەقوڵایی زەوییەكەیدا چەندین دامەزراوەی نهێنی دروستكراوە.

هەرچەندە هیچ كەسێك زانیاریی وردی لەسەر ئەو شارە نییە، بەڵام چەند دەنگۆیەك هەیە كە بڕێكی زۆری پاشماوەی شوێنەواریی و گەنجینەی زێر و خشڵی ڕوسیا و بڕێكی زۆری خواردن و حەشارگەی ئەتۆمیی لەو شوێنە هەیە.

5- دوورگەی كوشندە
دوورگەی (Sentinel)لە كەنداوی بەنگاڵ یەكێكە لە ناوچە نهێنییەكانی سەر زەوی، لە ساڵی(1956)ەوە سەردانی باكوری ئەو دورگەیە قەدەغەكراوە، چونكە ئەو ناوچەیە شوێنی خێڵی (Sentinelese) كە هەموو پەیوەندییەك لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیان ڕەتدەكەنەوە و بە شێوەیەك پەلاماری هەموو كەسێك دەدەن كە بیەوێت لێیان نزیك بێتەوە.

6- ئەو ئەشكەوتە كۆنانەی پەناگەی مرۆڤی سەرەتایی بوون
لە ساڵی (1948)دا ئەشكەوتی (Lascaux)لە فەرەنسا دۆزرایەوە كە بە راستی یەكێك بوو لە شتە سەیر و سەمەرەكانی جیهان لەو كاتەدا و ئێستاش یەكێكە لەو ئەشكەوتانەی ماوەی(20) هەزار ساڵ بە پارێزراوی ماوەتەوە و یەكێك بووە لەپەناگەكانی مرۆڤی سەرەتایی.

ماوەی چەند دەیەیەك بە ڕووی گەشتیاراندا كرایەوە بۆ بینینی هونەرو نیگارەكانی سەر دیوارەكانی، دواتر دەركەوت ئەو دووەم ئۆكسیدەی لە ئەنجامی هەناسەدانی گەشتیارانەوە دروست دەبێت زیان لە نیگارەكان دەدات.

ئێستاش رێگە بە ژمارەیەكی كەمی گەشتیاران دەدرێت بۆ سەردانیكردنی ئەو ئەشكەوتە بە تایبەت ئەوانەی كە پسپۆڕ و زانایان تا ئەو پارچە هونەرییانەی مرۆڤی سەرەتایی ببینن.

7- چیای كەشوهەوا لە ئەمریكا
ئەم ناوچەیەش شوێنێكی تری نهێنییە و زۆر لەو شوێنانە دەچێت كە لە فیلمەكانی خەیاڵی زانستیدا دەبینرێت.

چیاكە ناوی (Blue Ridge Mountains)ە و لە ڤیرجینیایە و بەپێی ڕەهەندە ئەفسانەییەكان پەناگەیەكە بۆ ڕۆژی دوایی.

ئێستاش بە جۆرێك دەستكاریی كراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەری كاری حكومەتی فیدرالی ئەمریكا لەكاتی ڕوودانی كارەساتێكی سروشتی یان كارەساتێكی دەستكردی مرۆڤ.

ئەو كۆمەڵگەیە لەو چیایەدا لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا كرایەوە، چەند تابلۆیەكی بەنرخی تێدایە كە لە ساڵەكانی(1979) و(1981) دا گوازراوەتەوە بۆ ئەو شوێنە، جگە لەوەش چەندین شوێنی تایبەتی مەشقی سەربازیی تێدایە، هەر لەو ناوچەیە چەندین تۆربینی هەواگۆركێ زەبەلاحی لێیە و تەنانەت ئێستگەیەكی رادیۆ و تەلەفزیۆنیشی لێیە بۆ ئەوەی لێپرسراوان بتوانن لەو بەرزاییەوە لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا بڕۆن.

لێپرسراوانی ئەمریكا هەموو سەردانێكیان بۆ ئەو كۆمەڵگەیە قەدەغەكردووە و چەندین خاڵی پشكنینیان لێداناوە و باشترین تیمی پۆلیس و ئاگركوژێنەوەش لە نزیك چیاكە جێگیر كراون.

 

سەرچاوە: Ghadi news

print

 331 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*