سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » سەدرەدین عارف ماڵئاوایی لە ژین کرد

سەدرەدین عارف ماڵئاوایی لە ژین کرد

ئەدەب و هونەر

ئەم رۆژگارە کوردستان لەدۆخێکی خراپدایە، پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی بەجۆرێک خەڵکی ماندوو کردووە، رووداوەکان بەخێرایی تێدەپەڕن. دۆخێکی دژوارە و هیچ بۆنە و مەراسیمێک سازناکرێ. بەداخەوە نووسەر و وەرگێڕی دیار و ناسراوی کورد مامۆستا سەدرەدین عارف لەم دۆخە ناخۆشەدا بەبێدەنگی سەری نایەوە و بەجێیهێشتین.

سەدرەدین عارف ناوێکی دیارە لە نێوەندی ئەدەبی کوردی و لە بواری پەروەردەشدا مامۆستایەکی دڵسۆزبووە. ئەم نووسەرە له تەمەنی گەنجییەوە دەستی بە نووسین و وەرگێڕانی چیرۆک کردووە و کۆمەڵێک بەرهەمی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.

مامۆستا سەدرەدین عارف لەساڵی 1940 لەکەرکوک لە دایکبووە و لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا لەبەغدا کۆلێژی ئاداب بەشی ئینکلیزی خوێندووە و لە حەفتاکاند هاتووەتە سلێمانی.

کاتێ خوێندکاری زانکۆ بووە دەستی بە وەرگێڕانی چیرۆک کردووە، لە قۆناغی دووەمی زانکۆ بووە چیرۆکی میخائیل زۆشچینکەی وەرگێڕاوە بۆ کوردی. لێرەوە وردە وردە دەستی بە وەرگێڕان و نووسینی چیرۆک کردووە و کۆمەڵێک چیرۆکی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.

دوای تەواوکردنی زانکۆش لە ڕۆژنامەی سوات العرب وەکو وەرگێڕ کاریکردووە و لەساڵی 1967ەوە وەک مامۆستا دامەزراوە و یەکەم وێستگەی خزمەتکردنی پەروەردەیی لە دوزخورماتوو بووە و وەک مامۆستا خزمەتی بواری پەروەردەی کردووە، هەر لەو ساڵەوە دەستی بە نووسینی چیرۆک کردووە و چیرۆکەکانی لە بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمە بڵاوکردووەتەوە لە برایەتی و هاوکاری و گۆڤارەکانی بەیان و تووتن و رامان.

چیرۆکەکانی ئەم مامۆستا دڵسۆزە کوردانە و سادە و ساکار و رەوان لە نێو ئەدەبی کوردیدا جێگەی خۆیان کردووەتەوە. زۆرتر چیرۆکی ئینسانی کوردین چۆن دەژین و دەرد و نەهامەتیان چییە. ئازارەکانی مرۆڤی کوردی کردووە بە چیرۆک.

لە چیرۆکەکانیدا کوێرەڕێیەکی ژیان، رازێک، تاکەی ئەم شەوە، راستی مەسەلەکە، باڵی شەوگار و چەندین چیرۆکی دیکە.

مخابن لەم رۆژگارە شوومەدا بەبێدەنگی بەجێیهێشتین. رەوانی شادبێ مامۆستای پەروەردەکار و چیرۆکنووس و وەرگێڕ.

print

 243 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*