سەرەکی » ئابووری » له‌ ساڵێكدا زیاتر له‌ 158 هه‌زار ئۆتۆمبێل هاورده‌ی هه‌رێم كراوه‌

له‌ ساڵێكدا زیاتر له‌ 158 هه‌زار ئۆتۆمبێل هاورده‌ی هه‌رێم كراوه‌

فه‌تاح حه‌سه‌ن قه‌ڵاتی – هه‌ولێر

ساڵی 2019 له‌ڕێگه‌ی 285 كۆمپانیای بازرگانیی ئۆتۆمبێله‌وه‌، 158 هه‌زار و 342 ئۆتۆمبێل له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌كانی (ئیبراهیم خه‌لیل، حاجی ئۆمه‌ران، باشماخ و په‌روێزخان)ه‌وه‌ هاورده‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان كراون، به‌مه‌ش هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ سه‌نته‌رێكی فراوانی جموجۆڵی بازرگانیی ئۆتۆمبێل بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست ‌و باشووری عیراق، به‌جۆرێك رێژه‌ی (80%)ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی هاورده‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست ‌و باشووری عیراق.

(80%)ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی ‌و پیشه‌سازیی هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل له‌ساڵی 2019دا، به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند، له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی 285 كۆمپانیای بازرگانیی ئۆتۆمبێله‌وه‌، ئۆتۆمبێل هاورده‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، به‌مه‌ش له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا، 158 هه‌زار و 342 ئۆتۆمبێل به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌كانی (ئیبراهیم خه‌لیل، حاجی ئۆمه‌ران، باشماخ ‌و په‌روێزخان)ه‌وه‌ هاورده‌ی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان كراون.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “له‌و ژماره‌یه‌ش، 40 هه‌زار و 706 ئۆتۆمبێل به‌ڕێژه‌ی (26%) له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی ئیبراهیم خه‌لیل ‌و 54 هه‌زار و 481 ئۆتۆمبێل به‌ڕێژه‌ی (34%) له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران ‌و 57 هه‌زار و 884 ئۆتۆمبێلیش واته‌ به‌ڕێژه‌ی (37%) له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی باشماخ ‌و پێنج هه‌زار و 261 ئۆتۆمبێلیش واته‌ ڕێژه‌ی (3%) له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی په‌روێزخانه‌وه‌ هاورده‌كراون”.

به‌وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی بازرگانی، بازرگانی ئۆتۆمبێل ‌و هاورده‌كردنی جۆره‌كانی ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمی كوردستاندا یه‌كێكه‌ له‌و چالاكییه‌ بازرگانییه‌ به‌هێزانه‌ی كه‌ خواستێكی زۆری هاووڵاتیان ‌و بازرگانانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ سه‌نته‌رێكی جموجۆڵی بازرگانیی ئۆتۆمبێل بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست ‌و باشووری عیراق، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ڕێژه‌ی (80%)ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست ‌و باشووری عیراق.

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له‌ 1/7/2019 بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كۆنن ‌و لێدراون یاخود پارچه‌كانیان گۆڕاون، به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو تاڕاده‌یه‌ك هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل كه‌مبۆته‌وه‌، ئێستاش ته‌نیا رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌درێت كه‌ نوێن ‌و هه‌موو مه‌رجێكی توندوتۆڵیان تێدایه‌، ئه‌مه‌ش بڕیارێكی راست ‌و دروست بوو بۆ بواری هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌.

بڕیارێكی حكومه‌ت داهاتی كه‌مكرده‌وه‌

هاوكات، ره‌وه‌ند جه‌مال خاوه‌نی كۆمپانیای ره‌وه‌ند بۆ بازرگانیی و هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل له‌هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به‌ جموجۆڵی ئه‌و جۆره‌ بازرگانییه‌ رایگه‌یاند: ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان بازاڕی كڕین ‌و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل گه‌رم ‌و گوڕییه‌كی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی ‌و شاری هه‌ولێر به‌تایبه‌تی بۆته‌ سه‌نته‌رێكی فراوانی بازرگانیی ئۆتۆمبێل ‌و رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمبێلی هاورده‌كرا و له‌شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست ‌و باشووری عیراق ده‌كرێن، به‌مه‌ش داهاتێكی زۆری گومرگ ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت ‌و له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌لی كاركردن بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری كڕیار و فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.

ده‌شڵێت: “پێشتر ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆری به‌كارهێنراوی خاوێن ‌و بێ‌ كێشه‌مان له‌ بازاڕه‌كانی ئه‌مریكا و دوبه‌یه‌وه‌ هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرد، به‌ڵام له‌ كۆتایی ساڵی 2019 وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم به‌بڕیارێك هاورده‌كردنی هه‌موو ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ی قه‌ده‌غه‌ كرد، ئه‌مه‌ش گرفتێكی زۆری بۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كۆمپانیاكانی هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل دروستكرد و به‌شێكیان زیانی مادیی زۆریان لێكه‌وت. هاوكات حكومه‌تیش له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌دا زه‌ره‌رمه‌ند بوو، چونكه‌ بێبه‌ش بوو له‌ داهاتێكی زۆری گومرگ”.

داواشی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت كرد كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڕیاره‌دا بكه‌ن ‌و رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێله‌ مۆدیل نوێ به‌كارهاتووه‌كان بده‌ن”.

print

 181 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*