سەرەکی » وتار » بەراوردێکی نەشیاو لە نێوان مۆرەکەی سوڵتان و…

بەراوردێکی نەشیاو لە نێوان مۆرەکەی سوڵتان و…

بەراوردێکی نەشیاو لە نێوان مۆرەکەی سوڵتان و ئیمزاکەی وەزیردا وەڵامێک بۆ د. ڕزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز

سامان سیوەیلی*

د. رزگار عەبدولکەریم عەبدولعەزیز کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووریدا وتارێکی لە (سایتی کوردستانی نوێ)دا، لە رۆژی (٢٤/٦/٢٠٢٠) لەژێر ناونیشانی (رووتاندنەوە لەپەنای یاسادا. کاتێک حکومەت خزمەتکاری کۆمپانیاکانە) بڵاو کردۆتەوە، کە تیایدا تەنها لەیەک گۆشەی بچووکەوە رووانیوێتییە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە داشکاندنی کرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩ – ٢٠٢٠)، لەبەرئەوەی وتارەکەی نەیتوانیووە رووماڵی کۆی پرسەکە بکات و ناڕەوایانە هەر لە تایتڵی وتارەکەیەوە رەخنە لە هەڵوێستی وەزیری پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە دەگرێت و دواتریش کەمیی زانیاری پێویست خستوویەتییە چەندین هەڵەوە، بۆیە بەپێویستم زانی ئەم چەند خاڵە وەک وەڵامێک بۆ وتارەکەی و بۆ رای گشتی بخەمەڕوو، بۆ ئەوەی کۆی دیمەنەکە وەک خۆی بگات و بە ویژدانەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی وەزیری پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە دەربارەی ئەو پرسە بکرێت:

١- دەبوو د. رزگار وەک پسپۆرێکی ئابووری نەکەوتایەتە ئەو هەڵەیەی کە وابزانێت پرسی داشکاندنی کرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان لە دەسەڵاتی وەزیری پەروەردەدایە، لەکاتێکدا دەبوو بەئاگا بوایە داشکاندنی کرێی خوێندن لەڕووی یاساییەوە بەپێی یاسای ژمارە (١٤) ی ساڵی (٢٠١٢) لە دەسەڵاتی وەزیردا نییە، هەرچەندە وەزیری پەروەردە لەوەتەی دەستبەکاربووە لە کابینەی نۆیەمدا، تێبینی لەسەر ئەو یاسایە هەبووە، هەربۆیە چەند مانگێکە سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی نوێیە بە هاوکاریی ستافێکی تایبەتمەند، لەئێستاشدا ئەو پڕۆژە یاسایە رەوانەی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان کراوە و تیایدا هەموو کەموکوڕییەکانی یاساکەی پێشوو چارەسەرکراون، لەگەڵ ئەمەشدا بەڕەچاوکردنی رەوشی دارایی هاووڵاتیانی کوردستان و ئەو خێزانانەی جگەرگۆشەکانیان بە ویستی خۆیان لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان دەخوێنن، وەزیری پەروەردە هەر زوو هاتە سەر هێڵ وەک بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیانە بەرامبەر ئەو هاووڵاتییانە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان ئەنجامدا و داوای لێکردن ئەوانیش بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە هەڵبگرن و داشکاندن لە کۆی کرێی خوێندنی ئەمساڵدا بکەن، هاوکات کرێی نانخواردن و هاتوچۆی مانگەکانی (٥،٤،٣) لە کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران وەرنەگرن ئەگەر وەریش گیرابێت بۆیان بگەڕێننەوە، دەشبێت شایستە داراییەکانی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و رێنماییکارانی ئەو قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکانە خەرج بکەن، بەخۆشحاڵییەوە نوێنەرانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان (وێڕای تێبینی هەندێکیان لەسەر ئەم داوا و دەستپێشخەرییەی وەزارەتی پەروەردە) تێگەیشتنیان بۆ رەوشەکە هەبوو، هەرچەندە زۆربەیان لە سەرەتای ساڵی خوێندنی (٢٠١٩ – ٢٠٢٠) دا خۆیان دەستپێشخەرییان بۆ کەمکردنەوەی کرێی خوێندن کردووە، پاش گفتوگۆیەکی چەند کاژێڕی ئەو بڕە لە داشکاندن پەسەندکرا، وێڕای ئەوەی ئەم داوایەی وەزیری پەروەردە لەوان هیچ پاڵپشتییەکی یاساییشی نەبوو.

٢- پێگەی بەرپرسیارێتی ئەوە نییە تەنها لە یەک گۆشەوە هەڵسەنگاندن بۆ پرسێک بکرێت، وەزیری پەروەردە خوێندنەوەی دروستی بۆ سەرجەم رەهەندەکانی پرسەکە کردووە، قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان مووچەی زیاتر لە (١٣) هەزار مامۆستا و رێنماییکار و فەرمانبەر دەدەن، جگە لە دەیان خەرجی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندنی ئەوان، تەنانەت لە ماوەی کەرەنتیندا زۆربەی قوتابخانەکان بە ئۆنلاین بەردەوامییان بە پرۆسەی خوێندن داوە، ئەگەر فشاری زیاتر لەوان بکرایە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبوو لەسەر حسابی شایستە داراییەکانی زیاتر لە (١٣) هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بووایە، جگە لەوەی هەندێک لەو قوتابخانە و پەیمانگەیانە، ژمارەی قوتابی و خوێندکاریان زۆر نییە، رەنگە فشاری زیاتر ئەوانی دووچاری شکست پێهێنان بکردایە، لەکاتێکدا زیاتر لە (٨٠) هەزار قوتابی لەو ناوەندە ناحکومیانەدا دەخوێنن.

