سەرەکی » دۆسێ » فه‌ره‌نسا یارمه‌تی‌ پێشكه‌ش به‌ عیراق ده‌كات

لۆدریان له‌ به‌غدا بوو

فه‌ره‌نسا یارمه‌تی‌ پێشكه‌ش به‌ عیراق ده‌كات

فه‌ره‌نسا كۆمه‌ك و یارمه‌تی‌ پێشكه‌ش به‌ عیراق ده‌كات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ په‌تای‌ كۆرۆنا و جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی‌ هاوكاریی‌ وڵاته‌كه‌ش ده‌كاته‌وه‌ له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ دواییدا جان ئیڤ لۆردیان وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا سه‌ردانی‌ به‌غدا و هه‌ولێری‌ كرد.

حكومه‌تی فه‌ره‌نسا بڕی 300,000 یۆرۆ (334,448) دۆلاری ئه‌مریكی) ته‌رخانكرد بۆ پشتیوانیكردن له‌ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی حكومه‌تی عَراق بۆ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان. ئه‌م كۆمه‌كیه‌ به‌كاردێت بۆ كڕینی ئامێری هه‌واگۆڕكێ كه‌ بریتیه‌ له‌ ئامێرێكی ڕزگار كار بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری به‌سڕه‌ له‌ باشووری عیراق.

زێنه‌ عه‌لی ئه‌حمه‌د، نوێنه‌ری نیشته‌جێی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان له‌ عیراق، ده‌ڵێت:» ده‌ركه‌وتنی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا، بوه‌ هۆی توندكردن و گه‌وره‌كردنی ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ی كه‌ هه‌بوون له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌كانی به‌سڕه‌دا، كه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدابوون بۆ گه‌شتن به‌ ژێرخان و خزمه‌تگوزاریه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان. ئێمه‌ زۆر سوپاسگوزاری ئه‌م به‌خشینه‌ی فه‌ره‌نساین كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانی به‌سڕه‌ كه‌ كه‌ پێداویستیه‌كان تێیایدا لاوازه‌. له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تا جیهانیه‌دا، بینیمان چۆن ئه‌م ئامێره‌ هه‌واگۆڕكێیانه‌ ده‌كرێت ژیانی كه‌سه‌كان ڕزگار بكه‌ن.

سه‌رباری ئامێری هه‌واگۆڕكێ و كه‌لوپه‌لی پێویستی تر كه‌ دابین كراون بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌، به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان له‌عێراق له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كه‌ی دابڕاندن دروست ده‌كات، له‌گه‌ڵ دابینكردنی كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی بۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بۆ ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، و خێراكردنی توانستی پشكنینی تاقیگه‌كان بۆ زیادكردنی ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشه‌كان. هه‌روه‌ها پشتگیری ده‌كات له‌ سه‌كۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی هوشیاری له‌ ئینته‌رنێت سه‌كۆی كۆرۆنا له‌ عیراق كه‌ نیشانه‌ و مه‌ترسیه‌كانی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات، و قسه‌لۆكه‌كان پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ و نیشانه‌كان ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ هاندانی خه‌ڵكی تا به‌دوایی ڕاوێژی ته‌ندروستیدا بگه‌ڕێن.

باڵوێزی فه‌رنسا له‌ عیراق، برونۆ ئۆبێرت، ده‌ڵێت:» فه‌ره‌نسا به‌ ته‌واوه‌تی پابه‌نده‌ به‌وه‌ی به‌ چاڵاكانه‌ پشتیوانی حكومه‌تی عێراق بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیه‌كانی دانیشتوانی عێراق. ئه‌م كه‌لوپه‌له‌ پزیشكیانه‌ ده‌بێته‌ هۆی یارمه‌تیدانی تیمه‌ پزیشكیه‌كان له‌ باشوری عێراق بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ كتوپڕه‌ و بتوانن ژیانی زیاتر ڕزگار بكه‌ن. ئێمه‌ پێشوازی له‌ هه‌موو هه‌ولێك ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان، و بۆ هه‌ماهه‌نگیكردنی یارمه‌تیه‌كانی به‌خشه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ له‌ عیراقدا.

سه‌رباری به‌سڕه‌، هه‌وڵه‌كانی به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌چێت بۆ پارێزگاكانی ئه‌نبار، بابل، زیقار، دیاله‌، دهۆك، كه‌ربه‌لا، كه‌ركوك، میسان، نه‌جه‌ف، نه‌ینه‌وا و سه‌لاحه‌دین.

