سەرەکی » مانشێت » ئێره‌ ماڵی (یونس محەمەد عەلی)ە

ئێره‌ ماڵی (یونس محەمەد عەلی)ە

سه‌رحه‌د یونس محه‌مه‌د

له‌ رۆژی ٣-١١-١٩٧٦ له‌(گوندی شەکرالی)، كۆتایی مانگی خەزەلوەر بوو، گەڵای دارەكان بەڕەنگی زەعفەرانییانەوە ، لە هەوادا سەمایان دەكرد . حاجی لەق لەقەكان بارگەو بنەیان دەپێچایەوە و ماڵئاواییان لە كوێستانێ دەكرد و بەرەو گەرمەسێر قەتاریان بەستبوو.مێش هەنگەكان شوێن نەمابوو هەنگوینی بۆن و بەرامە خۆشی ئاڵتون ئاسای تێ بكەن، بە زمانی حاڵ بە جوتیارەكانیان دەگوت، وەرن هەمباری سەرڕێژ لەشیلەو گوڵاوی عەنبەر ئاسا خاڵی بكەن . دەشت و دەر یەكپارچە سپی بوو، دەتگوت بەو پایزەی بەفری باریوە. قۆزاخەكان هەموو تەقی بوون و لە زۆر جێگاش جوتیاری ئازا بەری دووەمی دەچنی. مەرەزەش لەخەرمان دەكراو گۆخڵەكان لە چاوەڕوانی خەرمانی سوركراودا بوون، بۆ ئەوەی مەینەت و ئەزیەتی هاوینیان بیر بچێتەوە. ئاوی چاوگەكەش كەمی كردبوو، مراوییەكان خۆیان بۆ ناوەڕاستی چەمەكە دەكوتا. هێشتا سەرێك ئاو بە بەرماڵدا تێدەپەڕی بەجۆگەی ئاواییدا بەرەو گوندی لامەركەزی گوزەری دەكرد. كات دوای نیوەڕۆ بوو ، شەهلا بە یاری ماڵە باجێنەوە خەریك بوو، دایكیشم لەو كاتەدا لە هەیوانەكەدا شیری بە ئەمیر دەدا و نیازی وابوو دواتر لە بێشكە قایمی بكات و بیخەوێنێت. من و ئەسعەدیش لەژێر دارتووەكانی بەرماڵدا دیلانێمان دەكرد. ماڵی باوام كەبەرامبەری یەكتربوین كەسیان لەماڵ نەبوون، تەنها نەنە نایلە نەبێت ، دیاربوو ئەویش بە ئیش و كاری ناوماڵەوە خەریك بوو. دنیا بەشێوەیەك بێ دەنگ بوو، تەنها خشەی گەڵای دارەكان دەبیسترا. مریشكەكان بە شوێن مشكێكدا ڕایان دەكرد، كە لە كایانەكەوە ئەجەل هەڵی گرتبوو، بەرەو دەرەوە ڕای كردبوو. كۆترەكان دوای گەشتێكی چەند فەرسەخی گەڕانەوە ناو هێلانەكانیان.لەپڕ گرمەیەك پەیدابوو. تۆ بڵێی گرمەی چی بێت؟ دەنگەكە زیاتر نزیك بویەوە، پێشی ماشێنێكی شۆڤرلێت دەركەوت، زیاتر نزیك بویەوە، ڕووی لە ئێمەكرد كە لەژێر سیبەری دارتووەكاندا بوین. لوتی نا بە ئێمەوە و تەپوتۆزی تایەكانی كرد بەسەرماندا، ئێمەش بەرەو دایكم كە لە هەیوانەكەدا بوو، ڕامان كرد. دایكم تەزوویەك بە سەرتاپای لەشیدا تێپەڕی:
