سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » لیبیا دەبێتە بەرمیلێک باروت؟

لیبیا دەبێتە بەرمیلێک باروت؟

لە کاتێکدا زوومی کامێراکانی هەموو جیهان لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی بەیروتی لوبنانە، بورکانی شەڕێکی تر وا خەریکە لە لیبیا دەتەقێتەوە و مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت کە ببێتە شەڕێکی هەرێمیی توندوتیژ و ژمارەیەک وڵات پێوەی گرفتار ببێت.

شەڕێکی هەرێمایەتی نزیکبۆتەوە
دوای نۆ ساڵ لە رووخانی دەسەڵاتی قەزافی، هێشتا لیبیا نەهاتۆتەوە سەرخۆ و هەمیشە بۆنی خوێنی لێدێ و بۆتە بەرمیلێک باروت هەر وەختەی بتەقێتەوە، تەڕ و وشک بە خۆیەوە دەسووتێنێت. ئەوەی لەم مانگەی لەو وڵاتە و دەسیسەی وڵاتان تیایدا روویدا، ئەوە دەخەنەڕوو کە رووداوەکان تا دێن گەرمتر دەبن و بۆمبابارانی ئەو وڵاتە لە ئاسمانەوە نزیک بۆتەوە، هەر بۆیە ئیتالیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی خۆی لە نزیک «مەسراتە»ی باشووری ئەو وڵاتە، لە سەربانی دامەزراوەکانی خۆی ئاڵای هەڵداوە یان لە سەری نووسیون ئیتالیا، تاوەکو ئەو باڵەخانانە بۆمباران نەکرێن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پێکدادان نزیکبۆتەوە.

وەک چاودێران پێشبینی دەکەن، ئەنجامی ئەو شەڕە پارچە پارچەبوونی وڵاتەکەی لێدەکەوێتەوە. کریستیان فایسلۆگ چاودێری سیاسی سویسری لە وتارێکی شیکاریدا لە رۆژنامەی نۆیە تسوریشە زایتۆنگ نووسیویەتی: لەو ماوەیەدا بە پاساوی ناعەدالەتی لە بردنی سامانی نەوتی ئەو وڵاتەدا، گروپی چەکداری ڤاگنەری سەر بە روسیا بە هاوپەیمانێتی ئیمارات، بەرهەمهێنانی نەوتی راگرت. ئەو رووداوە سیناریۆی نەخوازراوی بەدواوەیە و پەیامی روسیا و ئیماراتە بۆ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە راستە ئەوان لە تەرابلوس شکستیانهێنا، بەڵام دەستیان بەسەر نەوتەکەتاندا دەشکێت.

ژمارەیەک وڵات لە ناو خاکی لیبیادان
لەو ماوەیەی دواییدا، میسریش هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و بردنی سوپای بۆ لیبیا کرد رەزامەندیی پەرلەمانی وڵاتەکەشی بۆ وەرگرت، لەو کاتەدا روسیا هێزەکانی سەر بە خۆی لەوێ تۆکمەتر کرد و ئیماراتیش هاوکارییەکانی خۆی بۆ حەفتەر زیاتر کردەوە، لەولاشەوە تورکیا بە هەموو توانایەکییەوە یارمەتی حکومەتی ویفاق دەدات بە سەرۆکایەتیی فایز سەڕاج بە ناردنی چەک و جبەخانە و چەکدار.

نێوەندی سیاسی ئەڵمانی پێشبینی پێکدادانی ئەو هێزانە دەکات لە ناو خاکی لیبیادا. وەک دەڵێن، ئەمریکا سیاسەتێکی روونی لەو وڵاتە نییە و ئەوروپاش هەڵوێستێکی یەکگرتووی لەوبارەیەوە نییە، بۆیە تادێت قەیرانەکە قووڵ دەبێتەوە و لە چارەسەری سیاسی دوور دەکەوێتەوە.

