سەرەکی » وتار » ماردین عەبدولکەریم » ژنان لە ریزی یەكێتیدا

دەرگا

ژنان لە ریزی یەكێتیدا

لە (45)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا و دوای بڕینی سەدان هەوراز و نشێو، هێشتا دەستكەوتەكان گەلێك گەورەن و بەری رەنجی شەهیدەكان بۆتە ئەو قەڵایەی، كە كادر و ئەندامان و لایەنگرانی، دەبێ دوای قۆناغی نوێ، نوێبوونەوە، بكەنە پەیامی كاركردن و پێكەوە لەگەڵ سەركردایەتیی نوێ كار بۆ بە سەوزی راگرتنی چەپكەگوڵەكەی مام بكەن.

لە راستیدا ئەم یادە مەزنەی گەلەكەمان دەقۆزمەوە و باس لەو دەستكەوتانە دەكەم كە لە سایەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا ژنان بەدەستیانهێناوە. بێگومان بەشێكی زۆری سایە و سێبەری ئەم ئازادی و ئازایەتی و پێشكەوتنە بۆ خودی هەڤاڵ مام جەلال دەگێڕمەوە، كە جگە لە ژنان، رۆژنامەنووسان و ئەدیبان، مامۆستایان، خوێندكاران، پارێزەران و پزیشكان، سەرباری قورسایی سەرشانی، هیچیانی لەبیرنەكردووە، كاتێكیش لە خەمی هەژاراندا دەبوو، دەیوت لە خانووە قوڕەكانەوە دەستپێبكەن، بۆیە هەموومان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێین كە چۆن مامی گەورە كەسی لەبیرنەكردووە؟، تەنانەت كاتی دەدا بە دارسێوی حەوشەی ماڵەكەشی تا كەمێ لەگەڵی بئاخفێ. دەبێژم رۆڵی كارای ژن لە شاخ و سەلماندنی بوونی خۆی لە خەباتی شۆڕشگێڕیی نەتەوەكەیدا بەتایبەت لە پاڵ حزبێك كە هەڵگری مافی یەكسانی تاكەكانێتی، زەمینەی چوونە پێشەوەی لە قۆناغی دوای راپەڕین بە جۆرێك بۆ رەخساند، كە تەنانەت پێش چەسپاندنی كۆتا و لە یەكەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ساڵی (1992)، چوار ژن كە بەڕێزان (خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، گەلاوێژ جەباری، نەهلە عەبدوڵڵا و شەمام شەوقی) بوونە ئەندامی پەرلەمان.

بە داخەوە شەڕی ناوخۆ تەمەنی ئەم خولەی بۆ (13)ساڵ درێژكردەوە، كە دواتر و دوای یەكگرتنەوە، هەندێ ناو بە هەندێ ناوی تر گۆڕدران. بۆ خولەكانی تریش، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە دەستپێشخەر بووە لە پشتگیریكردنی ژنان و لە خولی دووەمدا پاڵپشتی لە (10) ژن و لە خولی سێیەم (11) و لە خولی چوارەم (6) و لە خولی پێنجەم بە سەرۆكی پەرلەمانەوە (6) ژن دەكات، تا بگەنە شوێنی بریاڕ، نەك هەر ئەوەندەش، بگرە یەكێتیی نیشتمانی سەروەریی ئەوەی پێبڕا كە متمانە بداتە ژن بۆ سەرۆكایەتیكردنی یەكێ لە سێ گەورەترین دەسەڵاتەكانی هەرێم، كە پێشتر گلەییمان لە نەبوونی ژن بوو لە شوێنی هەستیار.

هەرچەند هەندێك پێیانوایە خول لە دوای خول رێژەی ژنان لە كەمبوونەوەدایە، لە راستیدا بەشێك لەم حاڵەتە پەیوەندی بە زۆربوونی ژمارەی لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە، بە جۆرێك لە دواخولدا ژمارەیان دەگاتە (29)لیست. هاوكات دوای پرۆسەی ئازادی، لەگەڵ هەڵبژاردنی یەكەم خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پاڵپشتی لە نزیكەی (10)ژن دەكرێت، لە نێویاندا (خاتوو ئاڵا تاڵەبانی، تانیا گلی، درەخشان محەمەد، رابیحە محەمەد، پەروین ساڵح و چەندانی تر)، ئەمە بۆ سێ خولەكەی تریش راستە. جگە لە خەباتی پەرلەمانیی، نابێ ئەوەمان بیربچێ كە هەڤاڵ مام جەلال بۆ یەكەمین جار بڕیاریدا ژن بكاتە دادوەر و خاتوو (گەلاوێژ سەعید ئەحمەد) وەك یەكەم دادوەری ژن لە كوردستان راگەیەنرا.

هەروەها لەم وتارەدا هەرگیز نابێ دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی ژنان لە یاد بكەین، كە بە پشتیوانی راستەوخۆی هەڤاڵ مام جەلال بوو، كە دەتوانرێ بوترێ لەسەر ئاستی عیراق و لە ژێر سایەی یەكێتیدا ئەوپەڕی دەستپێشخەرییەكی مەزن بوو، لە رۆژی 11/11/1996 لەسەر دەستی ژنانی دامەزرێنەر (ئامینە ئەحمەد، ناهیدە ئەحمەد ‌و نەسرین حەمەلاو) ئەم هەنگاوە مەزنە نرا و (11) ژن لە یەكەم مەدرەسەی سەربازی وەرگیران، كە (7)یان لەسەر ئاستی یەكەمەكان دەرچوون. هەروەها بوونی (8) ژن لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (2005) و (4)ژن لە هەڵبژاردنی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان (2014)، شایەنی هەڵوەستەن.
هێشتا ماوە باس لە خاتوو (كافیە سلێمان، نەرمین عوسمان، د.شەونم، شنۆ حەفید و بێگەرد تاڵەبانی) و چەندانی تر بكەین، كە توانییان لە هەرێم یان لە بەغدا لە كابینەی وەزارەتەكاندا قۆڵی مەردایەتی لێ هەڵبكەن، ئەمە جگە لە قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ناحیە، كە ژن توانیویەتی لە ژێر سایەی ئەو چەترەدا بگاتە ئاستی بەرز لە بڕیاردان.

لە بواری زانست و خوێندنی باڵاشدا دووبارە ژنان بە پشتیوانی یەكێتییەكەیان و توانا و لێهاتوویی خۆیان هەنگاوی باشیان بڕیوە، خاتوو (مهاباد كامیل) سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجەیە و چەندین خاتوون لە ئاستی راگر و سەرۆك بەش رۆژانە ئامادەیی و بوونی خۆیان سەلماندووە.

بۆ ئەمڕۆش، یەكێتی نوێبوونەوە، ژمارەی ژنانی لە سەركردایەتی گەیاندۆتە ئاستێكی دڵخۆشكەر، كە دەتوانین بڵێین رێكردن بە شوێن پێیەكانی هەڤاڵ مام جەلال بۆ ئایندەی دوور، هەروەك هاوسەرۆكەكان كاری بۆ دەكەن مایەی سەربەرزییە، كەواتە جوڵاندنی كارتەكانی مام لەسەر بنەمایەك تیۆرە بوون، بۆیە كەسی لەبیرنەكردووە.

دروود بۆ رۆحی هەمیشە زیندووی مام و بەرز و پیرۆز بێت یادی یەكێتییەكەمان.

print

 607 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*