سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » یاسای قەیسەر و کاریگەریی لەسەر دۆخی سوریا

یاسای قەیسەر و کاریگەریی لەسەر دۆخی سوریا

لە مانگی دێسەمبەری رابردووەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پڕۆژەیەكی هەردوو پارتی سەرەكیی دیموكراتەكان و كۆمارییەكانی ئیمزاكردووە.
وەك لە پڕۆژەكەدا هاتووە، هاووڵاتیانی مەدەنی سوریا دەپارێزێت لە كوشتوبڕ و پەلاماری ئاسمانی و بۆمب و تۆپبارانی رژێمی سوریا.

لەم رۆژانەشدا ئەمریكا بە رەسمیی یاساكەی راگەیاند و ناوی لێنا یاسای قەیسەر. بە قسەی خۆیان بێت، بۆئەوەیە فشاری دیپلۆماسی و سزای ئابووری بخەنە سەر حكومەتی دیمەشق و ناچاریان بكەن هێرشەكانیان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی رابگرن. ئەو سزایانە دەنگدانەوەیەكی گەورەی دروستكرد و لە زۆر لایەنەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە. ئەم یاسایە لە كاردانەوەی ئەو تاوانانە گەڵاڵە كراوە، كە لە چەند ساڵی رابردوودا بەرامبەر بە خەڵكی مەدەنی و سڤیلی ئەو وڵاتە كراون، ئەمریكاش بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەكانی بە هۆكار و ئەنجامدەر دەزانێت و دەڵێت، كە رژێمی سوریا لەگەڵ وڵاتە هاوكارەكانی بوونەتە مەینەتی و كارەسات بۆ سەر هاووڵاتیان و دەبێ دەستبەرداری ئەم سیاسەت و كوشتوبڕەیان ببن.

بۆ ئارامكردنەوەی رەوشی وڵاتەكەیە
جیمس جێفری نێردراوی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە بارەی قەیسەر-ەوە رایگەیاند: ئەوان پێكهێنانی حكومەتێكی تازە لەو وڵاتە دووپاتدەكەنەوە و هەوڵی جددی بۆ دەدەن، كە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا كار بكات و رێز لە مافی مرۆڤ و دیموكراسی ‌و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێكانی بگرێت، هەر بۆیە ئەو یاسایە دەسەپێنن تاكو ببێتە فشارێكی دیپلۆماسی و ئابووری و ملكەچ پێكردنی ئەو حكومەتە بۆ ئەو بنەمایانەی كە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدایە.

سەبارەت بە هەڵوێستیان لە روسیا، كە دۆستی نزیكی ئەسەدە، ناوبراو وتی: كۆشكی سپی دەخوازێت هەماهەنگیی روسیا بكات بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی و ئارامی لەو وڵاتەدا و هەوڵ بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش وتی،كە یەكەمجار چەند سزایەك دەسەپێنن ‌و ئەگەر هەر ملیان نەنا، ئەوا هی تر و كەڕەتی تر ناچاریان دەكەین بێنە سەر خەت و ئیتر چیدی نەبنە هۆی كوژرانی خەڵكی زیاتر.
كێلی كرافت نوێنەری پێشووی وڵات لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پێیوابوو كە ئەو سزایانە رێگری و تەگەرە دەخەنە بەردەم رژێمی ئەسەد، بۆ بەردەوامیدان بەو سیاسەتەی ئێستای.

خۆسەری ناگرێتەوە
بەپێی راگەیاندنی بەرپرسە ئەمریكییەكان، ئەو یاسایە تەنها ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەگرێتەوە، چونكە لەم رۆژانەدا ولیام رۆباك نێردراوی ئەمریكا بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری لە شاری كۆبانێ، ئاشكرایكردووە كە ئەم یاسایە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان ناگرێتەوە و ناوچەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوان ئیدارە دەدرێن و ئەو یاسایە نایانگرێتەوە. هەروەها ئەو سزایانە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سوریاش دەگرێتەوە، لە نێوانیاندا بەشار ئەسەد و هاوسەرەكەی و ماهیری برای ‌و 36 بەرپرسی باڵای تر.

كاردانەوەكان چی بوون؟
لە بەرامبەر ئەو بڕیارە نوێیەدا، بەشار ئەسەد ئیدانەی ئەو سزایانەی كرد.
حكومەتی دیمەشق دەڵێ: پڕوپاگەندەی ئەمریكییەكان لەسەر مافی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەكان لە ناو سوریا، درۆیەكی شاخدارە و هیچی بەسەر هیچەوە نییە.
هەریەك لە روسیا و چین-یش لۆمەی ئەمریكایان كردووە، كە لە كاتێكدا بە هەموولایەك خەریكی ئارامكردنەوەی رەوشەكەن، كەچی ئەوان تاكلایەنە بڕیاری لەو جۆرە دەدەن.

سەرچاوە: تسایت ئۆنلاین، ئیندپێندت، بی بی سی

print

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*