سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » “ڤایرۆسی کۆرۆنا،لە پڵنگێکی دڕندەوە بۆ پشیلەیەکی کێوی”

“ڤایرۆسی کۆرۆنا،لە پڵنگێکی دڕندەوە بۆ پشیلەیەکی کێوی”

پرۆفیسۆر ماتیۆ باسیتی پسپۆڕی تایبەتمەند و مامۆستای نەخۆشییە گوازراوەکان لە زانکۆی جەنەوا-ی ئیتالی دەڵێت: ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پڵنگێکی دڕندەوە گۆڕاوە بۆ پشیلەیەکی کێوی ء رەنگە بەبێ ڤاکسینیش لەناوبچێت ء نەمێنێت.

ئەو پسپۆڕە ئیتالییە بە رۆژنامەی تەلیگراف-ی بەریتانی راگەیاندووە، کە بەهۆی لاوازبوونی ئەو هێزەی یەکەمجاری هەیبوو کە پێش چەند مانگێک وەکو پڵنگێکی دڕندە بوو، بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ پشیلەیەکی کێوی، پێیوایە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر لەخۆیەوە لەناودەچێت و نامێنێت.

روونیشیکردۆتەوە: لە مانگی رابردوودا ئەو ڤایرۆسە گەیشتە ترۆپک و ئەو نەخۆشانەی لەمەوبەر بەهۆیەوە دەمردن، ئێستا چاک دەبنەوە.

پێدەچێت پێویست بە بەرهەمهێنانی ڤاکسین نەکات
ماتیۆ باسیتی ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆربەی توشبووەکان لە ماوەی مانگەکانی سێ ء چواری رابردوودا لەبەرئەوەی باری تەندروستییان زۆر خراپ بوو دەخرانە ژێر چاودێرییەوە، چونکە توشی تەنگە نەفەسی زۆر ء سستیی ئەندامەکانی دیکەی لەش دەبوون و لە چەند رۆژی یەکەمدا گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام ئێستا لەو جۆرە حاڵەتانە نابینین، تەنانەت توشبووە بە ساڵاچووەکانیش کە تەمەنیان لە نێوان 80 بۆ 90 ساڵدایە، لە جێگەدا دانیشتوون ء بەبێ هیچ یارمەتییەک هەناسە دەدەن، لەکاتێکدا پێشتر ئەگەری گیانلەدەستدانی ئەو نەخۆشانە زۆر بوو و لەماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا دەمردن.

ئێستا کەمتر هەڵگری ڤایرۆسەکەین
ئەو پسپۆڕە ئیتالییە دەڵێت: پێدەچێت کەمبوونەوەی حاڵەتەکان ئەوە بگەیەنێت کە پێویست بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی تایبەت بەو پەتایە نەکات، لەبەرئەوەی ڤایرۆسەکە لەوانەیە هەرگیز نەگەڕێتەوە ء لەخۆیەوە بمرێت، چونکە پێموایە سیستمی بەرگری لەشمان کارلێکی لەگەڵدا کردووە ء ئێستا کەمتر هەڵگری ڤایرۆسەکەین، ئەوەش بەهۆی خۆپارێزی لە رێگەی کەرەنتین ء بەکارهێنانی ماسک ء دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام هەر پێویستە بگەینە هۆکاری جیاوازییەکەی ئەو ڤایرۆسە لەگەڵ پێشوویدا.

ماتیۆ باسیتی بە رۆژنامە بەریتانییەکەی راگەیاندووە: لەسەر بنەمای ئەنجامە تاقیگەییەکانەوە نەگەیشتۆتە ئەو ئەنجامە، بەڵکو تەنها لە رێی تێکەڵبوونی تایبەتی خۆی لەگەڵ توشبووان ء قسەکردن لەگەڵ پزیشکان ء پسپۆڕانی دیکەی بواری نەخۆشییە گوازراوەکانەوە بووە.

کۆک و ناکۆک
لێدوانەکەی باسیتی لەگەڵ لێدوانی پرۆفیسۆری فەرەنسی دیدیە راوول بەڕێوەبەری پەیمانگەی ناوەندی بۆ نەهێشتنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە شاری مارسیلیای فەرەنسی یەکدەگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ فێرگەی بەریتانیا بۆ چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکان یەکناگرێتەوە، کە پێیوایە بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخێرایی توشی خەڵک دەبێت ء خێرا بڵاودەبێتەوە، پێدەچێت بۆ ماوەیەکی زۆر یان چەند ساڵێک بمێنێتەوە.

سەرچاوە، ئاژانسەکان

print

 229 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*