سەرەکی » ئاراستە » قەیران و بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمی جووتیاران

قەیران و بەربەستەکانی بەردەم بەرهەمی جووتیاران

دانا محەممەد

سەرەڕای خراپی بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵی جوتیاران، کەچی جوتیاران بەردەوامن لە دروێنەی دەغڵ و دانەکەیان و پێیانوایە زەرەر لەنیوەش بگەڕێتەوە هەر باشە. بەڵام بەلای ئەوانەوە کێشەی بەردەم کشتوکاڵ تەنها خراپی و کەمی بەرهەمەکەیان نییە، بەڵکو ساغکردنەوەی لەبازاڕو سوتاندنی کشتوکاڵەکەشیانە لەلایەن دەستە ڕەشەکانەوە لەهەندێک ناوچەو شەڕو نائارامیش بۆ هەندێک جوتیار لەو کێشانەیە پێوەی دەناڵێنن.
جوتیارێکیش دەڵێت: ئەم کارەی ئێمە دەیکەین پیشەی باوباپیرانمانە ئەگینا ئێستا وازمان لێهێنابوو، چونکە زەرەری زۆرترە لەقازانج و هەندێکجاریش تەنها ماندووبوونمان بۆ دەمێنێتەوە.

کەم بارانی و کەمی بەرهەم
تەها محەمەد بۆ گوندستانی نوێ دواو وتی: وەک ڕوونە هەموو ساڵێک باران وەک پێویست نیەو لەهەموو ناوچەیەک وەک یەک نابارێت، بۆیە زۆرجار وشکە ساڵی وادەکات بەرهەمی ساڵێک بەشی هەموو ئەو ماندووبوونەمان نەکات کە بەدەست کشتوکاڵەوە دەیبینین، ئەوەیشی بەرهەمدێت ئەوەندە نییە لە پێویستی خۆمان زیاتر بێت و بیفرۆشین یاخود پاشەکەوتی بکەین.
تەها محەمەد وتیشی: پیشەی کشتوکاڵ لەم ساڵانەی دواییدا وایلێهاتووە جوتیار تاقەتەکەی جارانی لێی نەماوەو زۆر پاشەکشێمان کردووە لەم پیشەیە، ئەم پیشەیە هی باوباپیرانمانە ئەگینا ئێستا وازمان لێهێنابوو، چونکە زەرەری زۆرترە لەقازانج و هەندێکجاریش تەنها ماندووبوونمان بۆ دەمێنێتەوە.
تەها ڕایگەیاند: زۆرجار جوتیاران لەبەر مەڕوماڵات ناچارە کشتوکاڵ بکات و «جاڕ»ی هەبێت، ئەگینا کەس پشتی پێنابەستێت بۆ قازانجی زۆر.

نەبوونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکە
عوسمان عەلی بۆ گوندستانی نوێ دواو وتی: ئێستا زۆر زەحمەتە جوتیاران بۆ قازانج و داهاتی زۆر کشتوکاڵ بکەن، زۆریش زەحمەتە جوتیارێک بتوانێت لەپیشەکەی کشتوکاڵی قازانج بکات. چونکە ئێستا تێچووی کشتوکاڵ زۆر زیاترە لەقازانجەکەیی.

عوسمان ڕایگەیاند: لەکوردستان نەک ڕێگای هاندان زۆرە بۆ جوتیاران کە گرنگی زیاتر بەکشتوکاڵ بدەن بەڵکو بەربەستی زۆریش دێتە ڕێگای جوتیاران و ناتوانن بەکەیفی خۆیان سوود لەبەرهەمەکەشیان وەربگرن. لەکوردستان چەندە بەرهەمەکەت زۆربێت یان کەم جێگایەکی باش و بازاڕێکی ئەوتۆمان نییە کە بەرهەمی جوتیاران ساغ بکاتەوەو جوتیاران خەمیان نەبێت لەفرۆشتنی بەرهەمەکەیان.

عوسمان عەلی وتیشی: ئێمە لەساڵانی ڕابردوودا گەنمی خۆمانمان دەناردە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و حکومەتی عێراق لێدەسەندین، ئەمەش وایکردووە تائێستا پارەی ساڵانی ڕابردوومان لەلای حکومەتی عێراقەو ئەوەندە بەکوت و لەت دەمانداتێ سوود لەپارەکەیش وەرناگرین، ئەگەر ئێمە لەکوردستان بازاڕێکی خۆمانمان هەبوایە بۆ فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران ئێستا ئێمە لەم دڵەڕاوکێدا نەدەبووین کە جوتیاری ئێمە هەموو ساڵێک توشی ئەو قەیرانە دەبێتەوە کە یان بەرهەمەکەی کەمەو زەرەرێکی زۆری لێدەکات یان شوێنێکی پێویست نییە تێیدا بیفرۆشێت و ساغ بکرێتەوە.

باری ئەمنی و سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران
یەکێک لەو ڕێگریانەی کە ئەمساڵ جوتیارانی بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەدەستییەوە دەناڵێنن مەسەلەی دۆخی ئەمنی ناوچەکانیان و سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران بوو.
جمعە نەسرەدین لەم بارەیەوە بۆ گوندستانی نوێ دواو وتی: هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ جوتیارانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەدەست خراپی دۆخی ئەمنییەوە نەیانناڵاندووە، ئەمساڵ دەستێکی ڕەش خەرمانی ڕەنجی جوتیارانی ئەو ناوچانەی دەسوتاندو دیار نەبوو کە کێیە. حکومەتی هەرێم خۆی بەبەرپرسی ناوچەکە نازانێت بەڵام ئامادەیی هاوکاریشی دەربڕیووە، ئەوەی پێویستە ئەمنییەتی ناوچە بپارێزێت حکومەتی عێراقە، ئەویش بەدەم داواو خەمی جوتیارانەوە نەبووەو نەیتوانیووە ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکاتەوە کە لەناوچەکەدا هەیە.

جمعە نەسرەدین ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: هەمیشە کورد قوربانی دەستی ناحەزان بووەو وڵاتمان ئارامی تێدا نەبووەو لەساڵانی پێش ڕاپەڕینیشدا بەهۆی بۆردومانی حکومەتی بەعسەوە بۆسەر گوندەکانی کوردستان، بەردەوام بەرهەمی جوتیاران لەناوچە جیاجیاکاندا سوتاوەو زیان بەبەرهەمی جوتیاران گەیشتووە.

وتیشی: ئەگەر زیانی کشتوکاڵ سروشتی بێت وەک کەمی باران و ژەنگ و کرم و مێروو ئەوە شتێکی ئاساییەو دەسەڵاتمان نییە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە بەرهەمەکەمان دەگاتە کاتی دروێنەو دەستێکی نادیارە ڕەنجەکەمان بەخەسار دەبات، ئەمە مایەی بێتاقەتییە

ئەوەی ماوەتەوە قسەی لەسەر بکرێت هەوڵەکانی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئاوڕێکی جدی لە تەواوی جوتیاران بداتەوە و بەدەم خەم و زەرەرو زیانی جوتیارانەوە بێت تاکو ئەوانیش بە ڕادەیەک پاشەکشێ لەم پیشە دێرینە نەکەن. وەک لینین دەڵێت : کە جوتیار نەما ئیتر زەویش بەهای نامێنێت. ئەگەر جوتیاری کوردیش لەم قەیرانەدا بەرهەمەکەی کەم بێت یان جێگایەک نەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکەی چیتر ناتوانێت درێژ بە کاری خۆی بدات و لەم بارەشدا بەرهەمی ناوخۆ زەرەرێکی گەورەی بەردەکەوێت.

print

 123 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*