سەرەکی » ئاراستە » سه‌ردێڕی مێژووی كوردستان له‌ گه‌رمیان

ئاوایی ئاخجه‌مه‌شه‌ _ خورماتوو

سه‌ردێڕی مێژووی كوردستان له‌ گه‌رمیان

دڵشاد و گوندەکانی وڵات

 

له‌ پێش دا ئاماژه‌یه‌ك بۆ مێژووی‌ خورماتووی كورد
ئه‌م شاره‌ی كورد له‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان، یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ دێرینه‌كانی‌ كوردستان كه‌ چه‌ندان داگیركه‌ر هه‌تا عوسمانلی و عاره‌بیش هاتن، هه‌ر به‌ كوردی و كوردستانی‌ مایه‌وه‌و ده‌مێنێته‌وه‌، شاری‌ خورماتووی‌ كورد له‌ناوه‌ڕاستی هه‌زاره‌ی‌ سێیه‌م 2600 ساڵ پ.ز و له‌سه‌رده‌می ئاشوورییه‌كان ئاوه‌دان بۆته‌وه‌و هۆزه‌كانی‌ زاگرۆسی تێدابووه‌ وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ زاگرۆس، شاخی هه‌نجیره‌ كه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ خورماتووه‌وه‌یه‌ 300م له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌ به‌ڵام خورماتوو (228)م له‌ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌، له‌ده‌ربه‌ندی سڵه‌مانی‌ ئه‌م شاخه‌وه‌ شوێنی كاروانسه‌رای‌ ئاشورییه‌كان بووه‌ بۆ بابل، هاوشاری كیرماشی (كفری‌ئێستا بوه‌) بابلییه‌كان ناویان نابووخورشیتوم واتا شاری‌ قایم، قه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی‌ قایمی تێدایه‌ ناسراوه‌ به‌قه‌ڵای‌ (گاورین) له‌سه‌ر شاخی خورماتوو كه‌ ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر ئاوه‌سپی دا دروستكراوه‌، كورد له‌قه‌دیمدا ناویاننابوو (فریشته‌) ده‌ڵێن و ده‌گێڕنه‌وه‌ جوله‌كه‌ ئه‌م شاره‌ی‌ ئاوه‌دانكردۆته‌وه‌، میره‌كه‌یان ناوی‌ (مه‌تی) بووه‌، شارێكی توندو ئاوه‌دان بووه‌، به‌كاری‌ ده‌ستییه‌وه‌ به‌ناوبانگ بوون، پیشه‌ی‌ دروستكردنی‌ قاپ و كوپه‌و شه‌ربه‌ به‌گڵ و دارتاشی ئاسنگه‌ری‌ تیا بووه‌، خانێكی زۆر گه‌وره‌ی‌ تیابووه‌ بۆ كاروانچییه‌كان له‌سه‌ر كه‌ناری‌ ڕوباری‌ ئاوه‌ سپی ناوی‌ ناوچه‌كه‌شیان ناوه‌ (خورمه‌تی) شوێنی گه‌وره‌ی‌ كاروان بوه‌ له‌نێوان به‌غداو وڵاتی‌ ئاشووری و ماده‌كان. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاوی تێدایه‌، ئاوی شیرین، خوێلێن و ئاوی‌ گه‌ڕاو و ئاوی تورشاو. د. كه‌مال مه‌زهه‌ر ئاماژه‌ی‌ داوه‌ كه‌ خۆرییه‌كان (هۆرییه‌كان) وڵاتی‌ ئاشوریان حوكم كردووه‌ به‌درێژایی چه‌ن سه‌ده‌یه‌ك ئه‌وان خورماتوویان بنیات ناوه‌ به‌بێ گومان، خور واته‌ خۆری (هۆری) ماتو به‌زمانی‌ ئه‌كه‌دی‌ واته‌ (شار) واتا شاری خۆریه‌كان. ماده‌كان قه‌ڵایه‌كیان تیا دروستكردووه‌و شاخی حه‌مرینی كورده‌واری‌ سنوری‌ سروشتی سیاسی و سه‌ربازی نێوان كوردو بابلییه‌كان بووه‌.