– یا الله خێر بێت… معاون عەلی خۆیەتی، ئەی ژن و دوو مناڵە كێن؟
دایكم پێشتر چەند جار بانگ كرابوو بۆ فەرمانگەی ئەمن و پۆلیسی سیروان، معاون عەلی باش دەناسییەوە. ئەو كەسێكی درێژ و ڕەق و تەق بوو، چەناكەیەكی پانی هەبوو. لەكاتی قسەكردندا كەفی دەپژاند. جنێو فرۆش و توڕەو تەوسن بوو، ڕقێكی زۆری لە كوردبوو، نەشی دەتوانی ڕقەكەی خۆی بشارێتەوە. هەرچی جنێو بەدەمیدا بهاتایە نەیدەگێڕایەوە. معاون عەلی مەئمور مەركەزی شارەدێی سیروان بوو. خۆی بۆ ڕاوەدونان و گرتنی كەسوكاری پێشمەرگە دەچووە لادێكان، بەعسییەكی دڕندە بوو. ئەوە معاون عەلییە و ئەوەش ئەمن و پۆلیسەكانی یاوەری، ئەی ئەو ژنە بەم دوو مناڵەوە كێیە؟
چەند پۆلیس و ئەمنێك لە شۆڤرلێتەكە دابەزین، معاون عەلی وتی:
– ئێرە ماڵی موخەریب / یونس محەمەد عەلی یە؟
ئەو باش دەیزانی ئێرە ماڵی ئەوە، بەڵام دەیوست سەرەتای قسەكانی بە پرسیارێك دەست پێ بكات. دایكم لە حاڵەتێكی ترس و شڵەژاویدا ، وەكو دڵی خەبەری دابێت كە ئەمجارە ، بارودۆخەكە وەكو جارەكانی دیكە نییە، ئەم جارە ڕەنگ و ڕووی معاون عەلی تەواو جیاوازە و زۆر توڕەیە، غەزەب لە نێوچاوانی دەبارێت ، بە كزێكەوە وتی:
– بەڵی ئێرە ماڵی (یونس محەمەد)ە
– هەر ئێستا خۆتان كۆ بكەنەوە و بچنە ناو سەیارەكە، فەرمانی گرتنان دەرچووە. ئەمە قسەی معاون عەلی بوو.
– باشە خۆم دێم لەگەڵتان. ئەمەقسەی دایكم بوو بە پەشۆكاوییەوە.
معاون عەلی:
– تەنها خۆت نا، بەڵكو دەبێت هەموو مناڵەكانیشت بهێنیت.
هێشتا قسەكانی تەواو نەكردبوو، پەلاماری من و ئەسعەدی داو فڕەی داینە دواوەی شۆڤرلێتەكە، شەهلا ترسا بەرەو جۆگە تەمەڵ ڕایكرد، دوو ئەمن كەوتنە شوێنی ، هەرچیان كرد بۆیان نەگیرا. ناچار یەكێكیان تفەنگەكەی دا بە هاوڕیكەی و پێڵاوەكانی داكەند، ئەمجارە وەكو وەرزشەوانێك ڕای دەكرد، بەو شیوەیە توانی بیگرێتەوە. كە گرتنی دوو زلەی تێ سرەواند، پێی وت: «كلب ابنە كلب لیش تهرب؟» واتە سەگی كچی سەگ بۆچی ڕادەكەیت، بەوشێوەیە گرتیان و خستیانە ئۆتۆمبێلەكە.