له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌خشینه‌ی فه‌ره‌نسادا، تا ئێستا پاریس 7.8 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی به‌خشیوه‌ به‌ به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان له‌ عیراق له‌ سالی 2015 ه‌وه‌.

له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ فه‌ره‌نسا، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌میانی‌ پێشوازیكردنی له‌ جان ئیڤ لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ر‌ه‌نسا له‌ 16ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 له‌ به‌عدا، بانگهێشتنامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد، تا سه‌ردانی عیراق بكات.

به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی عیراقی (واع)، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له ‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ جان ئێڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا په‌یوه‌ندییه‌كان و پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاتی دۆستیان تاوتوێ كردووه‌.

كازمی ئاماژه‌ی به‌ گرنگی رۆڵی فه‌ره‌نسا كردبوو له‌پشتیوانیكردنی عیراق له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و پاشماوه‌كانی داعش.

له‌و دیداره‌دا كازمی‌ رایگه‌یاندبوو، «عیراق ئاماده‌یه‌ بۆ هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان، كه ‌پاڵپشتی ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌كه‌ن له‌نێویشیاندا وڵاتی فڕه‌نسا»، له‌هه‌مانكاتدا بانگهێشتنامه‌یه‌كی به‌ده‌ستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فڕه‌نسا ئاڕاسته‌ی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فڕه‌نسا‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی عیراق بكات.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌ی وه‌ك به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئاماده‌یه‌ پشتیوانی عیراق بكات بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی شایسته‌ی هه‌رێمایه‌تی خۆی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌ وته‌ی‌ لۆدریان پاریس گه‌شبینه‌ به ‌هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی و به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتیوانیكردنی عیراق له ‌دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان، به‌تایبه‌تیش شاری‌ موسڵ.

پێشتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق و وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوانیان باسیان له‌ درێژه‌دان به‌ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان نێوان هه‌ردوو وڵات كردبوو.

فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌ كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌گه‌ڵ جان ئیڤ لۆردیان ڕایگه‌یاندبوو،» له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوانیان باسیان له‌ كاركردنی كۆمپانیاكانی فه‌ره‌نسا كرد له‌ عیراق، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات، سوپاسی فه‌ره‌نسایانكرد كه‌ وه‌كو گه‌ل و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی رۆڵی‌ به‌رچاوییان هه‌بوو له‌ هاوكارییانكردن له‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ داعش.

به‌ وته‌ی‌ فوئاد حسێن»گروپه‌كانی‌ داعش تا ئێستاش وه‌كو بیرۆكه‌ و كرده‌وه‌ ماون، بۆیه‌ ده‌بێت به‌رده‌وامبن له‌ هاوكارییه‌كانی نێوانیان»ئاماژه‌ی‌ به‌ ره‌وشی‌ زیندانیانی داعش كرد له‌گه‌ڵ دیاریكردنی‌ چاره‌نوسیان له‌ ئێستا و داهاتوودا.

فوئاد حسێن ده‌ڵێت»سه‌رۆكی فره‌نسا وتویه‌تی كه‌ وڵاته‌كه‌ی هاوكاری گه‌لی عیراق ده‌كات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش وێرانبون، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای تاوتوێكردنی‌ ره‌وشی‌ عیراق و ناوچه‌كه‌.

لای خۆیه‌وه‌، جان ئیڤ لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فره‌نسا رایگه‌یاندبوو» ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ئێوه‌ له‌به‌رده‌م رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌دان، بۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتیوانیكردنتان به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا.

لۆردیان ده‌ڵێت»ئه‌و هاوكارییانه‌ی پێویستن بۆ یارمه‌تیدانی تووشبوانی‌ كۆرۆنا له‌ عیراق ئاماده‌ن دابینی بكه‌ن، ئاماده‌ن هاوكاری گه‌لی عیراق بكه‌ن، له‌ رووی هاوكاری ته‌ندروستی و خواردنه‌وه‌. ئێمه‌ به‌ بڕی یه‌ك ملیار یۆرۆ هاوكاری گه‌لی عێراقمان كردوه‌، هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆمان بۆ حكومه‌تی نوێی عێراق راده‌گه‌یه‌نین، له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانیش ببینم، سوپاسیان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ناویانه‌ بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی دۆخی خراپی وڵاته‌كه‌یان.

وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندبوو كه‌ له‌ئێستادا كۆمه‌ڵێك كاری ستراتیژی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردو وڵاتدا هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌رده‌وامبن له‌و هاوكارییانه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌ڕووی‌ پشتیوانی‌ له‌ گه‌لی عیراق دژ به‌ چه‌كدارانی داعش.

print

 175 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*