به‌م شێوه‌یه‌ شارێكی كورده‌واری‌ ڕه‌سه‌ن بوه‌ له‌گه‌ڵ كه‌ركوكی كورد هه‌تا ئێستاش بڕی قه‌ڵه‌می داگیركه‌رو هه‌نێ گه‌وجی ئه‌ملاوئه‌ولای موخابه‌راتی عوسمانلی نوێ ده‌ڕشێنه‌وه‌ گوایا شاری‌ توركمانه‌، توركمان بۆخۆی دروستكراوی‌ عوسمانلی بوون له‌كورده‌ جاهلییه‌كان بوون بوون به‌ پیاوی تورك و هه‌ندێكیان گه‌وجن دوژمنایه‌تی كورد ده‌كه‌ن نازانن نه‌سه‌بیان‌و ئه‌سڵیان كورده‌، شتێك نییه‌ له‌كوردستان به‌ناوی‌ تورك یان توركمان یان عوسمانلی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای عاره‌ب، كه‌ ته‌نها نیشتمانیان كه‌نداوه‌و هیچیتر، ئه‌م شاره‌ له‌نێوانی‌ بازنه‌ی‌ پای 34,43 پله‌ باكورو 44,48 پله‌ خۆرهه‌ڵاتدایه‌، له‌ساڵی 1922 خورماتوو كراوه‌ به‌ ناحیه‌ هه‌تا ساڵی 1946 سه‌ربه‌ قه‌زای‌ كفری‌ كورده‌واری‌ بوه‌ له‌ساڵی 1947 ده‌خرێته‌سه‌ر قه‌زای‌ داقوقی كورد هه‌تا ساڵی 1951 ده‌كرێت به‌قه‌زاو سه‌ربه‌ شاری كه‌ركوكی كوردستان ده‌بێ، عه‌ره‌به‌ به‌عسییه‌ داگیركه‌ره‌كان به‌مه‌رسومی ژه‌هراوی ژماره‌ 41 له‌29/1/1976 لكاندیان به‌تكریتی داگیركه‌ره‌وه‌، یه‌كێك له‌ناحیه‌كانی‌ ئه‌م قه‌زا كوردییه‌ (نه‌وجول)ی‌ كورده‌.

ناحیه‌ی‌ نه‌وجول له‌ بناری‌ قاجر
داوێ‌، ناوچه‌كی به‌رینی كوردستانه‌ له‌هه‌فته‌غاره‌كانه‌وه‌ به‌خورماتوو هه‌تا جه‌وه‌ڵ غه‌ڕه‌و شاخی مازوخ و قاجر درێژده‌بێته‌وه‌، ده‌كرێ به‌سێ به‌شی جوگرافیا كه‌ داوێیه‌كان خۆیان ناویان ناوه‌، داوێی به‌ر جاده‌، داوێی په‌ته‌كی داوێی كوردستانی‌، به‌و ئاواییانه‌ی‌ ده‌م كه‌ناری‌ ئاوه‌سپی ده‌ڵێن داوێی سه‌رچه‌م و به‌داوێی نه‌یجولیش ده‌ڵێن داوێی ناوه‌ڕاست. ئاوایی نه‌وجول ژماره‌یه‌ك هۆزی كورد له‌ساڵی 1702 ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه‌ له‌وانه‌ هۆزی به‌ناوبانگی داوێ، كه‌ باپیره‌ گه‌وره‌یان هه‌قی كچی میر سمایل میری زه‌نگنه‌ی‌ خواستووه‌، له‌گه‌ڵ هۆزی له‌ك و گل به‌ره‌بابی سه‌یفوڵاپه‌روه‌رو غه‌ز نه‌فه‌رو ئه‌حمه‌د كه‌ریم هاتوونه‌ته‌ ئه‌وێ كه‌ خۆی واته‌ (نه‌وجول)ی بناری‌ جه‌وه‌ڵ قاجه‌ر، شارێكی گه‌وره‌ی‌ مێژوویی بووه‌، ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه‌، نه‌وجول به‌مه‌رسومی كۆماری‌ ژماره‌ 460 له‌ساڵی 1972 بووبه‌ ناحیه‌و سه‌ربه‌ خورماتوی‌ كورد سه‌ربه‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكی كورد بوو، به‌مه‌رسومی ژماره‌ 366 له‌ساڵی 1989 به‌عسیه‌ داگیركه‌ره‌كانی‌ عه‌ره‌ب ناحیه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئه‌م ناحیه‌یه‌ له‌داوێی ناوه‌ڕاسته‌و 35 گوند له‌سنوره‌كه‌یدایه‌.

