سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » جوانییەکانی سەما یان گێڕانەوەی سەربردە پڕعەشقەکان

دەروازە

جوانییەکانی سەما یان گێڕانەوەی سەربردە پڕعەشقەکان

نازم دڵبەند

گەلانی هەموو دنیا کلتورێکیان هەیە و پێدەناسرێنەوە و هەمیشە بە گەورەیی سەیری دەکەن کە سەما میللییەکان بەشێکە لەو کلتورەی باسی لێوەدەکەین (یونان ، بەرازیل، ئیسپانیا)یەکەم وڵاتن لەسەمادا لەهەر شوێنی رەنگی(سامباوزۆربا)ببینرێ دەزانرێ ئەوە سیماو پێناسەی چ وڵاتێکمان پیشاندەدا ..

لەوڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیاش هەربەم جۆرەیە تادەگاتە وڵاتی عێراق و کوردستانی خۆشمان.لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر ئەو موزیکەیە کەلەگەڵ سەماکە یەکدەگرنەوە و دیارە هەردووکیشیان پێناسەی نیشتمانێک دەبەخشنەوە و لە فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان دەبنە بەشێک لەئاڵا.

راستە کورد جاران بەهەندێ جۆری شایی و هەڵپەڕکێ لەگەڵ گەلانی دیکە لێکجیادەکرایەوەو لەداوەتی بوک گواستنەوەو بۆنە نەتەوەییەکان و سەیرانەکانا ئەم هەڵپەڕکێیانە دەکراو لەهەندێ دەڤەریش زیاتر دەهۆڵ و زوڕنا لەسەردەستی هونەرمەندانی زۆڕنا ژەن و دەهۆڵ ساز ئەو هەڵپەڕکێیانە گەرم دەکرابەتایبەت لەکوردستانی باکور و باشور ،لەکوردستانی رۆژهەڵات-یش زیاتر بەندبێژ ئەو گەرمییەی دەسازاند،بەڵام دروست لەسەرەتای هەشتاکاندا گۆڕانێکی ئەکادیمی بەسەر ئەو ستایلە هەڵپەڕکێیانە داهات ئەویش دوای ئەوەی تیپی هونەرە میللییەکانی (هەولێر) بەرەسمی دامەزراو راهێنەری کارامەی وەکو(رەشیدیان)ی سۆڤیەتی و (سەلمان مەحەمەد)بەرەگەز فەڵەستینی کەلەژیانی هونەری خۆیدا یەکێ بوە لەسەماکارە لێهاتوەکانی (تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی عێراق)ی راهێنەری کورد (قادر کوردی) ئەو کۆمەڵە کوڕوکچە گەنجانەیان کۆکردەوەو توانییان شایی و هەڵپەڕکێی کوردی بەرگێکی ئەکادیمیانەی لەبەربکەن و بیکەن بەبابەت و لەدەهۆڵ و زوڕناوە گۆرانی و موزیکی بۆ دابنێن و دابەشکردنی موزیکی بۆ بڕەخسێنن و لەماوەیەکی کورتدا کۆمەڵە بەرهەمێکی شایستە بەبەرگێکی هونەریی لەدووتۆی چەند تابلۆیەک ئامادەبکەن و نمایشی تایبەتی لە(مۆسکۆ و هەردوو ئەڵمانیای جاران و نەمسا)پێبکەن و ئەوپەڕی دەنگدانەوەی خۆی هەبێ و دنیا لەم مینبەرەوە کورد بناسێ . سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر کورد داهاتووە ،بەڵام ئەو گەنجانەی دوێنێ کە نۆبەرەی ئەم پڕۆژەیان بنیادنا وازیان نەهێنا و بوون بەراهێەری بەتوانا سەرلەنوێ توانیان لەبەرگێکی نوێتر پارێزگاری لەمێژووی ئەم تیپە بکەن و ئەمجارەیان بەئاڵای کوردستانەوە بەشداری لە فیستیڤاڵە جیهانییەکان بکەن و تابلۆی تازەتر بەرهەم بهێنن..

کەواتە بۆیە لەم نوسینەمدا دەمەوێ پەنجه بخەمە سەر راستییەک ئەویش پەروەردەکردنی کلتوری ئێمە نەک هەرلەم بوارەوە بەڵکو لەوانی دیکەش جێی خۆیەتی هەمیشە هەنگاوی نوێبونەوەی بۆ بنرێ دواجار دەیڵێمەوە ئەو سەماکارانەی کەتیپی هونەرە میللییەکانی کوردیان بەدنیا ناساند بەتایبەت کچانی شایستەی مێدالیای ئازایەتین ،چونکە ئەو سەردەمەی ئەوان هاتنە سەرشانۆ هەموو بەهرە پیرۆزەکان بۆ کچان (بڤە)بوو.

print

 223 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*