سەرەکی » ئاراستە » ناوچەی باڵەکایەتی لە نێوان ھۆلاکۆ و کۆرۆنادا

ناوچەی باڵەکایەتی لە نێوان ھۆلاکۆ و کۆرۆنادا

موحەممەد گەڵاڵەیی*

باڵەکایەتیی؛ ناوچەیەکی خاوەن تایبەتمەندی ھەمەلایەنەی ژیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و خوێندەوارییە لە مێژووی تۆمارکراوی کورد دا، بەڵام لە چاوی داگیرکەرانی کوردستاندا، ناوچەیەکە گرنگی جیۆستراتیژی سەربازی ھەیە..!

ھێرشی مەغۆلەکان بەسەرکردایەتی جەنگیزخان(١١٦٥-١٢٢٧) و دواتر نەوەکەی ھۆلاکۆ (١٢١٧-١٢٦٥) لە سەرەتای سەدەی سیانزەھەم ١٢٠٠ زائینی دا بۆ سەر خۆرھەڵاتی ئیسلامی کە لە جێۆگرافیای ئێستادا بە باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا ناسراوە دەستی پێکرد، بۆ ساڵی ١٢٥٨ زائینی بەسەرکرادیەتی ھۆلاکۆ گەیشتنە شاری بەغداد و کۆتاییان بە خەلافەتی عەباسی ھێنا..!

مێژوونووس و پسپۆری خۆرھەڵاتی کەونار خوالێخۆشبوو: پرۆفیسۆر دکتۆر جەمال رەشید، لە چاوپێكه‌وتنێكی گۆڤاری كوێستان دا له‌ ژماره‌(25-26)ی ئایار-حوزەیرانی 2010 ی لاپه‌ڕه‌كانی 10 و 11 دا، بەمشێوەیە باسی ھاتنی مەغۆلەکان بۆ سەر ناوچەی خانێ خۆرھەڵاتی کوردستان و حاجی ئۆمەرانی باڵەکایەتی لەباشووری کوردستان دەکات:(لەبەرئەوەی ئێرە[مەبەستی باڵەکایەتییە] ناوچەیەکی ستراتیژییە، زۆر خەڵک ویستویەتی داگیری بکات..چ لەسەردەمی مەغۆل، بۆ نمونە مەغۆلەکان کە ھاتن ھەر لە دەرگای ناوچەی خانە و حاجی ئۆمەران شەش ساڵ مانەوە و نەیانتوانی بەھۆی سەختی شوێنەکە بپەڕنەوە و ھەتا چوونەوە خوارتر لە ناوچەی خانەقینەوە چوون بەغدایان داگیرکرد)، بۆماوەی شەش ساڵ سەربازگەی مەغۆلەکان لە حاجی ئۆمەران و خانێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ناوچەی باڵەکایەتی داگیر بکەن و دواتر بە ڕێگەی دەشتی دیانا-ھەریر-ھەولێر دواتر بۆ دەشتی کەرکوک-موصڵ گەیشتن بە شاری بەغداد، بەڵام دوای شەش ساڵ واتە لە ١٢٥٢-١٢٥٨، پرۆژەی مەغۆلەکان شکست دەھێنێت و ڕوو لەناوچەی کرمانشاه لە باشووری رۆژئاوای ئێران دەکەن، بەناوچەی خانەقین لە خۆرھەڵاتی بەغداد دا دەگەنە ناو دڵی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی، کە مەغۆلەکان توانیان بە دوانزە ڕۆژ بەغداد بگرن، ئەمەریکیەکان لە ٢٠٠٣ بەم ھەمو تەکنەلۆجیایە پێشکەوتوە شاری بەغدادیان بە ٢١ ڕۆژ لە چنگی حکومەتی بەعس(١٩٦٨-٢٠٠٣) رزگارکرد.

