سەرەکی » ئاراستە » (3) ئاوارەیی- Diaspora

فەرهەنگی سیاسی

(3) ئاوارەیی- Diaspora

وەرگێڕانی: جێگر ئیبراهیم_ ئارام وەڵەدبەگی

هەڵسەنگاندنی کەیسەکانی دیاسپۆرا لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکانی وڵاتاندا لەو لق و بەشانەیە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، پرسی ئاوارەیی تەنیا بە لقێکی زانستی کۆمەڵایەتییەوە سنووردار نەکراوە. لە ڕابردوودا چوارچێوەی لێکدانەوەکان بۆ جێگۆڕکێی فیزیایی و جەستەیی گرووپەکان لە دونیادا بۆ هەڵسەنگاندنی کۆچی جووکان و چیرۆکی کۆچی کۆچبەران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەخۆ گرتبوو، بەڵام لە ئێستا سەرەڕای ئەوەی کە چینییەکان، کۆرییەکان، گەلانی ئەمریکای لاتین، هیندییەکان، ژمارەیەکی بێ ئەندازە لە گرووپە فەرهەنگییەکان کە لە دەرەوەی نیشتیمانی سەرەکی خۆیان دەژین، دەگرێتە خۆ. لە تایبەتمەندییەکانی خوێندنەوەی ئاوارەیی، دەتوانین ئاماژە بە لێکدانەوەی پەیوەندی و خواست بۆ پێکەوە هەڵکردنی فەرهەنگی بکەین، کە بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جێگۆڕکێیانە هەژماردەکرێت.

توێژەران لە بنەڕەتدا ئارەزووی دەکەن بزانن کە گرووپی ئاوارەکان تا چه ئاستێك کولتووری دایكیان دەپارێزن و تا چ ڕادەیەك لە ڕەوتی توانەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ فەرهەنگ و کولتوورێکی تردا ئەم بابەتە بنەڕەتییانە لە بیر دەبەنەوە. لە سەردەمی نەتەوەخوازی، بە جیهانی بوون و هەڵکشانی لێشاوی کۆچبەران و پەنابەران (پەنابەر) چاوەڕوان دەکرێت کە کەیسەکانی پەیوەست بە ئاوارەیی زیاتر لە وەی تا ئێستا بینیومانە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا سەرنجی توێژەران ڕابکێشێت.

دەستەواژە یا چەمکی «ئاوارەیی» یەکەمین جار بۆ وەسف و بارودۆخی ئەو جوولەکانە خرایە ڕوو، كه دوای دوورخستنەوەیان له بابل، له دەرەوەی فەلەستین ژیانیان بەسەرئەبرد، لەوكاته بە دواوە بازنەی لە خۆگرتنی ئەو دەستەواژەیە بەربڵاو تر بووە، ئێستا هەر گرووپێك کە لە دەرەوەی نیشتیمانی سەرەکی خۆی بە پەرشوبڵاوی بژیت دەگرێتە خۆ. هەرچەند لە نێو ئەوانەشدا لە هەموان زیاتر ئەو منداڵه ئەفریقیانە جێگەی سەرنجن، کە لەسەدەی حەڤدەوە بە زۆر لە ئەفریقیاوە لە زێدی خۆیانەوە هەڵکەندران و وەکو کۆیلە گوازرانەوە بۆ جیهانی نوێ.

بەهۆی جیاوازی لە ئەزموون و جۆرەکانی ئاوارەیی، پێداگری لەسەر خستنەڕووی پێناسەیەکی گشتگیر و فرە رەهەند بۆ ئەم چەمکە بێسوودە، لە جێگەی پێناسە و ناساندن، سەرنجدان لە بوونی جۆرە جیاوازەکانی ئاوارەیی و جیاوازی دانان لە نێوانیاندا هەم گرینگی زۆرتری هەیه و هەم رێگە خۆشکەر ترە.

لەبنەڕەتدا سێ جۆر ئاوارەیمان هەیە:

یەکەم- دەکرێت سەرەتا تەرکیزمان لەسەر گەلانی قوربانی وەك: جوولەکەکان، ئەرمەنییەکان و ئەفریقییەکان بێت. ئەم گرووپانە لە دەرئەنجامی مێژووییەكی لێوانلێو لە ئازاردان و سەركوتکاری لە نیشتمانی خۆیان هەڵاتوون یان بە زۆر دەرکراون.

دووەم- ئاوارە کرێکار و ئیمپریالیستەکانمان هەن، كه نموونەکەی بە پێی ڕیزبەندی هیندیەکان و ئینگلیزەکان دەگرێتەوە. زۆربەی گرووپەكان لە ئاكامی مێژووی ئیمپیریالیزم لە شوێنی لە دایكبوونی خۆیان جێگۆڕکێیان پێکراوە و پێکهاتە یان کۆمەڵگایەکیان لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان پێكهێناوه. سەبارەت بە ئاوارەکانی ئینگلیز پێویستە بگوترێت، ئەوان زۆرتر منداڵی فەرمانبەرانی دەزگا کارگێرییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزن، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ نیشتمان لەو وڵات و شوێنانەی کە داگیریانکردوون، ماونەتەوه.

سێیەم- ئەمانە ئەو گرووپانەن کە لێهاتوویی و لێوەشاوەییان لەکار و بازرگانیدا وایکردووە لە دەرەوەی نیشتیمانی دایکیان نیشتەجێ ببن و بگەنە لوتکەیی سەرکەوتن، وەك: بازرگانە چینی و لوبنانییەکان.
لە کۆتایدا دەپرسین، ئاخۆ دەكرێت بەهۆی ئەم جۆراوجۆرییە لە کەیسەکانی ئاوارەییدا بڕیارێکی گشتی و بەكەڵك دەربکرێت؟

لە ڕاستیدا وڵامەکە نەرێنی دەبێت، بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین لە هەموو کەیسەکانی ئاوارەییدا، کێشەی هاوبەش شووناسی فەرهەنگییە، هەرچەندە ئاوارەکان بە شێوازی زۆر جیاواز وڵامی دەدەنەوە.

ناسنامەی ئاوارەکان، بۆ دوولا دەڕوانێت: شوێنی لەدایکبوونی سەرەکی ئەوان و شوێنی نیشتەجێبوونیان. ئەندامانی گرووپی ئاوارەكان زۆربەیان هیچکات لە نیشتیمانی خۆیان نەژیاون، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەزموونی تێکەڵبوون و توانەوە لە نیشتمانە نوێکەیاندا بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەیە کە هەیە، لەجیاتی چارەسەر و دامرکاندنەوە، هەستی بە پەراوێزخراو بوونیان گەشە پێدەدات. هەر بۆیە دۆخی ئاوارەیی جۆرێکی چارەنووسی ناڕوونی بەرهەمهێناوە و ئەمەش جێگای سەرنجە.

ئاوارەکان بە دەگمەن وڵاتێکی دیاریکراویان هەیە بۆ نیشتەجێ بوون. بەپێچەوانەوە، ئەوان نوێنەری جۆرێک لە بەرێکخراوبوونی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگین، کە تەمەن و پێشینەیان لە دەوڵەت زۆرترە. دەوڵەت لەشێوە تازەکەی کە بەڕێکخراوبوونێکی سیاسییە، تەمەنی نزیکی 400 ساڵە و ناگاتە تەمەنی ئاوارەیی.

print

 261 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*