یه‌كێك له‌ئاواییه‌كانی‌ ئه‌م ناحیه‌یه‌ ئاوایی (ئاغجه‌مه‌شه‌د)ه‌. (سه‌ید) هه‌ر به‌خۆی ناوی‌ هاوڵاتییه‌كی ئاوایی ئاغجه‌مه‌شه‌ده‌، كوڕی مه‌حموی هاپۆ محه‌مه‌دی‌ ساڵح زه‌نجه‌لحایه‌، ئه‌و 65 ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی به‌گوندستانی‌ گوت: ئه‌م ناوچه‌یه‌ داوێیناوه‌ڕاسته‌، ئێمه‌ له‌بناری‌ جه‌وه‌ڵ ناسازیین، قه‌ڵایه‌ك هه‌یه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ئاوایی، توره‌كه‌ ڕێژه‌، له‌گه‌ڵ قه‌ڵاكه‌ی‌ ئاوایی عه‌لی (هه‌فته‌غار)ی هاوسێ و ئاوایی (له‌ك) به‌قه‌ڵاكه‌ی‌ یه‌ژن «بێشكه‌« له‌یه‌ك كاتدا دروستكراوه‌، به‌نوسراوی ژماره‌ 363ی شوێنه‌واری‌ عیراق/ به‌غدا ئه‌م قه‌ڵایه‌ له‌ساڵی (911پ.ز) دروستكراوه‌، ئه‌مانه‌ سه‌ربه‌ ئاراپخای‌ كوردستان بوون، لێره‌ له‌قه‌ڵاكه‌وه‌ هه‌تا ناحیه‌ی‌ نه‌وجول شارێكی گه‌وره‌و پڕ سه‌نعه‌تی و سه‌ربازخانه‌ بووه‌، به‌هۆی شاخه‌كانه‌وه‌ لێره‌ له‌قاته‌كان، كوپه‌ی‌ گه‌وره‌ گه‌وره‌ چه‌قێنراوه‌، سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ بۆ پاڵپشتی خورماتوی‌ كوردو كه‌ركوكی كورد، ئه‌و كوپانه‌ ئاویان تێ كردووه‌ بۆ كاتی‌ شه‌ڕ، سه‌ره‌ ڕم و تیر زۆر دۆزراوه‌ته‌وه‌، له‌كانی‌ مراد شا به‌لوله‌كی قوڕین ئاو گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌، له‌بن عه‌رده‌وه‌ بردویانه‌، (ئاخ جه‌) واتا خاكێكی بچوك، مه‌رشه‌ یان مه‌شه‌ پیرۆزو به‌پیت، ناوه‌كه‌ كوردی ڕه‌سه‌نه‌، 250 ساڵ به‌ر له‌ئێستا بڕێ قه‌ومی (داوێ) ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه‌، له‌ساڵی 1908 توركه‌ عوسمانلییه‌ داگیركه‌ره‌كان هێرش و په‌لاماری‌ ئه‌م ئاواییه‌یان داوه‌، جه‌ندرمه‌یه‌كی زۆر چونه‌ته‌سه‌ر (مه‌جید به‌گ سمایل ئاغای داوێ) له‌سه‌ر قه‌ڵاكه‌ خۆی و ژنه‌كه‌ی‌ به‌رپه‌رچیان داونه‌ته‌وه‌و ژماره‌یه‌كیان له‌عوسمانلی كوشتووه‌، به‌داخه‌وه‌ مه‌جی به‌گ فیشه‌كی پێ نامێنێ ده‌كوژرێ، ئێمه‌ ته‌رمه‌كه‌یمان