سەرەکی » وتار » با پارتە سیاسیيەکان ئاشتەوایی گشتی رابگەیەنن

با پارتە سیاسیيەکان ئاشتەوایی گشتی رابگەیەنن

وەستا رەسوڵ*

ئەگەرچی ئەم تایتڵە زۆر سادە و ساکارە و رەنگە بە رواڵەت هەموو پارتێکی سیاسی لەمەڕ خۆمان ئەمە بە یەکەم دروشمی خۆی دیاری بکات و بانگەشەی ئەوە بکات دەست بە چەمکی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانەوە دەگرن، بەڵام درێژەدان بەم دروشەمە تا ئەو کاتە بڕدەکات کە بەرژەوەندییەکانیان بەریەک دەکەون، ئەم راستییە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی پارتەکە و دەرەوەی خۆی، بەردەوام چاوەڕوانکراوە.

زۆرجار کێشەکانی ناوخۆی پارتێکی سیاسی رەگی مێژوویی هەیە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر بنەمای فیکری جیاواز و بەرژەوەندیی جیاواز دروست بووە، یان لە وێسگەکانی ژیانی پارتەکەدا گروپی بەرژەوەند جیاواز دروست دەبێت، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پارتی سیاسی چارەسەری کێشەکانی دوابخات یان بە پینە و پەڕۆ چارەسەری بکات.

کەڵەکەبوونی کێشە دەبێتە برینێکی قەتماغە کراو لەوەش کارەساتبارتر، ئەوەیە چارەسەری کێشەکان هەڵبگیرێن بۆ ناو هۆڵی کۆنگرە.

سەرکردایەتیی پارتی سیاسی دەبێت کاری جدی بکات بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی پارتەکە، ئەگەرچی زۆربەی ململانێکان لەسەر دەسەڵاتە و بۆ گەیشتنە بە لوتکەی هەڕەمی پارتەکە، ئەوە بۆئەوەی چەمکی ئیداریی و سیاسیی دەوڵەتیش بگرێتەدەست، کەسی یەکەمی حزب تەنها بەوە سەردەکەوێت کە بتوانێت ئاشتەوایی ناو ریزەکانی حزب بەرجەستە بکات و کادرو جەماوەرە زویربووەکەی خۆی ئاشت بکاتەوە و ئاشتەوایی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی خۆی رابگەیەنێت.

زۆرێک لە بیرمەندانی سیاسی وەک هۆێبز جۆنلۆک رۆسۆ لە چەمکی دەوڵەتەوە راڤەیان بۆ سیاسەتی ئاشتەوایی کردووە، بەپێی بۆچوونی فەیلەسوفەکان لەوکاتەی دەوڵەت لەگەشەکردندایە، ئەوە لەسایەی دەستەبەریی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە، کەوایە سیاسەتکردنی دروست تایبەت نابێت بە ژیانی ئەندامانی پارتەکەوە، بەڵکو لەسایەی دۆخێکی ئارامگری نێوان لایانە سیاسییەکاندا ئاشتی ناوخۆیی حزب دەبێتە فاکتەرێکی بەهێزی گەشەی ئابووریی و سیاسی و دیپلۆماسی.

دەتوانین ئەم رووداوانەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی دڕدۆنگی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمەوە وێنا بکەین، لە ناوەوەی پارتە سیاسییەکانیش دیسانەوە تەکەتولاتی سیاسی هەن و کادرو جەماوەری زویر هەن بە راگەیاندنی ئاشتەوایی سیاسیی و کۆمەڵایەتی راستەقینە، ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش باشترین بەڵگەیە لەسایەی دڕدۆنگی پارتە سیاسییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.

هەڕەمی دەسەڵاتی پارتە سیاسییەکان ئاشتەوایی راناگەیەنن، هەریەکەیان مەکینەیەکی راگەیاندنیان دژ بەیەکتری دەستپێکردووە، رۆژێ پەرلەمان پەک دەخرێت، هاکە کابینەی حکومەتیش پەکی بکەوێت، ژیانی خەڵکیش بەرەو خراپتردەچێت و چارەسەری هەموو کێشەکانیش بەندە بە ئاشتەوایی نێوان پارتە سیاسییەکانەوە.

*ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی

print

 165 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*