سەرەکی » راپۆرت » بیره‌وه‌رییه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌هید سه‌ید برایمدا

بیره‌وه‌رییه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌هید سه‌ید برایمدا

ئه‌حمه‌د كاكه‌حه‌مه‌- هۆشمه‌ند
شه‌هید سه‌ید برایم یه‌كێك بوو له‌ پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ چاونه‌ترس و ئازاكانی تیپی 21ی كه‌ركوك، به‌ڵام ساڵی 1982 له‌گه‌ڵ شه‌هید كه‌ریم نۆكه‌ڵه‌ و شه‌هید ئه‌حمه‌د بچكۆل چوون بۆ تیپی 57ی سه‌گرمه‌ و ماوه‌یه‌ك له‌و سنووره‌ مانه‌وه‌.
مامه‌ڕیشه‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رتی 4ی جه‌بار-ی تیپی 57ی سه‌رگرمه‌ بوو، له‌گه‌ڵ چه‌ند پیشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ گوندی (حه‌مك) تووشی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ بوون به‌رامبه‌ر سوپای به‌عس و جاش، داستانی حه‌مكیان تۆماركرد، سه‌ید برایمیش به‌شداربوو، دواتر كه‌ هاته‌وه‌ بۆ تیپی 21ی كه‌ركوك چۆنێتی شه‌ڕه‌كه‌ی بۆگێڕاینه‌وه‌ كه‌ چۆن خانووه‌كانیان كونكون كردبوو و به‌و شێوه‌یه‌ به‌رگریان كردبوو.
دوای شه‌ڕی ژاڵه‌، حه‌مك دووه‌م شه‌ڕی سه‌ركه‌وتووی ناودێ بوو.
ساڵی 1983 بۆ چه‌ند مانگێك كادیری كۆمه‌ڵه‌و رابه‌ری سیاسی كه‌رتی 2ی تیپی 21ی كه‌ركوك بووم كه‌ شه‌هید سه‌ید برایم فه‌رمانده‌ی كه‌رت، شه‌هید دارای مامه‌قاله‌ی سه‌یدان جێگری كه‌رت و سیروانی كوێخا نه‌جم و شه‌هید ئه‌حمه‌د بچكۆل فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ بوون.
سه‌ید برایم كوڕێكی هێمن و له‌سه‌ر خۆبوو، جارێك پێی وتم: (من ئێستا زۆر گۆڕاوم، فێری وشه‌ی (ئیشتراكیه‌ت) بووم، خۆم موسه‌قه‌ف ده‌كه‌م).
سه‌ید كه‌ریم برا گه‌وره‌یی شه‌هید سه‌ید برایم بوو له‌و كه‌رته‌یا پیشمه‌رگه‌ بوو، به‌ڵام سه‌ید برایم جیاوازی ئه‌وو و پیشمه‌رگه‌یه‌كی تری نه‌ده‌كرد.
كه‌رته‌كه‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵه‌ی تیابوو كه‌ هیچ كه‌رتێك ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بوو، چونكه‌ گه‌یشتن به‌ پله‌ی ئه‌ندامێتی كۆمه‌ڵه‌ قورس و ئه‌سته‌م بوو، ئه‌وانه‌ی له‌بیرم مابن: (شه‌هید سه‌ید برایم، شه‌هید دارا، سیروانی كوێخا نه‌جم، عه‌بدوڵڵا سیاسی، شه‌هید ئه‌حمه‌د بچكۆل، شه‌هید هیوا چیمه‌نی و مودیر چیمه‌نی و …).
رۆژی 12/4/1983 تووشی شه‌ڕی حسك بووین له‌ ئاسۆس، سه‌ید برایم به‌ نه‌شاره‌زایی له‌ شاخه‌كه‌وه‌ چووبووه‌ ناو حسكه‌كانه‌وه‌ و كه‌ته‌ به‌رده‌ستیان، بۆ سه‌لامه‌تی گیانی سه‌ید برایم په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رته‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حسكه‌وه‌ كرابوو له‌ قه‌ندیل، ئیتر كه‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی گه‌یشتنه‌ ئه‌وێ ، فه‌رمانده‌ی كه‌رته‌كه‌ی حسك به‌ڵێنه‌كه‌ی جێبه‌جێكردو سه‌ید برایم به‌سه‌لامه‌تی ‌گه‌یانده‌وه‌ هێزه‌كانی یه‌كێتی و هاته‌وه‌ لامان بۆ كه‌رتی 2.

