سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » چوارەمین كۆنگرە،نوێبوونەوەی بەدوای خۆیدا هێنا

لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران بۆ كوردستانی نوێ:

چوارەمین كۆنگرە،نوێبوونەوەی بەدوای خۆیدا هێنا

زوبێر عوسمان ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نوێبوونەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بەدوای خۆیدا هێنا، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە جێگەی ئومێدی كۆمەڵانی خەڵكە.

دیداری، تەها عەبدوڵڵا

زوبێرعوسمان ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران، لە میانی ئەم دیدارەیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە جێگەی ئومێدی كۆمەڵانی خەڵكە، هیچ لایەنێكی سیاسی لە مێژووی گەلەكەماندا نەیتوانیووە وەك یەكێتی شۆڕش سەربخات، واتا شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتیی ی.ن.ك توانی زۆربەی ئامانجەكانی بەدەستبهێنێت، كە ئەمڕۆ لە سایەی خەباتی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری گەلی كوردستان، حوكمی خۆمان و ئەزموونی دیموكراسی كە خۆی لە هەرێمی كوردستاندا دەبینێتەوە، بەدیهاتووە و لە دەستووری عیراقدا دانی پێدا نراوە، ئەمەش ئومێدێكە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان و هەنگاونان بەرەو رزگاریی یەكجارەكیی كوردستان، بۆیە گرنگ و پێویستە هەمیشە كار لەسەر پاراستن و گەشەپێدانی دەستكەوتەكان بكەین.

چوارەمین كۆنگرە
سەبارەت بە چوارەمین كۆنگرەش، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران، وتی: چوارەمین كۆنگرە داوای زۆرینەی رەهای جەماوەر و كادر و دۆست و لایەنگرانی یەكێتی بوو، لە هەمانكاتدا كۆنگرە لە كاتێكی زۆر گونجاودا بوو كە نوێبوونەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی بەدوای خۆیدا هێنا، گۆڕانكاریی لە فۆڕم و پەیكەر و پێكهاتە و بوارە جیاوازەكاندا.
وتیشی: لە چوارەمین كۆنگرەدا توانیمان بگەڕێینەوە بۆ ئەدەبیاتی یەكێتی و بەگوێرەی فەلسەفەی سەرۆك مام جەلال و ئایدلۆژیای سۆشیال دیموكرات، جارێكی تر حزبەكەمان لەسەر سێ كۆڵەكەی بنەڕەتی بنیات بنێینەوە، ئەوانیش دەسەڵاتی جێبەجێكردن و تەشریعی و راوێژكارییە، راشیگەیاند: دوای چوارەمین كۆنگرە كۆمەڵێك گۆڕانكاریی دیكە دروست بوو، بە گوێرەی مادەی شەشی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی لەسەر بنەمای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن دروستدەكرێنەوە، واتە یەكێتی لە قۆناغی داهاتوودا دەبێتە حزبی هەڵبژاردن، هەروەها لەرووی پەیڕەوی ناوخۆوە گۆڕانكاریی تێدا كراوە و دەتوانین بەباشترین شێوە جەماوەر و كادر و ئۆرگانەكان لە دەوری ی.ن.ك، كۆبكەینەوە.

سیستمی سزا و پاداشت پەیڕەو دەكەین
لەبارەی كارو چالاكییەكانی سنووری مەڵبەندی سۆرانیشەوە، لێپرسراوی مەڵبەندەکە وتی: بەدڵنیاییەوە سۆران ناوچەیەكی فراوانە و سنووری پێنج قەزا و هەژدە ناحیە و نزیكەی 650 گوندە، هەر ناوچەیەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئێمە بەرنامەیەكی كارمان هەیە بۆ كاركردن لە مەڵبەندی سۆران، بۆ ئەمەش لە داهاتوودا كۆنفرانسی مەڵبەند دەبەستین، تا بتوانین ئەو بەرنامەیەی هەمانە لە چوارچێوەی مەڵبەنددا جێبەجێبكرێت، وتیشی: هەڵسەنگاندن دەكەین بۆ سەرجەم كادران و ئۆرگانەكان، پۆلێنیان دەكەین لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ و بەگوێرەی ئەو بڕگانەی پەیوەندیدارە بە مەڵبەندەكان و كادرەكان، لەهەمانكاتدا سیستمی سزا و پاداشت پەیڕەو دەكەین، بە واتایەكی دیكە جارێكی تر حزبایەتی زیندوو دەكەینەوە، تابتوانین بەباشترین شێوە پرەنسیپ و دیسپلینی حزبی بپارێزین.
راشیگەیاند: بەهۆی ئەوەی ناوچەی سۆران رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشدا و قوربانییەكی زۆری داوە و هەزاران شەهیدی بەخشیووە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە گرنگیی تایبەتی بە سنووری سۆران داوە و یەكێتی هیچ كات درێغی نەكردووە لە گرنگیدان بە ناوچەی سۆران و تەواوی ناوچەكانی كوردستان.

 435 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*