سەرەکی » راپۆرت » پوتین و هەموارکردنەوەی دەستووری روسیا

پوتین و هەموارکردنەوەی دەستووری روسیا

ئامادەکردنی: هەواڵ و سیاسەت

ماوەیەکە لەناو روسیادا قسەوباسی زۆر لە بارەی هەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت، لە ئەمڕۆشەوە رووسەکان دەنگ دەدەن لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور. بڕیاریشە هەتا 1ی تەمموز پرۆسەی دەنگدان بەردەوام بێت. ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆسەیەش، بەخشینی ماوەی زیاترە بە مانەوەی ڤلادیمیر پوتین لە پۆستی سەرۆکایەتی.

یەکەمین هەموارکردنەوەی دەستوور
جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی 1993 دا دووبارە دەستوورێکی نوێ بۆ روسیا نووسرایەوە، کە جیاواز بوو لە دەستووری پێشوو کە هی قۆناغی یەکێتیی سۆڤێتی جاران بوو. لە پاش رووخانی یەکێتیی سۆڤێتی، روسیا بووە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بۆیە دەستوورێکی نوێ نووسرایەوە. ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی نوێی روسیادا، دەستوور هەموار بکرێتەوە.

مانەوەی هەتا 2036
بەپێی ئەم هەموارکردنەوە نوێیە بێت، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ئێستای روسیا، دەتوانێت هەتا ساڵی 2036 لە پۆستەکەی بمێنێتەوەو چەندینجاری تریش مافی خۆ پاڵاوتنی هەیە. واتە دەبێتە سەرۆکی هەمیشەیی وڵات. هەرچەندە ساڵی 2024 وادەی سەرۆکایەتی تەواو دەبێت، بەڵام ئەم هەموارکردنەوە شانسی زیاتری دەداتێ، تا وەکو سەرۆکی روسیا بمێنێتەوە.

کودەتایە
گەرچی نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی روسیا ئەم کارە بە نادەستووریی و هەندێکیشیان بە کودەتای دادەنێن کە دژی دەستوور و دیموکراسی روسیا کرابێت. لەمبارەیەوە ئەلکسەی نافالنی سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند: ئەم پرۆسەیە زیاتر بۆئەوەیە کە شەرعییەتێک بە مانەوەی پوتین بدات و بیکاتە سەرۆکی هەمیشەیی روسیا. دەشڵێت: ئەم کارە نادەستووریی و کودەتایە بەسەر دیموکراسی روسیادا.

هەموو رێنماییەکی تەندروستی گیراوەتە بەر
لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی روسیا رایانگەیاند: لە بەر ڤایرۆسی کۆرنا، پرۆسەکەیان بۆ ماوەی هەفتەیەک درێژکردۆتەوە، تاوەکو قەرەباڵغی روونەدات لە شوێنەکانی دەنگدان. هەروەها 110 ملیۆن دەمامک و دەستکێش لە شوێنەکانی دەنگدان ئامادە کراوە، بۆئەوەی لە کاتی پرۆسەی دەنگداندا بدرێت بە خەڵکی.

جێگەی ئاماژەیە لەساڵی 2000 ەوە پوتین سەرۆکی روسیایە، گەرچی ساڵی 2008 بەشێوەیەکی کاتی وازی هێنا و بوو بە سەرۆک وەزیران بۆ ماوەی چوار ساڵ، بەڵام پاشان بووەوە بە سەرۆک، ئێستاش هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە ژێر دەستی خۆیدایە و نەیارانی بە دیکتاتۆر وەسفی دەکەن .

سەرچاوە:سایتی کەناڵی فرانس 24

print

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*