٣- ئەگەر ئەو نموونەیەی د. رزگار بهێنینەوە کە دەڵێت ئەگەر کرێی خوێندنی منداڵێک بۆ ساڵێک بە (٢٥٠٠) دۆلار بێت، ئەوا (٢٥٠) دۆلار داشکاندنی بۆ کراوە بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، ئەمە تەسک بینییە بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، چونکە دروست وابوو وەک ئابووریناسێک بەمجۆرە بیخوێندایەوە: (٨٠٠٠٠) قوتابی بۆ هەریەکێکیان (٢٥٠) دۆلار، دەکاتە (٢٠،٠٠٠،٠٠٠) بیست ملیۆن دۆلار، هەرچەندە جیاوازیی لە کرێی خوێندنی ئەو قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیانەدا هەیە، بەڵام ئەمە وەک نموونەیەک بۆ نموونەکەی ئاماژەم پێدا، لێرەدا من لە د. رزگار دەپرسم: ئایا کاتێک یاسا دەسەڵاتی نەدابێت بە وەزیری پەروەردە، بەڵام وەک هەست بە بەرپرسیارێتی کردن بەرامبەر ئەو قوتابی و خوێندکارانەی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی دەخوێنن، (بە ئیمزای وەزیر) ئەو بڕە پارە زۆرەی بۆ گیرفانی دایکان و باوکانیان گەڕاندبێتەوە کارێک و هەنگاوێکی گەورە نییە؟.

٤- خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە حکومی و ناحکومییەوە هەتا رۆژی (٢٥/٢/٢٠٢٠) بەردەوام بووە، ئەگەر د. رزگار ئاگاداری ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بووایە، دەبوو بزانێت کە ساڵانە مانگی ئادار چەندین بۆنەی تێدایە کە زیاتر لە نیوەی مانگەکە دەبێتە پشوو، ئەگەر رۆژانی هەینی و شەممانی مانگی چواریشی بخرێتە سەر کە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان دەوامی شەممانیشیان نییە، ئەوە کەمتر لە سێ هەفتەی خوێندنی ساڵ نەخوێندراوە نەک (٤٠%) ی ساڵی خوێندن.

٥- وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی خوێندنی خۆڕایی بۆ سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان رەخساندووە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار لە قوتابخانە و پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن، ساڵانەش ئەنجامی ئەزموونە گشتییەکانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی سەلماندوێتی کە قوتابخانە حکومییەکان لە چ ئاستێکدان کاتێک بەراورد بکرێن بە خوێندنی ناحکومی، لەگەڵ ئەمەشدا کاتێک خێزانێک خۆی بە ویستی خۆی جگەرگۆشەکەی بخاتە قوتابخانەیەکی ناحکومی و بەویستی خۆی گرێبەست واژوو بکات، دەبێت بزانرێت ئەو گرێبەستە وابەستەبوون دەخاتە سەرشانیان.

٦- بە تەحەداوە دەڵێم وەزیری پەروەردە هیچ بەرژەوەندییەکی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و دەزگا پەروەردەییە ناحکومیانە نییە و ناشبێت، هەر بۆ زانیاری د. ڕزگار و خوێنەران لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە لە (١٦/٧/٢٠١٩) هەتا ڕۆژی (٢٥/٢/٢٠٢٠) کە دوا ڕۆژی خوێندنی ئەمساڵ بوو، زیاتر لە (٥٠٠) ملیۆن دینار سزای (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە) ناحکومییەکانی داوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم، بەهۆی سەرپێچی و جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەوە لەلایەن ئەو کۆمپانیا و دەزگا پەروەردەییە ناحکومیانەوە و هیچ سازشێک بەرامبەریان نەکراوە و ناکرێت، بەداخەوە د. رزگار نائاگایانە شوبهاندنێکی لەنێوان مۆرەکەی سوڵتان و ئیمزاکەی وەزیری پەروەردەدا کردووە، کە دوورە لە ئەتەکییەتی نووسین.

٧- وەزیری پەروەردە خۆی هیچ منداڵێکی لە هیچ قوتابخانەیەکی ناحکومی ناخوێنن، بەڵکو لە قوتابخانەیەکی ئاسایی حکومی دەخوێنن، د. رزگاریش وەک هاونیشتمانییەکی ئەم هەرێمە ئەگەر منداڵەکانی لە قوتابخانەیەکی حکومی بیانخوێندایە ئەوا نەدەکەوتە ئەم تەنگییە داراییەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە ئاست و پێگەی خاوەن بڕوانامەیەکی باڵای وەک د. رزگار دەبوو پێش نووسینی وتارەکەی بەدوای زانیاریی دروستتر و وردتردا بگەڕایە بۆئەوەی نەکەوتایە ناو ئەو هەڵانەوە.

 

* چالاکوانی پەروەردەیی

 

print

 601 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*