سەرەکی » ئابووری » حكومەت چاكسازی لە خانەنشینی و مووچەی فەرمانبەران دەستپێدەكات

حكومەت چاكسازی لە خانەنشینی و مووچەی فەرمانبەران دەستپێدەكات

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە: پڕۆژەیاسای (چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەڕماڵە) لە دووتوێی 20 ماددە، بۆ چاكسازی لە بواری مووچەو خانەنشینی، بە بڕیاری ژمارە 129ی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراو لەداهاتوودا رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
ئاماژە بەوەشدەكات: ئەو پڕۆژەیاسایە داواكاری لە مێژینەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەو میكانیزمی ئاشكرای بۆ دانراوە لە 90 رۆژی یەكەمی ساڵی دارایی 2018 دەبێت بكەوێتە بواری جێبەجێبكردنەوە، بەمەش هەم دادپەروەریی‌و هەم بڕە پارەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە، تا مووچەی مووچەخۆرانی شایستەی لێ بدرێت.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران راشیگەیاندوە: ئەم پڕۆژە گرنگە، پڕۆژەی هاوبەشی حكومەت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی چاودێری و نەزاهە و داواكاری گشتی و شورایە‌و دەبێت هی سەرجەم حزبەكانیش بێت بە دێرین و نوێوە.
ئامانج رەحیم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: بە هیوام قۆناغی تەشریعكردنی لە پەرلەمانی كوردستان زوو بەجێبهێنرێت‌و لەوەش گرنگتر (جێبەجێكردن)یشی لەلایەن هەمووان بەدیبكرێت، تا دادپەروەریی بچەسپێ‌و چیتر مووچەخۆری شایستە نەبێتە قوربانی ئەوانەی كە بەناڕەوایی لە پارەی گشتی سودمەندن كە بەداخەوە هەندێكی بە یاسا رەواییان پێدراوە.
هەروەها عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفەیسبوكی تایبەتی خۆی نوسیویەتی، بەم پرۆژە 100 بۆ 120 ملیار دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بڕیارە لە دوو هەفتەی ئایندەدا پڕۆژەكە ببێتە یاسا لە پەرلەمان و پرۆژەكەش هی حكومەت و پەرلەمانە بەیەكەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*