سەرەکی » ئاراستە » رەهەندە شاراوەكانی ململانێی نێوان توركیا‌ و میسر

رەهەندە شاراوەكانی ململانێی نێوان توركیا‌ و میسر

و: كوردەوان محەمەد سەعید

لە مانگی ئایاری 2013دا عەبدولفەتاح ئەلسیسی كە ئەو كات وەزیری بەرگری بوو بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای سەربازی چاوی كەوت بە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا، گفتوگۆكان لە چوارچێوەی بەشداری كردنی هەردوولا بوو لە رووداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لەو وڵاتانەدا كە بەهاری عەرەبی تیایاندا بە كۆتایی نەگەیشتبوو. دوو مانگ دوای ئەوە ئەلسیسی محەمەد مورسی سەرۆكی میسری لەسەر كار لابرد‌وو لە هەمان ساڵدا میسر باڵیۆزی توركیای لە وڵاتەكەی دەركرد، دوای ئەوەی ئەنكەرە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردبوو سزا بەسەر ئەلسیسیدا بسەپێنێت، دواتریش هەریەكە لە میسر ‌و سعودیە وڵاتانی ئیسلامییان دژی توركیا هان دا.

ململانێ‌و گرژبوونی پەیوەندییەكان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوو بۆ سەر دۆسێیەك لە نێوان توركیا ‌و میسردا ئەویش دۆسێی ئابووری بوو، شانبەشانی ململانێكان ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان میسر ‌و توركیا ئەم ساڵ گەیشتە 3,76 ملیار دۆلار، بەڵام تای تەرازووەكە بە قازانجی توركیا لاسەنگە چونكە هەناردەی توركیا بۆ میسر 2,39 ملیار دۆلار بووە، بەڵام هەناردەی میسر تەنیا 1,37 ملیار بووە، جیاوازییەكە نزیكەی 200 ملیارە.

لە پاڵ ئەوەشدا توركیا بەردەوامە لە وەبەرهێنان لە میسر ‌و لە ساڵی 2017دا گەیشتە نزیكەی دوو ملیار دۆلار‌و ئەگەری زیادبوونیشی هەیە، زیاتر لە 800 خاوەنكاری میسری و توركی لەو بوارەدا پێكەوە كار دەكەن‌و قەبارەی كارەكانیشیان دەگاتە هەشت ملیار دۆلار، نزیكەی 205 كۆمپانیای توركی لە میسر كار دەكەن لە بوارەكانی ئاسن‌و رستن‌و چنین، كەلوپەلی بیناسازی، پێداویستی پزیشكی، بابەتی كیمیایی، ئەمەش هەلی كاری بۆ زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی میسر دەستەبەر كردووە. ساڵی 2018ش توركیا ویستی خۆی شیرین بكات ‌و رایگەیاند، ئامادەیە پڕۆژەی شارێكی پیشەسازی بە تایبەتمەندی جیهانی لە میسر دروست بكات.

پێشتر‌و لە ساڵی 2003دا میسر رێكەوتنێكی لەگەڵ توركیا ئیمزا كرد بۆ دەستنیشانكردنی سنووری ئاوی لە قوبرس، كە ناوچەیەكی گرنگە ‌و بە گوێرەی ئەو رێكەوتنەش هەردوولا بۆیان هەیە بە دوای غازی سروشتیدا بگەڕێن لەو ناوچانە، بەڵام دواتر میسر كشایەوە لە بەشەكەی خۆی بۆ قوبرس ‌و ئیسرائیل، ساڵی 2013 میسر رێكەوتنێكی دیكەی لەگەڵ قوبرس ئیمزا كرد بۆ بەشكردنی ئەو كانانەی هایدرۆكاربۆنیان تێدایە، مەبەستیش لە بەشكردنی سەرچاوەكانی نەوت‌و غاز بوو. لەم رێكەوتنەدا ئیسرائیل سوودێكی زۆری پێگەیشت چونكە هێڵێكی گواستنەوەی غازی راكێشا بۆ ئەوروپا ‌و بە گوێرەی رێكەوتنیش ئەو هێڵە لەلایەن میسر‌و قوبرس‌و یۆنانەوە پارێزگاری لێ دەكرێت تا دەگات بە ئیتالیا، بە شێوەیەك كە دەستی توركیای پێ نەگات. لەولایشەوە توركیا زۆر پێویستی بە دەستنیشانكردنی سنووری ئاوییە لەگەڵ میسر، بە تایبەت كە لە ناخۆدا توركیا پێویستی بە سەرچاوەی وزەیە، تا ئێستا توركیا بە رەسمی 75%ی پێداویستییەكانی وزە لە دەرەوە دەكڕێت‌و ساڵانە نزیكەی 40 ملیار دۆلار لەسەری دەكەوێت، كێشەكەش بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركییەوە تا دێت قوڵتر دەبێتەوە.

