سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئەدەب لە سەردەمی کۆرۆنادا

ئەدەب لە سەردەمی کۆرۆنادا

د.لوقمان رەئوف

ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی ساڵی(٢٠١٩)دا، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی چینەوە سەریهەڵدا، بەڵام لە کۆتایی مانگی شوباتی(٢٠٢٠)، لە هەرێمی کوردستانیش سەرەتاکانی ئەم ڤایرۆسە دەستیپێکرد، ئیدی لێرەوە وردە وردە دایەنگە و خوێندنگەکان، پاشان زانکۆ و پەیمانگەکان، دواتر سەرجەم فەرمانگەکان داخران و دواتر قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرتاسەری هەرێم راگەیەنرا، جگەلەمەش بەهۆی زۆری مەترسی ڤایرۆسەکەوە، ئەم میکانیزمەش بەسەر تەواوی وڵاتانی جیهان جێبەجێکرا، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان دانا، بەڵام کۆرۆنا نەبووە رێگر لەبەردەم نووسینی بابەتە ئەدەبییەکان لەلایەن نووسەرانەوە، بەپێچەوانەشەوە بۆ هەندێکیان دەرفەتێکی باشتری رەخساند بۆ نووسین و بیرکردنەوە، تەنها گرفتی لەبەردەم بڵاوکردنەوەی بابەتەکان(کتێب رۆژنامە…..تاد) بەشێوەی هارد دروستکرد، بەڵام بە ئۆنلاین و لەرێگەی سایتەکانەوە هەر بەردەوام بوو.
ئەم بارودۆخ و ئەزموونەی کە ئێستا جیهان تێدا دەژی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، دڵنیام لە ئایندەدا بەهۆی نووسەرە داهێنەرەکانەوە دەبێتە بەرهەم و کەرەستەی شانۆیی و فیلمی سینەمایی جیهانی و کەرەستەی دەقە ئەدەبییەکان، بەو پێیەی بۆ یەکەمجارە رووداوێک سەرجەم وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوەو چوەتە ناو سەرجەم شارو شارۆچکە و تەنانەت سەرجەم ماڵەکان لە جیهاندا، بۆیە رووداوی ئەم فیلمەش، باس لەسەرجەم وڵاتانی جیهان دەکات، کە دووچاری ئەم ڤایرۆسە کوشندە و مەترسیدارە بوونەتەوە، بۆیە لەم سۆنگەوە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی وردتر بکرێت لەسەر داهێنانەکانی وەک(نووسەر و شاعیری ئیتاڵی جوڤانی بوکاتشیۆ 1313-1375، دەرمانساز و کانناسی فەرەنسی میشیل دی نوسترادام 1503 – 1566،چیرۆکنووسی بەریتانی جۆرج ئیلیوت 1819-1880، فەیلەسوفی بوونگەرایی و چیرۆکنوسی فەرەنسی کامۆ 1913-1960، نووسەرو رۆماننووسی ئەمریکی جاک لەندەن 1876-1916، نووسەری ئەمریکی روسی ئیسحاق ئەسیمون 1920-1992، چیرۆکنووسی پورتوگالی جۆزێ ساراماگۆ 1922-2010، رۆماننووسی ئیسپانی مارکیز 1927-2014، رۆماننووس و داهێنەری بەریتانی ئارسەر چارلس کلارک 1917-2008……تاد) کۆی ئەم نووسەرانە بەپلەی یەکەم فۆکەس دەخەنە سەر ئەوەی شەڕ مەسەلەیەک نییە تایبەت بێت بە تاکەوە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە، چونکە مەسەلەکە پەیوەندی بە مرۆڤایەتی و وەچەی مرۆڤایەتییەوە هەیە، لەم سۆنگەوەیە پێشبینی دەکەن و دەیانەوێت رێگری لەم قاتوقڕیە بکەن و پێشوەخت هەموان ئاگاداربکەنەوە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا وەک پێویست ئەم هەوڵە بێوێنەیەی نووسەران لەبەرچاونەگیراوە، کەوایە بوونی پێشبیینی و دۆزینەوەکان هەر ئەوانە نین، کە زاناکانی بواری پزیشکی و فیزیک و….. تاد دەیخەنەڕوو، بەڵکو ئەدەب پڕیەتی