سەرەکی » وەرزش » گه‌شتی دوو كچه‌ كوردی ناودار بۆ بارسێلۆنا

له‌ نادیه‌ موراده‌وه‌ بۆ نه‌وژین مسته‌فا

گه‌شتی دوو كچه‌ كوردی ناودار بۆ بارسێلۆنا

كاره‌ساته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكی سوریاو عیراق به‌ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعش و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌یان پڕیه‌تی له‌مه‌رگه‌سات و داساتنی جه‌رگبڕ.
ئه‌نفالی كوردانی ئێزیدی به‌ده‌ستی داعش مه‌رگه‌ساتێكه‌ له‌یاد ناكرێت، له‌نێو ئه‌م ئازاره‌وه‌ كچه‌ كوردێك دنیای سیاسه‌تی هه‌ژاند كه‌ نادیه‌ موراد بوو، ئه‌م كچه‌ كورده‌ هه‌موو ئاواته‌كه‌ی له‌سه‌رو هه‌موو ئازاره‌كانییه‌وه‌ گه‌یشتن بوو به‌ شاری بارسیلۆناو یانه‌ی بارسیلۆناو چوونه‌ نێو كامپ نو، ئه‌و ئاواته‌شی هاته‌دی و به‌دیداری هه‌موویان شاد بوو.
ئه‌مجاره‌ نه‌وژین مسته‌فای ته‌مه‌ن 18 ساڵ كچه‌ كوردێكی تره‌، ئه‌میش له‌ناو جه‌رگه‌ی ئازاره‌كانی خه‌ڵكه‌ كورده‌كه‌ی شاری حه‌ڵه‌به‌وه‌ پاش ئاواره‌ بوونی و گیرسانه‌وه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ شاری كۆڵن، ئه‌و خه‌ونه‌ی هه‌یبوو ئه‌وه‌بوو بگاته‌ بارسیلۆناو یانه‌ی بارسیلۆناو به‌ ئه‌ستێره‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ شاد بێت و ئاماده‌ی یارییه‌ك بێت له‌كامپ نو.
نه‌وژین ساڵی 2014 له‌به‌ر شه‌ڕی داعش حه‌له‌ب جێده‌هێڵێت و به‌ڕێگایه‌كی پڕ مه‌ترسی و مه‌رگه‌ساتدا توانی بگاته‌ ئه‌ڵمانیاو له‌وێ مافی په‌نابه‌ری له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م كچه‌ كورده‌ سه‌ختی گه‌شته‌كه‌ی له‌وه‌دابوو ئه‌م خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بوو، زۆر زه‌حمه‌ت بوو به‌كورسییه‌كه‌یه‌وه‌ بگاته‌ ئه‌ڵمانیا، دواجار خه‌ون و خه‌یاڵی كرده‌ واقیع و ئێستا له‌و وڵاته‌ په‌نابه‌ره‌.
یه‌كه‌م وێستگه‌ی گرنگ له‌ ژیانی ئه‌م كچه‌ كورده‌ و یه‌كه‌م ئاواتی ئه‌وه‌بوو بگاته‌ ئه‌وروپاو به‌ئارامی ژیان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به‌سه‌ر ببات، ئه‌وه‌ش به‌ بڕینی رێگایه‌كی سه‌خت و پڕ مه‌ترسی له‌ حه‌ڵه‌به‌وه‌ بۆ توركیاو پاشان بۆ یۆنان و چه‌ند وڵاتێكی تر تا ئه‌ڵمانیا.
له‌و گه‌شته‌ سه‌خته‌داو له‌سه‌ر سنوری نێوان سربیاو هه‌نگاریا چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌ نووسیی له‌گه‌ڵ په‌یامنێرێكی (بی بی سی) ده‌كات، كریستینا لامپی كچه‌ نووسه‌رو رۆژنامه‌ نووسی به‌ریتانیش كه‌ زۆر گرنگی به‌بارو دۆخی په‌نابه‌ران ده‌دات، له‌گه‌ڵ نه‌وژین رێككه‌وت چیرۆكی گه‌شته‌ پڕ كاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌كه‌ی بۆ بگێڕێته‌وه‌ تا بیكات به‌كتێبێك، دواجاریش كتێبه‌كه‌ به‌ناوی (گه‌شته‌ ناماقوڵه‌كه‌ی نه‌وژین) بڵاو بووه‌وه‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆریشی هه‌بوو.
دووه‌م وێستگه‌ی گرنگی ژیانی ئه‌م كچه‌ و دووه‌م ئاواتی ئه‌وه‌بوو به‌ یانه‌ی بارسیلۆنا شاد ببێت، چونكه‌ ئه‌م یانه‌یه‌و ئه‌ستێره‌كانیشی زۆر خۆشده‌وێت.
كاتێك لێپرسراوانی یانه‌ی بارسیلۆنا به‌م خه‌ونه‌ی نه‌وژین ده‌زانن، پاسێكی تایبه‌ت له‌ بارسیلۆناوه‌ دەنێرن بۆ شاری كۆڵن و نه‌وژین ده‌هێنن بۆ بارسێلۆناو له‌وێش میسی و پیكێ‌ و ئینێستا و تیر شتیگن و سه‌رۆكی یانه‌ پێشوازی لێده‌كه‌ن.
له‌و كاته‌شدا یارییه‌كی بارسا له‌ لالیگادا هه‌بوو، وه‌ك میوانی شه‌ره‌ف میوانداری ده‌كه‌ن و ته‌له‌فزیۆنی بارسیلۆناش فیلمێكی دیكۆمینتارییان له‌ سه‌ر ژیانی نه‌وژین و گه‌شته‌كه‌ی بۆ ئه‌وروپاو سه‌ردانی یانه‌ی بارسیلۆنا بۆ دروستكرد و دواتر گه‌یه‌نرایه‌وه‌ شوێنی خۆی.

print

 33 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*