دایكیشم ناچار ئەگەر بەجێشیان بهێشتایە دەبوو بە شوێن ئۆتۆمبێلەكەشدا ڕابكات و سوار ببێت، چونكە هەموو مناڵەكانی باركراون. ئەمیری دایە دەست ژنەكەو خۆی گەڕایەوە بۆ بێشكەكە ، ئەویشی هێنا باری كرد. ئێستا خێزانێكی پێنج نەفەری چونە پاڵ خێزانێكی سێ نەفەری و لە دوای ماشێنێكی پۆلیس قایم كران، دوو چەكداریش لەسەر تەنیشتی بۆدییەكە دانیشتن . معاون عەلی هەندێ جنێو و قسەی ناشیرینی بە هەوادا كرد و خۆی لە پێشی ماشێن قایم كرد، فەرمانی جوڵەی بۆ شۆفێر دەركرد.سەرنشینەكان ئەوەندە پەست و غەمبار بوون كەس متەقی لێوە نەدەهات. نە دایكم دەیوت ئافرەت تۆ كێیت بەم مناڵانەوە، نە ئەو ژنەش دەیوت ئێوە كێن و بۆ كوێمان دەبەن و كاریان بە ئێمە چییە؟ شۆفێر ئەوەندە بە خێرایی لێ دەخوڕی، لەماوەی شەش تا حەوت خولەكدا خۆی كرد بە بنكەی پۆلیسی سیرواندا. دەرگا شەبەكەكەی مەركەز كرابویەوە، پۆلیسێك ئاوڕشێنی ئەو ناوەی دەكرد، دوو ئەمن لەوناوەدا یەكی جگەرەیەك بە دەمیانەوە بوو پیاسەیان دەكرد. فەرمانی دابەزینیان بۆ ئێمە دەركرد، ژنەكە دابەزی ئەمیری لە دایكم گرت. دایكیشم بێشكەكەی داگرت و ئێمەش بەشوێنی ئەودا پیادە بوین. دەنگی ڕاكێشانی شەوژەنی دەرگای بەندیخانە بچوكەكەی مەركەز هات، پۆلیسێك خەریك بوو دەیكردەوە. بەسەر ئاماژەیان بۆ كردین كەبەرەو ئەوێ بڕۆین. دەرگا ئاوەڵابوو، هەموو چوینە ژوورەوە. دیار بوو ئەو ڕۆژە هیچ تۆمەتبارێك لەوێ نەماوەتەوە، ئێمە ئەم دوو خێزانە ئاوەدانمان كردەوە. ژوورەكە زۆر گەورە نەبوو، ڕووبەرەكەی بیست مەتر دووجا كەمتر نەبێت، زیاتر نەبوو.دەلاقەیەكی بچوكی لەبەرزیدا تێدا بوو. چەند بەتانییەكی بەكارهاتوو لە سوچێكدا كەوتبوو، دایكم ڕایخست و وتی:
– مناڵەكان، وەرن لێرەدا دانیشن.
بۆ ماوەیەك ژوورەكە كش و مات بوو، دایكم لەو ژنە وورد بویەوە كە بووە بە هاوڕێی سەفەرێكی نادیارمان. لەبەر خۆیەوە وتی:
– بەخوا ژنەكە من تۆم بینیوە ! ئەتناسم !
ژن:
– من ڕابیعەم ، ژنی عەریف مەحمود لە تەپەتۆڵەكە.
– وای ڕابە گیان ، بەخوا ئەم سەگبابانە بەرچاویان ڕەش كردم بۆیە نەمناسیتەوە، ئەمە قسەی دایكم بوو.
ڕابیعە كچی مامە سەعەبوو لە گوندی تەپەتۆڵەكە، خێزانی عەریف مەحمود بوو، كە ئەویش پەیوەندی كردبوو بە شۆڕشی نوێوەو چەكی كردببوە شان و چووبووە شاخ.
– ئافتاو گیان وابزانم تۆش كچی مامە عوسمانیت لە تەپی سەفا.. وا نییە؟؟ژنی كاك یونس؟؟ ئەمە قسەی ڕابە بوو.
– بەڵی خوشكە گیان، هەردوكمان هاوخەم و هاوچارەنوسین، ئەمە قسەی دایكم بوو.
كوڕەكەی دادە ڕابیعە ناوی شاكر بوو، هاوتەمەنی ئەسعەد بوو، كوڕێكی سپیكەلانەی جوان بوو. كچەكەشی ناوی شوكریە بوو، لەو بچوكتر بوو.
