سەرەکی » زانست » ژینگه‌و میدیا

ژینگه‌و میدیا

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

نزیكه‌ی سه‌د ساڵێكه‌ ، ژینگه‌ به‌رده‌وام زیانی زۆری به‌ر ده‌كه‌وێت ، له‌جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ چه‌كی كیمیای تیا به‌كارهات ، دواتر ئه‌و كارگه‌ زه‌به‌لاحانه‌ی كه‌ بۆ پێشبڕكێی خۆ چه‌كدار كردن دامه‌زرا ، تا جه‌نگی جیهانی دووهه‌م وه‌ ئه‌و وێرانكاریه‌ی خوڵقاندی ، جا تاقی كردنه‌وه‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی وبه‌كار هێنانی . دواتر به‌رهه‌مهێنانی جۆره‌ها پێكهاته‌ی كیمیای نامۆ به‌ سرووشت له‌ ژه‌هری قڕكردنی مێروو ، مادده نایلۆن و پلاستیكیه‌كان كه‌ له‌درووستكردنی كه‌لوپه‌لی هه‌مه‌جۆرو جل و پێڵاو ، كیسه‌و زه‌رفی هه‌موو شتێكدا به‌كاردێت .وه‌ به‌رده‌وام زیادبوونی ئه‌م جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌ .

هاوكات به‌كار هێنانی ڕێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر سوته‌مه‌نی له‌ به‌كار خستنی ئه‌و كارگانه‌و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باو جوڵاندنی هۆكانی گواستنه‌وه‌ . وایكردووه‌ له‌ زۆر شوێن ژینگه‌كه‌ی له‌بار نه‌بێت بۆ ژیان و ته‌ندروستی .
هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی چالاكیه‌كانی مرۆڤ به‌ئاقارێكدا ببرێن ، كه‌ ئاستێك بۆ ئه‌و ماڵوێرانیه‌ ، دابنرێ كه مرۆڤ خۆی خوڵقێنه‌ریه‌تی . ‌سه‌ره‌تا لێره‌ وله‌وێ به‌تایبه‌ت له‌ وڵاته‌ پیشه‌سازیه‌كاندا بوو . ئه‌وكه‌سانه‌ی ده‌ركیان به‌م كاره‌ساته‌ كردبوو ، به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی لافیته‌ی ساده‌ و كۆبونه‌وه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان ڕاده‌گه‌یاند ، میدیاكان جگه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ هیچی تریان نه‌ده‌كرد ، به‌ڵام دواتر نه‌ك ته‌نها میدیا ، به‌ڵكو له‌سارئاستی به‌رزترین ده‌سه‌ڵات دارانی جیهان ، چه‌ندین كۆڕو كۆبونه‌وه‌ ڕێكخراو ژینگه‌ پاراستن بووبه‌ به‌شێك له‌ كاره‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ، وڵاتان پابه‌ند كران به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانیان و دابین كردنی خه‌رجی بۆ به‌رنامه‌كانیان .

له‌كوردوستان دیارترین كاره‌ساتی ژینگه‌یی ، به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیای بوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیه‌كانه‌وه‌ دژی ژیان و ژینگه‌ی كوردوستان . دواتر ئابڵوقه‌ی ئابوری و سوته‌مه‌نی ، كه‌وایكرد دره‌خت و زینده‌وه‌ری كوردوستان توشی زیان ببێت . هه‌روه‌ها قه‌ره‌ باڵغی ناوه‌ندی شاره‌كان . له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌غدا جۆڕێكی تر له‌ تێكدانی ژینگه‌ هاته‌كایه‌وه‌به‌هۆی به‌رز بونه‌وه‌ی ئاستی ئابوری خه‌ڵك ، هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی خراپ زۆر بوو ، وه‌ فڕێدانی زۆر بووه‌ كێشه‌ . هاوكات تۆپ بارانی دوژمنان و كه‌مترخه‌می خه‌ڵك به‌رده‌وام هۆی ئاگر كه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ پوشو پاوان و دارستانه‌كان .

ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز ، چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزێۆنی و ڕادیۆی مان ئاماده‌كرد و به‌ هاوكاری ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردوستان و ڕادیۆكان ئه‌وكات په‌خشمان كرد و له‌هه‌مان كاتدا چاپه‌مه‌نی جۆراو جۆرمان بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و هه‌زاره‌ها پۆسته‌رمان له‌ خوێندنگاو شوێنه‌ گشتیه‌كاندا هه‌ڵواسی . تاڕاده‌یه‌ك ژینگه‌مان به‌خه‌ڵك ناساند .

له‌ ئێستادا چه‌ندین ده‌زگای ته‌له‌ فزێۆن و ڕادێو هه‌یه‌ و ده‌رفه‌تی چاپه‌مه‌نی زۆره‌ .به‌ڵام جار جاره‌ یان له‌ هه‌ندێ بۆنه‌دا نه‌بێت ، هێشتا بابه‌تی ژینگه‌ نه‌بۆته‌ خه‌می هیچ ده‌زگایه‌كی میدیای . ئێستا ئێمه‌ له‌كوردوستانی نوێدا ، زۆرێك له‌ و كێشه‌و بابه‌ته‌ ژینگه‌یانه‌ ، بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ ، به‌داخه‌وه‌ وادیاره‌ هیچكام له‌ میدیاكارن له‌ته‌له‌فزیۆن وڕادیۆكان سه‌رنجی ناده‌نێ ، بۆیه‌ له‌هه‌موو ئه‌و دیدارانه‌شدا كه‌ له‌گه‌ڵ دۆستانی ژینگه‌و شاره‌زایان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ، وتوێژ ته‌نها له‌وچه‌ند بابه‌ته‌ تێپه‌ڕنابێت كه‌ ده‌یانجار دوباره‌ بۆته‌وه‌ .

به‌ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری ده‌زانم كه‌له‌ مۆڵه‌تداندا ، میدیاكان پابه‌ند بكات ، ڕۆژانه‌ كات ته‌رخان بكات بۆ ژینگه‌ پارێزی ، وه‌ بانگه‌واز ده‌كه‌م بۆ به‌رپرسی میدیاكان و میدیاكاران ، گه‌ر ده‌تانه‌وێت به‌ڕاست كار له‌ وشیاری ژینگه‌دا بكه‌ن ، ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه‌ خۆتان و خۆشه‌ویستانتان تیا ده‌ژین ، كه‌به‌رده‌وام تێكچونی له‌ هه‌ڵكشاندایه‌و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر ته‌ندرووستی خه‌ڵك ، به‌ئاشكرا هه‌ست پێده‌كرێ . با هاوكاربین له‌ ئاماده‌ كردنی میدیاكاری شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ند ، كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژینگه‌ شاره‌زا بێت ، به‌دوادا چوون بكات بۆ ئه‌و ڕێكخراوو دامه‌زراوانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی دارن ، هاوكات له‌ په‌یوه‌ندیدا بێت ، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆڕو كۆبونه‌وانه‌ی ، كه‌ له‌سه‌رئاستی كوردوستان و عێراق و جیهان به‌رده‌وام بۆ ژینگه‌و گرفته‌كانی ڕێكده‌خرێت ، وه‌ ڕێكلام و به‌رنامه‌ی پێویست بۆ ژینگه‌ ڕۆشنبیری ڕێك بخه‌ین له‌ ئاست خولیاو خواستی خه‌ڵكا ، هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌توانن ئه‌و پۆسته‌رانه‌ بۆ چه‌ند چركه‌یه‌ك بخه‌نه‌ سه‌ر شاشه‌كانتان كه‌ ڕێنمایی ژینگه‌ییه‌ .

بێگومان ئێستا له‌زۆر شوێنی جیهان ، ژینگه‌ پاراستن بۆته‌ خوو ڕه‌وشتی خه‌ڵك ، خه‌ڵك خۆی زیاندان له‌ژینگه‌ به‌تاوان ده‌زانێ ، بۆیه‌ لای ئاساییه‌ گه‌ر پاك ڕاگرتنی ژینگه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری تێچووی هه‌بێت ، چونكه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ئه‌و زیانه‌ی به‌ر ته‌ندرووستی ده‌كه‌وێت ، له‌ ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می به‌رامبه‌ر ژینگه‌ ، زۆر زیاتر ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ بۆ ژینگه‌ پاراستن تیی ده‌چێت . ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌ هێشتا لای ئێمه‌ شتێكی ده‌گمه‌نه‌ .

print

 173 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*