سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » نۆردستریم كەوتۆتە مەترسییەوە

نۆردستریم كەوتۆتە مەترسییەوە

مانگی رابردوو، ئەلێكسی ناڤاڵنی سەركردەی بەرهەڵستكار و رەخنەگری گەورە لە ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا، لە وڵاتەكەی نەخۆش كەوت و ئەڵمانیا گەیاندیە بەرلین و لەوێ بەهۆش خۆی هاتەوە و دەركەوت كە ژەهرخوارد كراوە. ئێستا ئەڵمانیا و یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆ داوا لە روسیا دەكەن، تاكو روونكردنەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە بدات، ئەگینا سزای بەسەردا دەسەپێنن.

ئەمریكا دژی نۆردستریمە
یەكێك لەو سزایانەی كە باس دەكرێت، راگرتنی پڕۆژەی غازی سروشتیی نۆردستریم-ی روسیا – ئەڵمانیایە، كە یەكێكە لەو پڕۆژە گەورانەی ئەگەر تەواو بێت، لە ژێر دەریای بەڵتیك-ەوە غازی سروشتی بۆ ئەڵمانیا و لەوێشەوە بۆ هەموو وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەگوازێتەوە.

ئەو پڕۆژەیە هەر لە سەرەتاوە و لە ساڵی 2018دا، لە كاتی دەستپێكردنیدا نەیاری زۆری بۆ پەیدابوو، یەكێك لەوانە ئەمریكایە، كە بە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دەزانێ و هەر زوو بڕیاریدا سزای هەر كۆمپانیایەك بدات، كە بەشداریی لە دامەزراندن و تەواوكردنی پڕۆژەكەدا دەكەن. نەیارانی تریش كە ژمارەیەك وڵاتی تری ئەوروپین، دەڵێن: ئەڵمانیا بەرژەوەندیی لەگەڵ لایەنێك دروستكردووە كە جێی باوەڕ نییە و لەوانەیە لێمان هەڵبگەڕێتەوە.

داوای هەڵوەشانەوەی دەكرێت
هایكۆماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی: روسیا دەبێ روونكردنەوە بدات، بە پێچەوانەوە، لەوانەیە پڕۆژەی نۆردستریم 2 رابگرین.
لەلایەكی تریشەوە، ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا لە دوای باشبوونی باری تەندروستیی ناڤاڵنی، ئاشكرایكرد: ئەگەر كۆشكی كرملین لەسەر هەڵوێستی ئێستای بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت پێداچوونەوە بە پڕۆژەكەدا بكەین. ئەو لێدوانانەش ئەوە دەگەیەنن كە پڕۆژەكە ئێستا كەوتۆتە مەترسیی جێبەجێكردنەوە و لەوانەیە هەڵبووەشێتەوە، پارتی سەوزی ئەڵمانیاش داوا دەكات كە پڕۆژەكە رابگیرێ و هەڵبووەشێنرێتەوە.

دوو رای جیاواز
بەپێی شیكردنەوەی میدیای ئەڵمانیا، ئەوە حكومەتەكەی مێركل نییە كە پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی پڕۆژەكە دەكات، بەڵكو گێرهارد شرۆیدەر راوێژكارەکەی پێش مێركل-ە، كە پەیوەندیی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆكی روسیا هەیە و ئێستا كراوەتە سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە و پێداگریی لەسەر تەواوكردنی دەكا.

ئەو، پوتین و حكومەتەكەی بە دیموكراسیخواز دەزانێ و رەتیدەكاتەوە دەستیان لە ژەهرخواردكردنی ناڤاڵنی-دا هەبووبێت. جگە لەویش، داكۆكیكەرانی تری پڕۆژەكە لە ناوخۆ و دەرەوە دەڵین: تائێستا 8 ملیار یۆرۆ لە پڕۆژەكەدا خەرجكراوە و زۆربەی كارەكانی تەواوبووە، بۆیە هیچ لۆجیكی نییە تاکو هەڵبووەشێتەوە و ئەو پارە زۆرە بەهەدەر بڕوات. هەروەها پێیانوایە كە بڕیاری لەمجۆرە بۆ سەروەریی ئەوروپا باش نییە و زیانێكی زۆری پێدەگەیەنێت. جگە لەوەش، بەكارهێنەرانی غاز زیانی زۆریان بەردەكەوێ و نرخی بەرزدەبێتەوە. ئەوان دەڵێن: بە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەكە، ئەڵمانیا قازانج ناكات و لەناو ئەڵمانیا و لە نێوەندی سیاسی و میدیاییشدا پشتگیریی بۆ ئەو پڕۆژەیە هەیە.

روسیا چی دەڵێت؟
لەبارەی ئەو لێدوانانەی كە لە دژی روسیا و نۆردستریم دەدرێن، حكومەتی كرملین رایگەیاند: هەڵمەتێكی نەخشە بۆكێشراو لە دژی وڵاتەكەمان لەئارادایە و دەیانەوێت دۆسێی ناڤاڵنی بەلاڕێدا ببەن، تاكو لەو رێیەوە سزا بەسەر روسیادا بسەپێنن، بۆیە هەموو ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەكەینەوە.

ئێستا ئەڵمانیا خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەو دۆسێیە و داوای لە روسیا كردووە تاكو هاوكاریی بكات بۆ دەرخستنی راستییەكان.
پێشتر روسیا ئەمەی رەتدەكردەوە، بەڵام چەند رۆژێك لەمەوبەر، وەزارەتی دەرەوەی روسیا رەزامەندیی خۆی راگەیاند بۆ بەشداربوونی دادوەر و شارەزایانی خۆی لەو كەیسەدا و گوایە زانیاریی پێوسیتیشیان كۆكردۆتەوە. لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەم هەنگاوە و بە دەروازەیەكی گرنگی زانی بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە.

سەرچاوە: BBC، شپیگل ئۆنلاین

print

 135 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*