لەم دۆزینەوانە، بەڵام درەنگ هەست بەم دەستپێشخەریانە دەکرێت، خودی کۆرۆناش دیسانەوە لە چیرۆکەکاندا باسکراوە و ئەمڕۆ لاپەڕەی ناو چیرۆک و دەقەکان هەڵدەدرێتەوە، ئەم راستییەمان بۆ دەردەکەوێت، بۆ نموونە لە ساڵی 1981 نووسەری ئەمریکی( دین کونتز) رۆمانێکی بەناوی( چاوەکانی تاریکی) بڵاوکردوەتەوە، کە باس لە ڤایرۆسێک دەکات کە لە شاری ووهانی چین بڵاودەبێتەوەو باس لە زانایەکی چینی بەناوی ( لی چین) دەکات کە بە کۆمەڵیک تۆماری نهێنییەوە هەڵدێت و دەچێت بۆ ئەمریکاو باس لە مەترسیدارترین چەکی بایکۆجی چین دەکات، کە ناوچەیەکە لە دەرەوەی شاری ووهان و ماوەی سەدەیەکە گەشەیان پێداوەو ڤایرۆسەکەشی ناو ناوە ووهان 400، ئەمەش چەکێکی نموونەییە و تەنها دوچاری مرۆڤ دەبێت و ساڵی 2020 سەرهەڵدەدات، جگە لەمەش کافکا باس لەم جۆرە ڤایرۆسانە و مەترسییەکانی دەکات، بە شێوازێک کافکا دەڵێت» چوونەدەروە لەماڵەوە ئەدڤێنچەرێکی مەترسیدارە» کەواتە ئەدیبیش پێشبینی و خوێندنەوەیان بۆ ئایندە هەیە و دەتوانن زۆر شتی نوێ و داهێنەری ئەدەبی، یان زانستی لەناو دەقدا بکەن، کامۆش لە رۆمانی تاعوندا هەمان ئەم رێکارانەی کە ئێستا بۆ کۆرۆنا دەگیرێتەبەر گرتویەتییە بەر، بە مانایەکی تر رۆمانی تاعون تەنها تایبەت نییە بە تاعون، بەڵکو باس لە گەمارۆ و دابڕان و کەرەنتینەکردن دەکات، تەنانەت دەشگاتە ئەوەی، کە کەرەنتینەش نابێتە رێگری تەواو، چونکە کارەکە بە گوماناوی ناو دەبات، کەوایە ئەدەبیش وێڵە بەدوای ئەو مانا شاراوانەی ئەو رووداوانەی کە لەجیهاندا روودەدەن، کەواتە ئەدەب هەوڵدەدات لەڕێگەی بیرکردنەوەی ناوەکی خودی خۆیان و بەکارهێنانی هێزی تێڕامان و بیرکردنەوەیان، ڕووبەڕووی شتە نادیارەکان ببنەوە، بەمەش تاکە چەکی کارای ئەدیبەکان، خودی ئەدەبەکەیانە، لەم ئەدەبەشدا جیهانی واقعی و وێنایی و ئێستا و ئایندەیی و….تاد دەخوڵقێنن، لەم سۆنگەوە ئەدەب بەپێی قۆناغ و سەردەمەکان هەنگاوی نوێ دەنێن.
ئەگەرچی لەگەڵ پێشکەوتن و زانست و تەکنۆلۆژیادا، مرۆڤ دەیەوێت بیرکردنەوەکان و روانینەکانی، لەگەڵ ئاستی پێشکەوتن و زانستدا بڕوات، هەر بۆیە لەم سۆنگەوە مرۆڤ دەیەوێت لە ئەفسانەی کۆن رزگاری ببێت، بەڵام ئەمڕۆش ئەوەی بۆ روونبووەتەوە، هەرگیز ناتوانێت ئەمە بکات، چونکە مرۆڤ بەردەوام هەوڵدەدات ئەفسانەی نوێ بهێنێتە گۆڕێ، ئەفسانەیەک کە دەبێتە وەڵامدەرەوەی زۆرێک لەو پرسیارانەی کە کاتیان نییە بپرسرێن، لەپێناو رزگاربوون لە گرفتەکانی جیهانی سەردەم، لەگەڵ ئەمەشدا سەرچاوەکانی دیاریکراون، بەڵام شیاوی لێکۆڵینەوەن، چونکە لەهەمان سەرچاوەی داهێنەری مرۆڤەوە بەرهەمهاتوون، کەواتە ئەم سەردەمەی کە ئێستا هاتۆتە ئاراوە، بەراشکاوی لە دیمەنەکانی دەقە ئەدەبیەکان هەبوووە و دەبێت و دەشتوانرێت هەر لەم ریگەیەوە سەرچاوەکانی خۆپارێزی و رزگاربوون بدۆزینەوە، ئەوەی ئێستاش دەنووسرێت، دەکرێت لە ئایندەدا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی رووداوەکان، پێش هەموو شتێک بگەڕێینەوە بۆ ئەدەب، لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارەکاندا.

print

 147 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*