سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەڕەشە لە سەرۆکی سۆسیال دیموکرات دەکرێت
خاتوو زاسکیا ئاسکین سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی SPD ئاشکرایکرد، کە لەلایەن گروپیNsu 2.0 نازییەوە نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ هاتووە و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.
ئەو سیاسەتمەدارە ئەڵمانییە، نامەکەی رادەستی پۆلیس کردووە.

کوردێک پۆلیسێک رزگار دەکات
لە چەند رۆژی رابردوودا، کاتێک کچێکی گەنجی پۆلیس خەریکی کارەکەی دەبێت لەسەر شەقامێکی سەرەکیی شاری ڤۆپەرتاڵ، گەنجێکی ئەڵمانی بە رەگەز تورک پەلاماری دەدا و دەیەوێت بیڕفێنێت، لەو کاتەدا کۆچەرێکی کوردی رۆژئاوا لە ناو ئوتومبێلەکەیەوە دەیبینێ و کچەکە لە دەستی رزگار دەکا و دەبێتە شەڕیان، بەڵام دواجار کابراش دەستگیر دەکا و رادەستی تیمێکی پۆلیسی دەکات.

مێرکل لە ترەمپ بەهێزترە
ماری ترەمپ برازای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی وتویەتی، کە ئەنجێلا مێرکل لە مامی بەهێزتر و کاراترە. ئەو راستییەشی لە کتێبە تازەکەیدا زۆر نهێنی لەسەر ئەو مامەی و بنەماڵەکەی باسکردووە، کە ترەمپ چەند پیاوێکی زۆردار و مەترسیدارە.
ئاشکراشیکردووە، کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی پێنادات.

بانگدان لە مزگەوت بوو بە رەسمی
حکومەت بڕیریادا رێ بە 30 مزگەوت بدات، تاکو رۆژانی هەینی بە دەنگی بەرز بانگ بدەن، کە پێشتر ئەمە نەبوو، چونکە لە ئەڵمانیا یاسایەکی تایبەت بە دەنگی بەرز هەیە و هەموولایەک بگرە کەنیسە و مزگەوتیش دەبێت پابەندی ئەو یاسایە بن و خەڵکی بێزار نەکەن.

لەو وڵاتە 45 هەزار کەنیسە و 2 هەزار و 750 مزگەت هەیە و کەنیسەکان رۆژی سێ جار بۆیان هەیە زەنگ لێبدەن.
جێی باسە، زۆرینەی دانیشتووانی هەر گەڕەکێک داوا بکەن ئەو دەنگانە نەمێنێت، ئەوا حکومەت ناچار دەبێت قەدەغەی بکات.

دەیان کۆچەر لە یۆنانەوە گەیەنرانە ئەڵمانیا
لە چوارچێوەی پلانی ئەوروپا بۆ فریاکەوتنی 1600 کۆچەری نەخۆش و منداڵ و پیر و پەککەوتە، هەینی رابردووتر 90 کەسیان لە یۆنانەوە گەیەنرانە ئەڵمانیا، رۆژێک پێشتریش 85 ی تر هەر لە ئەسیناوە هێنرابوون، کە خەڵکی ئەفغانستان و سوریا و عیراق و کامیرۆن و کۆنگۆ و سۆماڵ بوون.

سیاسییەک لەسەر ئیسلام لە پارتەکەی دەرکرا
دەستەی دادوەریی پارتی سۆسیال دیموکرات، بڕیاریدا تیلۆزاراستین کەسایەتیی دیاری پارتەکە و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پیرانی بەرلین لەسەر هەڵوێستە توندەکانی لە بەرامبەر ئاینی ئیسلام و کۆچەران، دەربکات. ئەو کابرایە لە ساڵی 2010 کێشەی بۆ پارتەکەی دروستکرد، دوای ئەوەی لێدوانی ئاگرینی دا لە دژی ئیسلام و پەنابەرانی ناو ئەڵمانیا.

دەیان هەزار لە دژی رێکارەکان هاتنە سەر جادە
لە کاتێکدا ئێستا باسی توندکردنی رێکارە تەندروستییەکان و سزای توندی سەرپێچیکاران دەکرێت، لە رۆژانی رابردوودا زیاتر لە 20 هەزار کەس لە بەرلین بەبێ ماسک رژانە سەر شەقامەکان، لە دژی رێکارە تەندروستییەکان وەستانەوە.

دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندەران کە بریتی بوو لە « کۆتایی پەتا و رۆژی ئازادی»، پۆلیس رووبەڕوویان بۆوە و لە ئەنجامدا بە گژ یەکدا هاتن و 45 پۆلیس بریندار بوون و 133 کەسیش دەستگیرکران، نازییە تازەکانیش بە هەلیان زانی و لە دژی حکومەت بەشدارییان کرد.

سەرۆک هۆشداری دەدات
لە بەرامبەر خۆپیشاندان و داخوازی دەیان هەزار هاووڵاتی بۆ لابردنی رێکارە تەندروستییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا، فرەنک ڤاڵتەر شتایبمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا هۆشداری دایە خەڵک کە داوای نابەجێ نەکەن و لەو بارەیەوە وتی: کۆرۆنا بە خەستی بڵاوبۆتەوە و ئەگەر خۆتان نەپارێزن، ناچار دەبین هەموو دوکان و کارگە و شوێنە گشتییەکان دادەخەینەوە.

رێوییەک بە ئەتوارێکی سەیر ئاشکرابوو
ماوەیەک بوو هاووڵاتیانی گەڕەکی تسیلندۆرفی بەرلین تاکە پێڵاویان دیار نەدەما و هۆکارەکەیان نەدەزانی، تا رۆژێک پیاوێک چاودێریی پێلاوەکانی خۆی دەکات، لە پڕ دەبینێت ڕێوییەک دێ و پێڵاوێکی لێ دەدزێت، کاتێکیش بە دوایدا دەچێ، دەبینێ لە باخچەیەک زیاتر لە 100 تاکە پێلاوی کۆکردۆتەوە.

ژنان لە چ تەمەنێکەوە منداڵیان دەبێت؟
زانیارییەکانی نووسینگەی ئاماری ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، کە بە گشتیی ژنان لە ئەڵمانیا، لە تەمەنی سەروو 30 ساڵییەوە یەکەم منداڵیان دەبێت،ساڵی پاریش778 هەزار و 100 منداڵ لەدایکبوون.

print

 145 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*