له‌ساڵی 1963 دۆزیه‌وه‌، له‌ساڵی 1918 دوای‌ نه‌مانی‌ عوسمانلی تیره‌و هۆزه‌كانی‌ كورد، به‌هۆی قات و قڕی و گرانییه‌وه‌ ده‌ستیان به‌جوڵه‌و جێگۆڕین كردو ئێمه‌ی‌ «شێخان»و «ساڵه‌یی» به‌یه‌كه‌وه‌ هاتین لێره‌ نیشته‌جێ بوین، پاشان مه‌نمی و له‌ك و جه‌باری‌ هاتن، له‌ساڵی 1947 ئاوایی (جه‌ڕه‌س) له‌قه‌یمان بی، چۆڵیان كرد، به‌هۆی كاره‌ساتی (سێوت)ه‌وه‌، له‌21/7/1952 هه‌ردوو ئاوایی ئێمه‌و جه‌ڕه‌س بوین به‌یه‌ك ئاوایی یه‌كمان گرت ئه‌وان داوێ بوون، (ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ حوسێن خاتون) گوندنشینێكی دیكه‌ی‌ ئاخجه‌مه‌شه‌ده‌ به‌گوندستانی‌ گوت: بابای ئێمه‌ حوسێن و برایه‌كی ناوی‌ ئه‌لی بووه‌ باوكیان ناوی‌ ئه‌حمه‌د بووه‌ له‌قه‌ڵا میكایه‌ڵی قادر كه‌ره‌مه‌وه‌ هاتون له‌ساڵی 1918، له‌ساڵ 1963 حه‌ره‌س قه‌ومییه‌ تاوانباره‌كانی به‌دووه‌ پێ په‌تیه‌ تاڵانكه‌ره‌كانی‌ عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ سوپای‌ عه‌بدولسه‌لام عارفی تاوانبار هێرشێكی به‌ربڵاویان هێنایه‌سه‌ر ئاواییه‌كه‌مان (زابت مه‌جید) بوو، تاوانبار، دز، جه‌رده‌ له‌و سوپایه‌ فه‌رمانده‌ بوو، ئاواییه‌كه‌مانیان تاڵانكردو پاشان سوتاندیان ئه‌وجا (حاجی ڕه‌شی شێخانی‌)و (حه‌سه‌ن فاته‌ی‌ ساڵه‌یی)و (ئه‌حمه‌د له‌ك)و (جومعه‌ ئه‌مین)و (حه‌سه‌ن كۆڵه‌)و (سه‌ی‌ ساڵح)و (حه‌سه‌ن داوێ)یان گرت له‌گه‌ڵ باوكم (حه‌مه‌ی‌ حوسه‌ی‌ خاتون قه‌ڵامیكایڵی). خه‌ڵك ئاواره‌، خاك سوتاو، تاڵان كریاو، به‌ڵام خه‌ڵكی دلێری ئاواییه‌كان (قه‌ڵخانلو)و (له‌ك)و (سنگور)و (گۆمه‌یی)و (گه‌ڕاو حه‌مه‌ی‌ غه‌ریب)و (نه‌وجول)و (ته‌خته‌مینا) هاتن به‌هانامانه‌وه‌، ئه‌وانی‌ ده‌ستگیركرابون، بردیانن بۆ مه‌قه‌ڕ لیوا، باوكم حه‌مه‌ی‌ حوسه‌ی‌ خاتون حوكم ئیعدام بی، په‌تیان له‌مل كرد، ئیعدامیان كرد، خوای‌ من و تۆ كردی كا دڵشاد نه‌مردبوو، دوایه‌ فڕێیان دابونه‌ چه‌می پشت شۆریجه‌ی‌ كه‌ركوك له‌وێ كورد هاوكاریان بوو، یارمه‌تیان دابون.

