سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » دەربارەی ده‌رهێنه‌ر و سیناریستی كۆری پارك چان ووك

دەربارەی ده‌رهێنه‌ر و سیناریستی كۆری پارك چان ووك

یه‌كێك له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌كانی دنیای سینه‌ما پارك چان ووكه‌« Park Chan-wook « كه‌ به‌ فیلمه‌كانی پانتاییه‌كی فراوانی له‌ دنیای سینه‌مادا گرتووه‌ و به‌شداریی چه‌ندین فێستیڤاڵی كردووه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ پای ئه‌و فیلمانه‌ی به‌رهه‌می هێناوه‌. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ كه‌ هه‌ندێكیان خۆی سیناریۆكه‌ی نووسیوه‌، چه‌ند فیلمێكیشی ده‌قئاوێزانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی نووسه‌ره‌ جیهانییه‌كانه‌. دنیای فیلمه‌كانی پارك چان ووك جیاوازه‌، به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ ریزبه‌ندی ئه‌و فیلمانه‌یه‌ كه‌ ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ری نوێی سینه‌ماوه‌. به‌گشتی چیرۆكی فیلمه‌كانی ده‌روونیی و عه‌شق و بابه‌تی رۆح و خه‌واندنی موگناتیسی و ترسناك و سێكس و توندوتیژی و كۆمیدیا و تاوانن.

ده‌رهێنه‌ره‌ فه‌یله‌سووفه‌كه‌
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆك یان بابه‌تی فیلمه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ وای كردووه‌ كه‌ پارك چان ووك زۆرجار به‌ ده‌رهێنه‌ره‌ فه‌یله‌سووفه‌كه‌ ناوببرێ. بابه‌تی رۆح و خه‌واندنی موگناتیسی و فڕینی مرۆڤ و … له‌ ئیشه‌كانیدا به‌دی ده‌كرێ. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌م سیناریست و هه‌م ده‌رهێنه‌ره‌. یه‌كێكه‌ له‌و ده‌رهێنه‌ره‌ ناودارانه‌ی جیهان كه‌ جگه‌ له‌ ئیشی ده‌رهێنان وه‌ك نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر و لێكۆڵه‌ری بواری سینه‌ما ناسراوه‌ و چه‌ندین بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر هونه‌ری سینه‌ما نووسیوه‌. ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كاتێ پارك ده‌ستی به‌ ئیشی سینه‌ما كردووه‌ وه‌كو ده‌رهێنه‌ر جیاواز له‌ زۆرێك له‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانی دیكه‌ گرنگی به‌ ته‌كنیكی سینه‌ما و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی پشتی سیناریۆكان داوه‌. یه‌كێكه‌ له‌ تازه‌گه‌ره‌كانی سینه‌مای كۆریی و جیهانە. به‌ یه‌كێ له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ نوێكاره‌ ناوداره‌كان داده‌نرێ. فیلمه‌كانی پارك نه‌ك هه‌ر له‌ كۆریا، به‌ڵكه‌ له‌سه‌ر ئاستی دنیا بینه‌ری خۆی هه‌یه‌.

ده‌قئاوێزان له‌ سینه‌مادا
ده‌قئاوێزان یان «ئیقتیباس» لای ئه‌م ده‌رهێنه‌ر گرنگی خۆی هه‌یه‌، به‌شێك له‌ فیلمه‌كانی ده‌قئاوێزانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی نووسه‌ره‌ جیهانییه‌كانه‌، هه‌ندێك له‌ فیلمه‌كانی له‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی جیهانییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و كاری تێدا كردووه‌. بۆ نموونه‌ فیلمی Thirst كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ فیلمه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ له‌ رۆمانێكی «ئه‌میل زۆلا»وه‌ وه‌ریگرتووه‌. یان فیلمی خزمه‌تكار، كه‌ له‌ رۆمانێكی « ساره‌ ووترز» نووسه‌رێكی به‌ریتانییه‌ وه‌رگرتووه‌. فیلمی «گه‌نجه‌پیره‌كه‌« یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ده‌قئاوێزانی مانگای ژاپۆنییه‌، كه‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ ژاپۆندا. مانگای ژاپۆنی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی بابه‌ته‌كانی ئه‌وین و خه‌یاڵی زانستی و كۆمیدیا و ده‌دوێت.

