سەرەکی » زانست » بەكتریای زەوی سێ ساڵ لە بۆشایی…

بەكتریای زەوی سێ ساڵ لە بۆشایی…

بەكتریای زەوی سێ ساڵ لە بۆشایی ئاسماندا دەژی

توێژینەوەیەكی نوێ دەیسەلمێنێت بەكتریای زەوی دەتوانێت بۆ ماوەی سێ ساڵ لە بۆشایی ئاسماندا بژی.

زانایانی ژاپۆنی لە وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتی تاقیكردنەوەیەكیان ئەنجامدا بە ناوی(تانبوبو) كە تایبەت بوو بە توانای مانەوەی بەكتریا لە دەرەوەی گۆی زەوی و ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەش ئەوەی سەلماند كە بەكتریا دەتوانێت ماوەی سێ ساڵ لەبۆشایی ئاسماندا بمێنێتەوە.

ئەو زانایانە ئاماژە بەوە دەدەن كۆلۆنی بەكتریاییەكان كە ئەستورییان(٠.٥)ملیمەترە و لە كاغەزیش تەنكترن دەتوانن بەرگەی سەرمای زۆر و ئاستی بەرزی تیشكە فەزاییەكان بگرن و تەنها ئەوانە لە ناو دەچن كە لە بەشی سەرەوەی كۆلۆنییەكەدان، چونكە قوربانی بە خۆیان دەدەن و چینێكی پارێزەر بۆ كۆی كۆلۆنییەكەیان دروست دەكەن.

ئەم ئەنجامانەش مانای ئەوەیە كە ڕەنگە ئەم كۆلۆنی باكترییانە لە نێوان زەوی و مەریخ یان هەر بەشێكی تری گەردوندا لە ڕێگەی كۆبوونەوەیان لەسەر تەنۆلكەكان بێن و بچن.

زاناكان بۆ ئەم توێژینەوەیەیان پشتیان بە پلێتی نمایشی جۆرە بەكتریایەك بەستووە كە بە(Deinococcus) ناسراوە و لە دەرەوەی وێستگەكە دانراوە بۆ ماوەی سێ ساڵ و خودی ئەنجامەكانیش لە ڕێگەی تیۆرێكەوە پشتیوانی لێدەكرێت كە بە تیوری (panspermia) ناسراوە و ئەوەش ئەو بیرۆكە پڕ مشتومڕەیە كە باس لەوە دەكات زیندەوەرەكان لە نێوان هەسارەو و مانگەكانی سیستمە خۆرییەكاندا كۆچ دەكەن.

دكتۆر (ئەكیهیكۆ یاماگیشی) توێژەری سەرەكی (تانبۆبۆ) دەلێت» بنەڕەتی ژیان لەسەر زەوی گەورەترین ڕازە كە مرۆڤی سەرسامكردووە و ڕەنگە زانایان تێروانینی تەواو جیاوازیان هەبێت لەسەر ئەو مەسەلەیە».

ئەو دەڵێت» بۆ ئەوەی (panspermia) واتە بڵاو بوونەوەی گشتگیر شتێكی كردەیی بێت دەبێت ژیان لە زۆر شوێن هەبێت، ئەمەش شتێكە پێچەوانەی ئەوەیە كە پێشتر زاناكان بڕوایان پێی بوو».

هەندێك لە زانایان پێیان وایە كە ژیان زۆر دەگمەنە و یەكجار لە گەردووندا دروست بووە، هەندێكی تریشیان لەو بڕوایەدان دەكرێت ژیان لەسەر هەر هەسارەیەكی گونجاو هەبێت.

زانای بەناوبانگ (ستیڤن هۆكینگ) لەو زانایانە بوو بڕوای بە بە بڵاوبوونەوەی گشتگیر هەبوو، ئەو زیاتر لە جارێك وتوویەتی « دەكرێت ژیان لە هەسارەیەكەوە بڵاو بێتەوە بۆ یەكێكی تر یان لە سیستمێكی ئەستێرەیی و بۆ یەكێكی تر بگوازرێتەوە، ڕەنگە ئەوە بە هۆی تیرەئەستێرەیەك یان نەیزەكێكەوە ڕووبدات».

ئەو ئاماژەی بەوە داوە ڕەنگە بەو شێوازە ژیان لەسەر زەوی دروست بووبێت. بەڵام ئەم جۆرە بۆچوونانە لەسەر ئاستێكی بەرفراوان ڕەخنەی لێگیراوە.

شیاوی باسە ئەو تاقیكردنەوانەی تیمە ژاپۆنییەكەی ناو وێستگەی فەزایی نێودەوڵەتی بەمەبەستی لێكۆڵینەوەیە لە ئەگەری هاتوچۆی سروشتیی ژیانی مایكرۆبیی لە نێوان هەسارەكاندا.

پێشتریش لە نێوان ساڵانی (٢٠١٥- ٢٠١٨) لە دووریی(٢٥٠)میل لەسەر ڕووی زەوییەوە تاقیكردنەوەیەكی دیكە كرا بە ناوی(كیبۆ)و بە هۆیەوە زانایان بۆیاندەركەوت كە زیندەوەرانی مایكرۆسكۆبی گەر بارودۆخی گونجاویان بۆ برەخسێت دەتوانن لە لایەكی تری گەردوونەوە دوبارە زۆرببنەوە.

سەرچاوە: sky news

print

 137 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*