توركیاش لە بەرامبەردا ساڵی رابردوو رێكەوتنێكی نوێی لەگەڵ حكومەتی ویفاق ئیمزا كرد، بۆ ئەوەی غازی روسیا لە دەریای رەشەوە بگوێزێتەوە بۆ ئەوروپا ‌و خۆیشی ببێتە سەنتەری بازرگانی غازی سروشتی، ئەم رێكەوتنە گورزێك بوو بۆ رێكەوتنەكەی میسر ‌و قوبرس ‌و مەترسی گەورەشی بۆ سەر ئیسرائیل هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا میسر رایگەیاند رێكەوتنەكەی نێوان توركیا ‌و لیبیا هیچ زیانێك بە میسر ناگەیەنێت. هەندێك هەواڵیش دزەی كرد كە بەرپرسانی میسر ئامۆژگاری ئەلسیس-یان كردووە رێكەوتنەكە قبوڵ بكات، لەبەر ئەوەی بە قازانجی میسر تەواو دەبێت.

توركیاش ئەوەی نەشاردۆتەوە كە ژێر بەژێر پەیوەندی لەگەڵ میسردا هەیە ‌و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە‌و پشتیوانی میسریش دەكات لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ یۆنان بۆ بەشكردنی سنووری ئاوی نێوانیان، كە میسر داوا دەكات سنوورە ئاوییەكەی 10 كیلۆمەتر زیاد بكات، ئەمەش وای كردووە هەریەكە لە یۆنان‌و قوبرس‌و ئیسرائیل ترسیان هەبێت لە هەر نزیكبوونەوەیەكی میسر ‌و توركیا، كە لە راستیدا بۆ بەشكردنی سنووری ئاوی ناوچەكەش یاسای نێودەوڵەتی زۆرترین ماف دەداتە توركیا ‌و میسر بۆ بەكارهێنانی سەرچاوە سروشتییەكانی ئەو ناوچەیە.

ململانێی لیبیا‌و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا
لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەگەری پێكدادانی هەردوولادا، سایتی ئەلخلیج ئەلجەدید بڵاوی كردەوە كە وەفدێكی توركی سەردانی میسری كردووە بۆ قسەكردن لەسەر قەیرانی لیبیا، بەڵام خۆیان بابەتەكەیان لە راگەیاندنەكاندا بڵاونەكردەوە. بە گوێرەی هەواڵە دزەپێكراوەكانیش وەفدی توركیا جەختی كردۆتەوە كە بەشداری سەربازی ئەوان لە لیبیا هیچ زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی میسر ناگەیەنێت.

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا جەنەراڵ حەفتەر هێرشی بۆ سەر تەرابلوسی پایتەخت دەست پێكرد، بەڵام توركیا بەو پێیەی رێكەوتنی لەگەڵ حكومەتی ویفاق هەیە، بە هێزی سەربازی بەشداری كرد‌و ئەوەبوو دوای 14 مانگ شەڕ حەفتەر شكستی هێنا. بەشداری توركیا لەو شەڕەدا مەرجدار بوو، مەرجەكەش ئەوەبوو كە توركیا نزیكی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی لیبیا نەكەوێت. بەڵام ئەوەی دۆخەكەی شێواندووە مەرجی توركیایە بۆ چۆڵ كردنی هەردوو شاری جفرە ‌و سرت لە خۆرهەڵاتی لیبیا لەلایەن هێزەكانی حەفتەرەوە، ئەو مەرجەی داناوە بۆ جێبەجێ كردنی ئاگربەست، ئەمەش بە دڵی میسر نییە‌و میسر هەڕەشە دەكات ئەگەر هێزی تەرابلوس لەو شارانە نزیك بێتەوە بە هێزی سەربازی وەڵام دەداتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا توركیا بە رەسمی میسری دڵنیا كردەوە كە لە نیگەرانییەكانی ئەو وڵاتە تێدەگا‌و لە هەمان كاتیشدا توركیا سعودیە ‌و ئیماراتی بەوە تۆمەتباركرد كە میسر هان دەدەن بۆ بەشداریكردن‌و تێوەگلان لە جەنگی لیبیا. سەرباری هەموو ئەمانەش لە رووی سەربازییەوە ئەگەری پێكدادان لە نێوان توركیا‌و میسردا زۆر كەمە، یەك لە هۆكارەكانیش ئەوەیە كە ململانێی ناو لیبیا فرەلایەنە‌و ئەمریكا لەگەڵ میسر رێكەوتووە لەسەر ئاگربەست لە لیبیا‌و روسیاش لە شاری سرت زۆر بەهێزە‌و سیستمێكی بەرگری پێشكەوتووی داوە بە شارەكە، كە تا ئێستا 70 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیای خستۆتە خوارەوە. لەلایەكی دیكەوە هەرچەندە پەرلەمانی میسر سوپای وڵاتەكەی سەرپشك كردووە لە بەشداری شەڕی لیبیادا، بەڵام ژێر بەژێر پەیوەندی‌و گفتوگۆ هەیە‌و روودانی شەڕ ئەگەرێكی دوورە.

سەرچاوە: سایتی ساسە پۆست

print

 175 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*