ئاخجه‌مه‌شه‌و ژیان
شاكر شوكر حوسێن ئه‌نجومه‌نی‌ ئاواییه‌ ئه‌و به‌گوندستانی‌ گوت: ئه‌مساڵ 550 تۆن خه‌له‌مان وه‌شاند، بۆ یه‌كه‌مینجار له‌مێژووی‌ ئه‌م گونده‌ یه‌ك و بیستی بڕی، گه‌وره‌ترین ڕسته‌ی‌ ئاسایشی خۆراكمان بۆ كوردو كوردستان تۆمار كرد، ئاوایی ئاخجه‌مه‌شه‌د ئاوایی جه‌ڕه‌س یه‌ك ئاوایین و دوو ژماره‌ی‌ كه‌رتی كشتوكاڵیین 60 ئه‌وان و 61 ئێمه‌ین، كۆی گشتی ڕووبه‌ری‌ زه‌وی‌ شیاو بۆ چاندن له‌ئاخجه‌مه‌شه‌ ده‌ هه‌زارو شانزه‌ دۆنمه‌ بۆ فه‌لاحه‌ت، ڕوبه‌ری‌ له‌وه‌ڕگاو پاوانه‌كانمان سه‌د هه‌زار هیكتار چوارگۆشه‌یه‌ (هیكتار یه‌كه‌یه‌كی فه‌ره‌نسییه‌ یه‌كسانه‌ به‌ ده‌ هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌) واته‌ یه‌ك هێكتار یه‌كسانه‌ به‌چوار دۆنم، چه‌مێكی گه‌وره‌مان هه‌یه‌ (مراد پاشا)و خاوه‌نی سامانێكی گه‌وره‌ی‌ ئاوی ژێرزه‌مینین، كۆی زه‌وی ئاخجه‌مه‌شه‌ به‌ناوی‌ 110 جوتیاره‌وه‌یه‌، هه‌ر جوتیارێ نزیكه‌ی‌ 95 پێنج دۆنم زه‌وی هه‌یه‌، له‌ئێستادا 15 مێگه‌ل مه‌ڕو بزنی‌ تیایه‌، له‌گه‌ڵ گاوگۆڵ، به‌ر له‌ئه‌نفاله‌كان 30 بۆ 40 مێگه‌لی هه‌بوو ئاوایی، (104) ماڵ بووین قوتابخانه‌مان بی، له‌ساڵ 1970 ناوی‌ مدرسه‌ی‌ ئاراس بی، دوو مامۆستای‌ كچ كورد بین هاتن بۆلامان، شه‌ش تیره‌ی‌ كورد لێره‌ ده‌ژین (ساڵه‌یی)و (شێخانی‌)و (له‌ك)و (داوێ)و (مه‌نمی)و (جه‌واری‌_ مه‌به‌ستی جه‌بارییه‌). لێره‌ له‌ئاوایی (په‌ڵك شێخ فه‌تحی) بی، دارو دارستان و ئاوێژگه‌یه‌كی بێ حساو بی كاكه‌ دڵشاد سه‌یرانگای‌ ئاواییه‌كانی‌ (سنگور)و ( شۆراو حه‌مه‌غه‌ریب)و (ئاخجه‌مه‌شه‌د)و (خدر وه‌لی)و (ئاوایی له‌ك)و (نه‌وجول) بی، ده‌چوین بۆ ته‌واف و زیاره‌ت و هه‌موو چوارشه‌مه‌یه‌ك له‌وێ سه‌یرانمان ده‌كرد، حه‌یف نه‌ما.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و گه‌رمیان و پێشمه‌رگه‌
حكومه‌تی‌ داگیركه‌ری‌ به‌عس، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ (مه‌جلیس وه‌ته‌نی‌ به‌عس) یان هه‌بوو له‌17/10/1984، به‌زۆر هه‌ڵیان ده‌كوتایه‌سه‌ر ئاواییه‌كان و خه‌ڵكیان ڕاپێچ ده‌كرد بۆ ده‌نگدان. به‌ڵام له‌ئاوایی (ئاخجه‌مه‌شه‌) نه‌چونیان هه‌ڵبژارد، وتیان نه‌خێر بۆ درۆكانی‌ هه‌ڵبژاردنی