سەرەکی » هەمەڕەنگ » رێگرییەك لەمەش بكەن

چوخم

رێگرییەك لەمەش بكەن

دڵبەند مستەفا

پێداویستی دەبێتە هۆی داهێنانی زۆر كاری نوێ، كۆرۆناش لەزۆر كۆمەڵگە زۆر كاری نوێی داهێنا، بە كۆمەڵگەی ئێمەشەوە، رەنگە پێشتر زۆر كار هەبووبێت، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە ئەو كارانە گرنگ بوون یان بازاڕیان گەرمتر بووە، لیژنەی قایمقامییەتەكان لەسەرتاسەری كوردستاندا رۆژانە سەرقاڵی زۆر كاری گەورەن و كۆنترۆڵی زۆر شوێنیان كردووە هەتا گرنگی زیاتر بەپاكوخاوێنی بدرێت، هەموو ئەمانەش جێگای دەستخۆشییە، خۆزگە دەكرا لە پاڵ ئەم كارە گرنگانەدا چاودێرییەكی وردتری ئەو خزمەتگوزارییانە بكرایە كە لەماڵەوە پێشكەشی نەخۆشەكانی كۆرۆنا دەكرێت كە زۆر جار هەندێ‌ نەخۆش لە نەخۆشخانە جێگای نییە یان لەبەر هەر هۆكارێك لەماڵەوە چارەسەر وەردەگرێت كە ئەمە شتێكی ئاساییەو لە تەواوی دنیا پەیڕەو كراوە. ناكرێت ئەمپولێكی چارەسەر كە زیاتر بە دەرزی ناسراوە لای خەڵك بە 5 هەزار لەنەخۆش بدرێت، بەڵام لەماڵەوە بە 15 هەزار لەنەخۆش بدرێت، زۆر وردەكاریی تریش وەك هێنان و گواستنەوەو نرخی مانەوەی بوتڵی ئۆكسجین، هەقیشە چاوێك بە نرخی ئەو تیمە تەندروستییانەشدا بخشێننەوە كە مۆڵەتیان هەیەو دەچنە لای نەخۆش لەماڵان، راستە لەكاتی بوونی نەخۆش كەس و كاری نەخۆشەكە ئەوەی بیری لێناكەنەوە پارە خەرجكردنە بۆ گەڕانەوەی تەندروستی نەخۆشەكە، بەڵام ناشكرێت رەچاوی باری دارایی گشتی نەكرێت كە بێگومان ئەوەی نەخۆش لەماڵەوە چارە دەكات دڵنیاییە لەڕووی داراییەوەو دەتوانێت خەرجییەكانی دابین بكات و لای ئاسییە، بەڵام دەبێت سنوورێكیش بۆ هەموو نرخ و هەموو كارێك هەبێت، خوای گەورە هەموومان لەم دەردە بپارێزێت.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*