سه‌ید برایم له‌ دوای ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ بارودۆخی ده‌روونیی باش نه‌بوو‌، هه‌ندێكمان
له‌ مزگه‌وته‌كه‌ خه‌وتبووین، پیشمه‌رگه‌یه‌ك وتی هه‌ستن كۆبونه‌وه‌یه‌، منیش پێم سه‌یر بوو، ئه‌بوایه‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخستن و سیاسی من بیكه‌م، وتم: كێ وا ئه‌ڵێت؟ وتیان: سه‌ید برایم، كه‌ دانیشتین سه‌ید برایم بێ سێ و دوو به‌ مه‌ریوان چیمه‌نی وت: تۆ چه‌كه‌كه‌ت دانێ، به‌منیشی وت كاك هۆشمه‌ند ئێمه‌ تۆمان ناوێت، بچۆوه‌ بۆ كه‌رتی ریكخستن، داوا ئه‌كه‌ین كادیرێكی ترمان بۆ بنێرن!.
دیاربوو كه‌سانێك ئیستغلالی خراپی باری ده‌روونیی سه‌ید برایمیان كردبوو، چووبوونه‌ بن كڵێشه‌یه‌وه‌ كه‌ من به‌ شایسته‌یان نازانم و راپۆرتم له‌سه‌ر نوسیوون!.
وتم: تۆ جارێ راوه‌ستێ، بزانم چیبووه‌ پێم بڵێ؟ وتی: ته‌قریرت له‌ سه‌ر من وجێگرو ئامر مه‌فره‌زه‌كان نووسیوه‌ كه‌ به‌كه‌ڵك نایه‌ین و خراپین.
(وه‌ك پێشتر باسمكردبوو دۆخی ده‌روونی شه‌هید سه‌ید برایم زۆر ناسك بوو)، بۆیه‌ وتم: ده‌با راستیه‌كه‌تان پێ بڵێم: كاك شوان (شه‌هید شوانی ته‌نسیق) داوای له‌ رابه‌ری سیاسی كه‌رته‌كان كردووه‌ هه‌ركه‌سه‌و راپۆرتێك له‌ باره‌ی كه‌رته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بنووسێت، منیش ئه‌وه‌م نووسیوه‌ كه‌‌: تۆ و دارا و سیروان و ئه‌حمه‌د بچكۆل ته‌شكیله‌یه‌كی زۆر خراپن، چونكه‌ هه‌مووتان ره‌فیقی یه‌كن و گاڵته‌و گه‌پ زۆر له‌گه‌ڵ یه‌ك ئه‌كه‌ن، وای لێهاتووه‌ پیشمه‌رگه‌ش به‌ قسه‌تان ناكات.
سه‌ید برایم وتی: وه‌ڵا وایان بۆ باسنه‌كردوم، بۆیه‌ داوای لێبووردن ئه‌كه‌م، وتم ده‌باشه‌ ئه‌و چه‌كه‌ی مه‌ریوانیش بده‌وه‌، چونكه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌و راپۆرته‌وه‌ نیه‌، ئیتر سه‌ید برایم ئاسایی بۆوه‌.
ساڵی 1985 له‌ داستانی دابان- هه‌لاج دا سه‌ید برایم فه‌رمانده‌ی كه‌رتی 3ی چه‌مچه‌ماڵی تیپی 21ی كه‌ركوك بوو، له‌ گرتنی ره‌بایه‌یه‌كی قوڵه‌ پووشینه‌ (كلكه‌ی شاخی پیره‌مه‌گرون) دوای ئه‌وه‌ی به‌پێوه‌ هه‌شت گولله‌ ئاڕپیجی له‌ ره‌بایه‌كه‌ ئه‌دا، فیشه‌كێك له‌لای چه‌پی دابوو له‌ لای راستیه‌وه‌ ده‌رچووبوو و دوای چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك گیان له‌ ده‌ست ئه‌دات، رووحی شاد بێت.
كه‌رته‌كه‌ ئه‌یانه‌وێ بیبه‌نه‌وه‌ بۆ سنووری چه‌مچه‌ماڵ، به‌ڵام له‌خڕی زێوێ ئه‌كه‌ونه‌ بۆسه‌ی جاش و جه‌یشه‌وه‌، تراكتۆره‌كه‌ وه‌رئه‌گه‌ڕێ و (پشتیوانی كوچك نه‌خشینه‌) ئه‌كه‌وێته‌ ژێر تراكتۆره‌كه‌و له‌ گه‌ڵ ته‌رمی شه‌هید سه‌ید برایم به‌جێ ئه‌مێنن و ده‌كه‌ونه‌ ده‌ست جه‌یش و جاش.
بۆ به‌یانی كه‌رته‌كه‌ به‌ له‌شی قوڕاویه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێوێ و به‌فریش دونیای سپی كردبوو.

print

 435 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*