به‌عسی عه‌ره‌بی، هێزێكی جه‌یشی شه‌عبی به‌عسی و ئه‌من و ئیستیخبارات و سوپای عه‌ره‌بی عیراق هه‌ڵیان كوتایه‌سه‌ر ئاوایی (خالد حاجی شاكر بورجه‌ مه‌نمی)به‌خۆی پێشمه‌رگه‌ بوو، ئێستاش پێشمه‌رگه‌یه‌، ئه‌و به‌گوندستانی‌ گوت: سه‌عات 9:30ی به‌یانی ڕۆژی 17/ 10/ 1984 پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی‌ گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێیان پێگرتن، (عه‌لی بیكه‌یسی خه‌ڵك میل ناسر)و (كه‌ریم هه‌فته‌غاری‌)و دووبرا (جبور ستارو حه‌سیب ستار ناسراو به‌مامه‌ قاله‌)و غیدان حاجی شاكرمه‌نمی‌ برام ناسراو به‌(ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی) له‌گه‌ڵ 12 چه‌كداری‌ هێزی پشتگیری پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستانی ئاواییه‌كه‌مان به‌چه‌ك و فیشه‌كی خۆیان، ئاواییه‌كه‌مان (95) كه‌سی هه‌ڵاتوی سه‌ربازی (عه‌سكه‌ر فیرار)ی تیابوو، ئه‌وانیش هاتنه‌ده‌ست، شه‌ڕێكی گه‌وره‌و خوێناوی‌ ده‌ستی پێكرد، (مام فه‌قێ عه‌لی)مان بی 80 ساڵ بی، هاواری‌ ده‌كرد فیشه‌ك به‌خه‌سار مه‌ده‌ن، كه‌م كه‌م بته‌قێنن، له‌ئاوایی (سنگور) «هیده‌ی زه‌عیم»و «فازیل ڕه‌فیق» هاتن به‌هانامانه‌وه‌ هه‌تا سه‌عات (5:30) ئێواره‌ شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، ڕه‌فیق حیزبییه‌كی بێناموس كوژرا به‌ناوی‌ (مفوز نه‌جیم)و 12 سه‌ربازو ئه‌من كوژران‌و زیاتر له‌(50) عه‌سكه‌رو ئه‌من و جاشی شه‌عبی برینداربوون، (عه‌لی مه‌جید) گه‌نجێكی ئاوایی بوو له‌ده‌ست دایكی و خوشكی مه‌خزه‌نێ فیشه‌كیان لێدا به‌عسیه‌كان له‌گه‌ڵ (جومعه‌ حوسێن)و (مه‌حمود شكر) بریندار بوون، كۆپته‌ریش له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆردومانی‌ ده‌كرد، به‌ئاڕبیجی لێمان ده‌دا هه‌ڵ ده‌هاتن، خالید حاجی شاكر سه‌باره‌ت به‌شه‌هیدو ئه‌نفالكراوان ووتی: خاوه‌نی‌ 7 شه‌هیدو 18 ئه‌نفالكراوین، سه‌دان كه‌سمان له‌ڕیزه‌كانی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشمه‌رگه‌ین، هه‌تا دوا دڵۆپه‌ی‌ خوێن تاكو كه‌ركوك و خورماتوو له‌بن نێڵه‌ی‌ داگیركه‌ر ده‌رده‌هێنین كۆڵ ناده‌ین.

print

 291 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*