سەرەکی » زانست » فێنككەرەوەكان رۆڵیان هەیە لە قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەویدا

فێنككەرەوەكان رۆڵیان هەیە لە قەتیسبوونی گەرمای گۆی زەویدا

ئەنجامی چەند توێژینەوەیەك كەبەم دواییە ئەنجامدراون سەبارەت بە پشكی فێنككەرەوەكان لە قەتیسبوونی گەرمی گۆی زەوی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی هێنایە دەنگ.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان پێشنیارێكی نوێی خستە ڕوو و تێیدا داوای لە دانیشتوانی گۆی زەوی كردووە كە پێویستە ئامێرە نەریتییەكانی فێنككەرەوەكانیان بگۆڕن و پەنا بەرنە بەر ئەو فێنككەرەوانەی كە وزەی كەمی دەوێت و هاورێی ژینگەیە، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ سنوردانان بۆ دیاردەی قەتیسبونی گەرمای گۆی زەوی.

رێكخراوەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو كە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەردانی گازەكانی دەبنە هۆی قەتیسبوونی گەرما بە بڕی (460)ملیار تۆن لە ماوەی (40) ساڵی داهاتوودا ئەو بڕەش بەرامبەرە بە (8) ساڵی دەردانی گازە گەرمەكان بە پێی ئەو ئاستەی لە (2018) دا تۆماركراوە.

زۆربەی حكومەتەكانی جیهانیش پێشتر ڕەزامەندییان دەربڕیووە لەسەر ئەوەی بە هێواشیی واز لە هەندێك ئامێر و ماددە بهێنن كە ژەهراوین و گازی ژەهراوی دەردەنە هەواوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری ئەو گازانە ئەو رێكەوتنەیان ئیمزا نەكردووە، لەوانەش چین‌و هیند‌و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەكاتێكدا بەپێی چەند ڕاپۆرتێكی ناوەندە تایبەتمەندەكان بەتەنها لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكادا‌و ساڵانە فێنككەرەوەكان (100)تۆن گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن دەردەنە هەواوە،
نەتەوەیەكگرتووەكان لەڕاپۆرتێكیدا ڕونیكردووەتەوە، بەكارهێنانی ئەو سیستمی فێنككەرەوانەی كە وزە گل دەدەنەوە بە تەنها چارەسەری كەمتر دەردانی گازی ژەهراوی ناكات، بەڵكو تا ساڵی (2050) بڕی (2.9)تریلیۆن دۆلاریش بۆ وڵاتان گل دەداتەوە، چونكە ئەو سیستمە نوێیانە خەرجییەكانی تایبەت بەوزەی كارەباش كەمدەكەنەوە.

لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی( دەیلی مەیل)ی بەریتانیی لە زاری( گابرێیل دریڤۆس)ی بەرێوەبەری پرۆگرامی چۆنییەتی فێننكردنەوە لەپەیمانگەی كۆنترۆڵ و گەشەپێدانی بەردەوام بڵاویكردووەتەوە» ئەگەر وڵاتان بە شێوەیەكی هەڵە لەگەڵ مەسەلەی فێنككردنەوەدا مامەڵە بكەن، ئەوا خۆیان دەكوڵێنن).

ئەم لێدوانەش لە كاتێكدایە كە چەندین ناوچەی جیهان بەدەست بەرزبوونەوەی بێ پێشینەی پلەكانی گەرماوە دەناڵێنن و ئەمەش وایانلێدەكات كە هەوڵ بدەن سیستمی فێنككەرەوە بە كاربهێنن، زۆربەی ئەو وڵاتانەش جۆرێك لە و سیستمانە بەكار دەهێنن كە دەبێتە بەشدارێكی سەرەكیی لە زیاتر گەرم بوونی گۆی زەوی و برەودان بە دیاردەی قەتیسبونی گەرمای گۆی زەوی.

سەرچاوە: elaph

 246 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*