ھۆکاری سەرەکی شکستی مەغۆلەکان کە نەیانتوانی باڵەکایەتیی داگیر بکەن بۆ رووخاندنی بەغداد، کە ھەرچەندە ئەوان لەوڵاتی چین و ماچینەوە ھاتبون و وڵاتان و خاکێکی زۆریان داگیرکردبو، بەڵام دوای ناردنی چەند گروپێکی سەربازی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ڕووی جێۆگرافی و سەربازی و پێکھاتەی دانیشتوانەکەی، بڕیاڕی پاشەکشە دەدەن، چونکە بونی شاخی بەرز بەرز کە بەسەر ڕێگەکانی دەڕوانی و زۆر بەئاسانی لە دۆڵە سەختەکانی باڵەکایەتیی دەرباز نابون، نەیاندەویست ھەمان شکستی گەورەی یۆنانیەکان کە بەھێزی دە ھەزارەکە لە مێژووی کۆندا ناسراوە، کە لە ساڵی ٤٠١ی پێش زائینی لە شەڕگەی (کۆناکسا: لەخواروی شاری مەدائین) کە تێیدا کۆرشی بچوک کوژرا، کە لەهەمانکاتدا دە هەزار سەربازی یۆنانی پشتیوانیان دەکرد بۆ لادانی براکەی ئەردەشێری دووەم، کە ئیمپراتۆری ئەخمینی بو، کە کۆرشی بچوک داوای عەرشی ئیمپراتۆریەتی دەکرد، هێزەکانی یۆنانی کە بە دە هەزارەکە لە مێژوودا بەناوبانگن بەخاکی کوردستان بەسەرکردایەتی گەزنەفۆن(٤٣٠-٣٥٤ پێش زائین) تێپەڕبون، بەڵام لەسەر دەستی کاردۆخییەکان توشی نەھامەتیەکی زۆر ھاتن هەتا گەیشتن بەسەر دەریای ڕەش لە شوباتی ساڵی ٤٠٠ پێش زائین، هەڵمەتەکە پێنج مانگی خایاندوە، بۆ زانیاری خوێنەران دواتر گەزنەفۆن مێژووی ئەم شەڕ و بەسەرهاتانەی لە کتێبب بەناونیشانی(ئاناباسیس) نووسیی، واتە: ( ڕێڕۆیشتنی سەربازی یان کشان بەناو وڵاتێک دا)، کە لە ساڵی ٢٠١٣ ئەم کتێبە لە زمانی یۆنانی کراوەتە کوردی، لێرەدا مەغۆلەکان نەیاندەویست تووشی هەمان چەرمەسەری و پێکدادان ببن، چونکە لە باڵەکایەتی هۆزی زەرزاییەکان نیشتەجێ بونە، لە دامێنی شاخی مامەڕووت شارێکی گەورەی زەرزاییەکان هەبوە، ئەو هۆزە بە شەڕکەر و ئازا ناسراون، بۆیە مەغۆلەکان ڕێگەی باشووری خۆرائاوای ئێرانی ئێستایان بۆ گەیشتن بەشاری بەغداد ھەڵبژارد، چونکە دوای هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر وڵاتانی خۆرهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا، لەوانەیە ئەو سەرچاوانەی باسیان لە ڕێڕۆیشتنی هێزی دە هەزارەکەی یۆنانی کردوە، یان کتێبی دە هەزارەکەیان چنگ کەوتبێت و لەڕووی زانستی سەربازی ئەوکاتەوە تەتەڵەیەکی باشیان بۆ ئەنجامدابێت، بە کورتی نەیانویستبێت هەڵە سەربازییەکان دووبارە بکەنەوە..!

ئەم تۆمارە مێژووییە خۆڕاگری خەڵکی باڵەکایەتیی و قایمی ناوچەکە و چیاسەرکەشەکانی دەردەخات، کە شکستی بە ئامانجی داگیرکاری مەغۆلەکان ھێناوە، لەھەمانکاتیشدا بۆتە بەربەستێک لە ڕوودانی کارەساتی کوشتار و تاڵانکاری مەغۆلەکان، کە پێش ئەوەی مەغۆلەکان بگەنە باڵەکایەتیی لە شاری دیاربەکر و باکووری کوردستان کوشتار و تاڵانییەکی زۆریان ئەنجامدابو.. ھەروەھا باڵەکایەتیی لە مێژوودا ئەوەی پێبڕاوە کە داگیرکردنی زۆر ئاسان نییە، بەتایبەتی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی بەم ھەمو ھێزەی ھەیبو چۆکی لەبەر داد، کەواتە؛ ھەر شاری ھەولێر ھۆلاکۆ بەزێن نییە، بەڵکو باڵەکایەتیش ھۆلاکۆ بەزێنە، بەپێی ئەم تۆمارە مێژووییەی لەسەرەوە نووسیمان.

ئەمرۆژانە دیسان پەتای کۆرۆنا بە مەملەکەتی باڵەکایەتی دا بڵاوبۆتەوە، کە سەرچاوەی ئەم پەتایە وڵاتی باب و باپیرانی مەغۆلەکانە یان ئەو وڵاتەی مەغۆلەکان لێیوەی ھاتن بۆ ئەوەی باڵەکایەتی داگیر بکەن، ئەوان نەیانتوانی باڵەکایەتیی داگیر بکەن، بەڵام کۆرۆنا باڵەکایەتی خستە نێو بازنەی پەتاکە، بەڵام ھەروەک ئەو سەدانەی پێشوو باسمان کرد، کە چۆن باڵەکایەتی بۆماوەی شەش ساڵ خۆی لەبەردەم ھێرشی بەربەریترین ھێزی دونیا گرت، لەھەمان سەردەم دا بەغداد کە ناوەندی خەلافەتی عەبباسی و دەسەڵات بو، بە دوانزە ڕۆژ کۆتایی ھات، خەڵکی ئێمە لە ناوچەی باڵەکایەتیی بەورەییەکی بەرزی سەربەرزی و نەمری وەک لە مێژوودا تۆمارکراوە، ئەم ناخۆشییە تێدەپەڕێنێت، چۆک بەو پەتا جیھانیە دەدات بە پشتیوانی خودا و خۆراگری خەڵک وەک بەفری سەرچیا سەرکەشەکانی دەیتوێنێتەوە و دەیکات بە تۆمارێکی زیندووی تێکۆشان لە دژی پەتایەکی جیھانی دا.

*مامۆستا لەبەشی مێژووی فاکەڵتیی ئاداب لە زانکۆی سۆران.

print

 241 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*