ژیانی ووك
پارك چان ووك ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌كه‌ی كۆریای باشوور ساڵی 1963 له‌ دایكبووه‌. له‌ ساڵی 1992ه‌وه‌ ده‌ستی به‌كاری سینه‌مایی و به‌رهه‌مهێنانی فیلم كردووه‌ و تاوه‌كو ئێستا چه‌ندیم فیلمی به‌رهه‌مهێناوه‌ و له‌پای ئه‌و كارانه‌ی چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌. ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ ناوداره‌ی كۆریای باشوور هه‌ر له‌ مێرمناڵییه‌وه‌ خه‌ون و خولیای كاركردنی له‌ سینه‌مادا هه‌بووه‌. خه‌ونی هه‌بووه‌ ببێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی سینه‌مایی ناودار. هه‌ر زوو ده‌ستی به‌ره‌و سینه‌ما هه‌نگاوی ناوه‌. پارك چان ووك سه‌ره‌تای خوێندنی له‌ زانكۆی سوكانك بووه‌ له‌ به‌شی فه‌لسه‌فه‌. به‌رله‌وه‌ی وه‌ك ده‌رهێنه‌ر كاربكات خوێنه‌رێكی باشی تیۆره‌كانی سینه‌مابووه‌ و له‌و بواره‌دا زۆری خوێندۆته‌وه‌ و هاوكات وه‌ك نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری بواری هونه‌ری سینه‌ما ده‌ستی به‌ نووسین كردووه‌ و چه‌ندین وتار و بابه‌تی له‌باره‌ی سینه‌ماوه‌ نووسیوه‌ و بڵاوكردۆته‌وه‌.
یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییانه‌ی كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌رئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ هه‌بووه‌ فیلمی «عرق بارد» عاره‌قی سارد بووه‌، ئه‌م فیلمه‌ ساڵی 1953 هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م كه‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری ئه‌مریكی ئه‌لفرید هیچكۆكه‌ و جه‌یمس ستیورات و كیم نۆفال رۆڵیان تێدا بینووه‌.
ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌ له‌ سایه‌ی فیلمه‌ نایابه‌كانییه‌وه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌ و به‌شداری چه‌ندین فێستیڤاڵی كردووه‌. له‌وانه‌ فێستیڤاڵی به‌رلین، فێستیڤاڵی فیلمه‌ ئاسیاییه‌كان. خه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری له‌ فێستیڤاڵی فیلمه‌ ئاسیاییه‌كان وه‌رگرتووه‌. له‌ ساڵی 2001 خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌. ساڵی 2004 له‌ فێستیڤاڵی كان بۆ فیلمی «گه‌نجه‌ پیره‌كه‌« خه‌ڵات كراوه‌. هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی شێری دواڕۆژ و چه‌ندین خه‌ڵاتی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.
پارك چان ووك ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر و سیناریستی كۆریای باشوور. خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك فیلمی سینه‌ماییه‌ ئه‌وانه‌ش بریتین له‌م به‌رهه‌مانه‌: فیلمی «مانگ خه‌ونی رۆژه‌« كه‌ له‌ ساڵی 1992 به‌رهه‌م هاتووه‌. ناونیشانی ئه‌م فیلمه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌یه‌وه‌ ناونیشانێكی شیعرییه‌. كورته‌ فیلمی دادگایی ساڵی 1999 به‌رهه‌م هاتووه‌. فیلمی ناوچه‌یه‌كی ئه‌منی هاوبه‌ش. ساڵی 2000 به‌رهه‌میهێناوه‌. له‌ساڵی 2002 فیلمی «هاوسۆزیی له‌گه‌ڵ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی پیاوێكدا»ی به‌رهه‌مهێاوه‌. له‌ ساڵی 2003 كورته‌ فیلمی «ئه‌گه‌ر من بوومایه‌«ی به‌رهه‌مهێناوه‌. له‌ ساڵی 2004 كورته‌ فیلمی «سێ ناكۆكی»ی به‌رهه‌مهێناوه‌. له‌ ساڵی 2006 فیلمی «من سایبورگم «ی به‌رهه‌مهێناوه‌. ئه‌م فیلمه‌ چیرۆكی كچێكه‌ كه‌ باوه‌ڕی زۆری به‌خۆی هه‌یه‌، تاوه‌كو ببێت به‌ رۆبۆت، به‌ڵام كاتێك پیاوێكی گه‌نج ده‌بینێ یاری پینگ پۆنگ ئه‌كات پاشان به‌خێرایی ئه‌بن به‌ هاوڕێی یه‌كتری. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی رۆمانسییه‌. ده‌رهێنان و سیناریۆی پارك چان ووكه‌ و ساڵی 2006 له‌ كۆریای باشوور به‌رهه‌مهاتووه‌. زمانی فیلمه‌كه‌ كۆرییه‌. له‌ ساڵی 2012 «فیلمی ستۆكه‌ر»ی به‌رهه‌م هێناوه‌. «Stoker» جیاواز له‌ فیلمه‌كانی دیكه‌ی ووك ساڵی 2013 له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆریا، له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رهه‌مهاتووه‌ و زمانی فیلمه‌كه‌ ئینگلیزییه‌ و فیلمێكی ترسناكه‌. ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی رۆڵی تێدا ده‌بینن بریتین: میا واسیكۆسكا و ماسیۆ جوود و نیكۆل كیدمان و دیرموت مۆلرونی و جاكی ویفر. چیرۆكی فیلمه‌كه‌ ژیانی ئاندیا ستۆكه‌ره‌، كچێكه‌ هه‌ستێكی به‌هێزی هه‌یه‌، له‌ دوای مردنی باوكییه‌وه‌ ژیانی ده‌گۆڕێ. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ فیلمه‌كانی فیلمی خزمه‌تكاره‌. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فیلمێكی ده‌روونییه‌ و ساڵی 2016 به‌رهه‌مهاتووه‌. ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی رۆڵی تێدا ده‌بینن ها جونج وو، مین هی جیم، جین وونج جو. كاتی فیلمه‌كه‌ 145 خوله‌كه‌. زمانی فیلمه‌كه‌ ژاپۆنی و كۆرییه‌. فیلمه‌كه‌ چیرۆكێكی درامی مێژووییه‌. چیرۆكی شه‌ڕی كۆریا و ژاپۆنه‌. چیرۆكی سێكس و توندوتیژییه‌. چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می داگیركاری كۆریا له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیستدا، ئه‌م فیلمه‌ له‌ رۆمانی «فنگرسمیس»ی نووسه‌ری به‌ریتانی «ساره‌ ووترز»ه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. كه‌ ساڵی 2002 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و پارك چان ووك ساڵی 2016 فیلمه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌. فیلمی «ئه‌ی تینوێتی ئه‌مه‌ خوێنی منه‌« فیلمێكی سریالییه‌ و ساڵی 2009 به‌رهه‌مهاتووه‌، ئه‌م فیلمه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و فیلمه‌ ترسناكانه‌وه‌ به‌ شێوازی سریالییه‌.

print

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*