سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » دوای خۆپیشاندانەكان

دوای خۆپیشاندانەكان

چەند ساڵێكە سنوری سلێمانی بەردەوام چاوی دامودەزگای راگەیاندنی لەسەر بووە، جارێك بەهۆی دروستكردنی حكومەت، جارێكی دیكە لەپێكهێنانی حكومەتی محەللی، جارێكی دیكە بەهۆی رێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی، ئەمجارەشیان بەهۆی ئەو زنجیرە خۆپیشاندانەی كە چەند ناوچەیەكی زۆنی سەوزی گرتەوە.
خۆپیشاندانی ئەمجارە جیاواز بوو لەوانی پێشوو، لەلایەك ناوچەیەكی بەرفراوانی گرتەوەو لەلایەكی دیكە لێكەوتەو ئەنجامیشی جیاواز بوو لەوانەی پێشوو! دەتوانین بڵێین ئەو خۆپیشاندانانە لەڕێڕەوی هێمنی لایدا، بووە كارو كاردانەوە، واتە جگە لەهێرشكردنە سەر بارەگای حزب‌و سوتاندنی، هاوكات خۆپیشاندەران هێرشیانكردە سەر ژمارەیەكی زۆر لەفەرمانگەی حكومەت كە فەرمانگەی خزمەتگوزاریی بوون‌و سوتاندیان، لەبەرامبەردا حكومەت‌و دامودەزگا ئەمنییەكان روبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە.
دەتوانین لەسەر ئەم خۆپیشاندانە چەند سەرنجێك بدەین، یەكەمیان: خۆپیشاندەران داواكارییەكی دیاریكراویان نەبوو، واتە داواو خواستی دیاریكراویان نەبوو بۆ حكومەت یان حزب، بەڵكو زیاتر توڕەیی خۆیان دەردەبڕی لەسەر چەند پرسێك، لەوانە: نەبونی موچەو خراپی بژێوی ژیان‌و نەبونی خزمەتگوزاریی. دووەم: ئەو دامودەزگایانەی هێرشیان دەكردە سەری، ناتوانن خواستی خۆپیشاندەران بێننەدی، یان لایەنی پەیوەندیدار نین بۆ وەرگرتنی داواو خواستی خۆپیشاندەران، بۆ نموونە هێرشكردنە سەر فەرمانگەی دادوەریی یان كارەباو شوێنەوار، چی بۆ خۆپیشاندەران دەكات؟ سوتاندنەكەشی كارێك بوو كاریگەری خراپی كردە سەر رەوایی خۆپیشاندان‌و داواو خواستی خۆپیشاندەران‌و تەنانەت توڕەییەكەشیان. سێیەم: ئەو خۆپیشاندانانە بەبێ‌ رێبەرایەتی بوو، نە كەسێك هەبوو نە حزبێك هەبوو رێبەرایەتیان بكات، هەموو لایەنە سیاسییەكان، دەیانویست توڕەیی خەڵك یان هاووڵاتیان بخەنە خزمەت بەرژەوەندی حزبییان، یان لانیكەم توڕەییەكەیان لەحزبەكەیان دووربخەنەوە، چونكە خۆپیشاندەران بارەگای هەموو حزبەكانیان سووتاند! واتە لەلایەك حزبە سیاسییەكان دەیانویست توڕەیی خەڵك بقۆزنەوە، لەلایەكی دیكە لەژێرەوە هەندێكیان لەدژی خۆپیشاندان بوون، ئەگەر ئەوان رێبەرایەتی نەكەن، بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارێكی سەرەكی داخستنی (كاتیی) تەلەفزیۆنی NRT بوون، كەچی بەیاننامەی خەمباریان بۆ داخستنی دەركرد!.
هەرچۆنێك بێت خۆپیشاندانی ئەمجارە جیاوازبوو لەوانی پێشوو، توندوتیژییەكی زۆری لێكەوتەوە، داواو خواستی خۆپیشاندەرانی ناوچەكە، دوای هەموو خەڵكی كوردستانە، واتە باشتركردنی ژیان‌و گرەنتیكردنی موچەو خزمەتگوزارییە گشتییەكان، ئەوانەش كاتێك دەكرێن، كە چاكسازیی بەهەموو ماناكانییەوە لەحوكمڕانیدا بكرێت، راستە بارودۆخ هێمن بۆتەوە، بەڵام كێشەو داواو خواستی خەڵك هێشتا وەكوخۆیەتی‌و چارەنەكراوە.
پشكی شێر لەهەوڵی چاكسازی‌و باشتركردنەوەی ژیانی خەڵك‌و لێپرسراوێتییەكەی، بەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەوێت، چونكە حزبێكی حوكمڕانەو كاریگەری گەورەی هەیە، هەنگاوەكانی یەكێتی بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك لە باشتركردنی رەوشی ناوخۆی یەكێتی دەستپێدەكات، كە ئێستا ئاڵۆزیی تێدایە، ئەگەر بارودۆخی یەكێتی باش بێت، بێگومان بڕیارو بەشداریكردنەكانیشی كاراو باش دەبێت، ئەمەش بەوەدەكرێت هەرچی زووە كۆنگرە بكرێت‌و بڕیار لەسەر شێوەی بەشداریكردن لە حوكمڕانی كوردستان‌و چۆنێتی باشتركردنی حكومەت‌و ژیانی خەڵك، بدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*