ئەڵمانیا
ئەڵمانیا وەک وڵاتێکی هەرە گەورەی ئەوروپی و دەمڕاستی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، بەو ئاڵۆزییانەی ئەو وڵاتە نیگەرانە و وایدەبینێت کە لە کاتی روودانی هەر شەڕێک لەو ناوچەیەدا، ملیۆنان کەس ئاوارە دەبن و بەشی زۆریان بەرەو ئەوروپا دەڕۆن و لە نێوانیشیاندا ڕوو دەکەنە ئەڵمانیا، بۆیە هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەدا و مانگەکانی رابردوو لە بەرلین کۆنگرەیەکی بۆ ئاشتەوایی لەو وڵاتە رێکخست، بەڵام هەوڵەکانی سەریان نەگرت و ئەمجارە بۆ چاودێریکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە قەدەغەی هەناردەکردنی چەک بۆ لایەنەکانی لیبیا، لەم رۆژانەدا هێزێکی دەریایی 250 سەرباز و رادار و فڕۆکەی چاودێری رەوانە کردووە و رووماڵی جموجۆڵی کەشتییەکانی تورکیا و روسیا و ئیمارات و سعودیە دەکا و لەگەڵ هەریەک لە فەرەنسا و ئیتالیا بڕیاریانداوە کە ئەگەر هەر وڵاتێک بە سەریدا ساغ بێتەوە چەک بۆ لایەنە بەشەڕهاتووەکانی لیبیا بنێرێت، سزای بەسەردا دەسەپێنن.

تورکیا
بەپێی پێگەی مێرکور-ی ئەڵمانی، تورکیا بە هەموو توانایەکیەوە هەوڵی بەهێزکردنی سوپاکەی دەدات، تا بتوانێت هەموو ئەو ناوچە و وڵات و دەڤەرانەی کە لە ئیمراتۆریەتی عوسمانی لە ژێر دەستیدابوون، بیانخاتەوە ژێر رکێفی خۆیەوە و خۆی بکاتە هێزێکی نێودەوڵەتیی گەورە و بەهێز، لەم هەوڵەشیدا هەریەک لە ئەمریکا و ئەوروپا بە چاوپۆشی لێکردن لە پێشێلکارییەکانی، هاوکاریی دەکەن، بەو پێیەی لیبیا لەسەر ئاستی ئەفریقیا زۆرترین بیری نەوتی هەیەم ئەوەش بۆ تورکیا ستراتیژە و بەهۆی ئەو رێکەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتەکەی فایز سەڕاج کردوویەتی، بە ئاسانی دەستی دەگاتە کانە نەوتییەکان و غازی سروشتی دەریای ناوەڕاست. هەر ئەو هۆکارەشە کە بۆتە گرژبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان.

میسر
پێگەی شپیگل ئۆنلاین لە راپۆرتێکیدا بە قەڵەمی رانیا سالوم نووسیویەتی: شریتێکی سوور لیبیا دابەش دەکا بەسەر دوو ناوچەدا، کە لە سرت-ەوە دەستپێدەکا و بە بنکەی سەربازیی جەفرە-دا تێپەڕ دەبێ و لەو ناوچەیە هێزە ئاسمانییەکانی روسیا جێگیربوون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە دوو مانگی رابردوودا چەند جارێک باسی لەو شریتە کردووە، بۆ بەرگرتن لە هەوڵەکانی تورکیا و گەڕاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەستبەسەرداگرتنی سامانی وڵاتەکە، سوپای میسری کە یەکێکە لە گەورەترین سوپای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوودمەندترین سوپا لە یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی روبەڕوبونەوەی تورکیا دەکا و سیسی دەیەوێت سنوورێک بۆ جموجۆڵەکانی سوپای ئەو وڵاتە دابنێت.

سەرچاوە: دۆیچەڤیللا، شپیگل ئۆنلاین، مێرکور

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*