سەرەکی » ئابووری » كێشەی وەرگرتنی بەروبوومی جووتیارانی كەركوك چارەسەر كرا

كێشەی وەرگرتنی بەروبوومی جووتیارانی كەركوك چارەسەر كرا

كەركوك، كوردستانی نوێ

بەهەوڵی پەرلەمانتارانی كورد لەپارێزگای كەركوك كێشەی وەرگرتنی بەروبوومی گەنم‌و جۆی جووتیارانی پارێزگای كەركوك چارەسەركرا.

لە رێگای چوار ناوەندەوە
پەرلەمانتار جەمال شوكور ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی بەكوردستانی نوێی راگەیاند، ماوەیەك بوو لەسایلۆكانی كەركوك رێگر دەكرا لە وەرگۆرتنی گەنم‌و جۆی جووتیارانی كوردو توركمان بەناوی ئەوەی زەویەكانیان كەوتونەتە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵییەوە لەپارێزگای كەركوك، ئەویش بەهۆی ئەوەی گرفتی یاسایی لەسەر زەویەكانیان هەیە.

رونیكردەوە، لەبەغدا وەك پەرلەمانتارانی كەركوك ئەو پرسەمان بردە بەردەم وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق‌و لەنێو پەرلەمانیش لایەنە پەیوەندارەكانمان لێ ئاگاداركردەوەو دەرەنجام توانیمان رەزامەندی وەزارەتەكانی كشتوكاڵی عیراق‌و بازرگانی عیراق بەدەستبهێنین كە بەروبوومەكە لە جووتیارەكان وەربگیرێت‌و كێشەكەشمان چارەسەر كرد.

هاوكات، ئەندازیار زوهێر عەلی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی وەزارەتە پەیوەندارەكان لەلایەن پەرلەمانتارانی كەركوكەوە وەكو كشتوكاڵی كەركوك‌و سایلۆی كەركوك هەنگاوی پێویستمان گرتەبەرو لەڕێی چوار ناوەندەوە كارمان بۆ وەرگرتنی بەروبوومی تێكڕای جووتیارانی كەركوك كرد بەو جووتیارە كوردو توركمانانەشەوە كە كێشەی وەرگرتنی بەروبوومیان هەبوو و لەئێستادا كێشەكان چارەسەركران‌و بەروبوومەش لە جووتیاران وەرگیراوە.

300 هەزار دۆنم
وتیشی: «لەمساڵدا بەروبوومی گەنم‌و جۆی نزیكەی ملیۆنێك دۆنم زەوی كشتوكاڵیی لەپارێزگاكە وەرگیراون كە 300 هەزار دۆنمیان كەوتوونەتە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی كەركوكەوە».

جێی ئاماژەیە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وادەی وەرگرتنی گەنم‌و جۆ لەسایلۆكان رێگری سیاسی بۆ ئەو جووتیارە كوردو توركمانانە دروست دەكرێت كە لەچوارچێوەی سیاسەتی تەعریب كێشەو گرفت بۆ موڵكدارێتی زەوی‌و زارەكانیان دروستكراوە. پارساڵ و ئەمساڵیش بە هەوڵی پەرلەمانتارانی كوردی كەركوك ئەو كێشەیە چارەسەركراو جووتیارانی كوردو توركمان لەساغكردنەوەی بەروبوومەكەیان زەرەرمەند نەبوون.

print

 155 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*