پۆلیسێك دیار بوو هەستی مرۆڤانەی لەدەست نەدابوو، یەكی قەواڵەیەك نان و تەماتەی هێنا بۆ مناڵەكان. زۆر بە ئیشتیهاوە قەپاڵمان لەو نان و تەماتەیە دەدا هەروەك ئەوەی پڕ لە كەباب و گۆشت بێت. تێر بوین و ئاهێكمان وەبەردا هاتەوە، دواتر كردمان بە هەڵبەز و دابەز، دایكم ئەمیری خستە بێشكەكەو دەستی كرد بە خەواندنی. ئێمەش بۆ ماوەیەك لە گۆشەیەكی ژوورەكەدا بێ دەنگ بوین.
پاش تێپەڕ بوونی كاتژمێرێك، دەرگانی ژوورەكە كرایەوە، دوو ژن و دوو مناڵی تریان كرد بە ژووردا،ژنەكان لەبەر تاریكی ژوورەكە نەیاندەزانی ئەمانە كە لە ژوورەوە مۆڵیان داوە كێن؟ دایكم هاواری كرد: بەهیە، ناهی ئێوەشیان هێنا؟ كاتێ‌ دادە بەهێ‌ و دادە ناهی بەرچاویان ڕوناك بویەوە، هاواریان كرد: ئافتاو گیان ئێوە چی دەكەن لێرە؟ باوەشیان كرد بەیەكدا بوو بە شیوەن و گریان. پاش ماوەیك هەموو دانیشتن و مناڵەكانیش ئارام بوونەوە.
دادە بەهیە خێزانی گەورەی كاك حامیدی حاجی خالید بوو لە گوندی بەشارەت ، خۆی و ئاریانی كچیان دەست بەسەر كردبوو ، لەو كاتەدا ئاشتی كچی لەماڵی میرزا حەسەنی باوای دەبێت لە خێڵی حەمە و بەردەست نابێت تائەویش لەگەڵ دایك و خوشكەكەی بگرن. دادە ناهیش خێزانی بچوكی كاك حامید بوو خۆی و ڕێبواری كوڕی لە گوندی بەشارەت دەست بەسەر كرابوون و هێنایانن بۆ لای ئێمە. بۆماوەی پێنج ڕۆژ و پێنج شەو لەو زیندانەی مەركەزی سیروان دا بوین.
ئەمە سەرەتای چیرۆکی زیندانی کردنمان بوو کە لەو ٣-١١-١٩٧٦ تاوەکو ١٤-٢-١٩٧٨ بەند بوین لە پارێزگای ناصرییە لە باشوری عێراق.
هێشتا خێزانی ئێمە و ئەوانەی لەگەڵمان بوون بەڕەسمی نەکراوین بە زیندانی سیاسی و هیچ مینحە و موچەیەکی ئەو عەزیەت و مەینەتییەمان وەرنەگرتووە وا جارێکی تر پۆستاڵی عەرەب کەوتەوە سەر خاکمان ، بەداخەوە.
٣-١١-١٩٧٦ هاوکات لەشاڵاوی گرتنی كەس و كاری پێشمەرگەدا ماڵ و مناڵی كاك شەوكەت حاجی مشیر كەدەكاتە (پورە دلوستان و ئارام و ئالان و ئەسیری كوڕی ) لە ئەمنی خورماڵ دەست بەسەر كران.هەروەها ماڵ و مناڵی كاك محەمەدی حاجی مەحمود (باجی گەردە و عەتیە و كوێستانی كچی) لە گوڵەخانەو خێزان و كچی كاك حەمەی حاجی سابیر (دادە عەتیە و میدیای كچی) و دایك و هەردوو خوشكەكەی دكتۆر ڕەزا لە خورماڵ و ماڵ و مناڵی عەلی شیعە بەهەمان شێوە لە خورماڵ و چەند ماڵێكی تر لە هەڵەبجە لەوانە ماڵی عوسمان عەبدولقادر باوكی مامۆستا سەركەوت ،و خێزانی شێخ عەلی كەشكۆڵ هەموو ئەوانیش دەست بەسەر كران. بەهەمان شێوە لەو ڕۆژەدا لە شارو شارۆچكەكانی تر هەرچی ماڵ و مناڵی پێشمەرگە بەردەست بوایە دەست بەسەر دەكران .

تێبینی// وێنەکە گوندی بەشارەتە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*