سەرەکی » هەواڵ » لێكۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسێكانی گەندەڵی دەكرێن

لێكۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسێكانی گەندەڵی دەكرێن

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەوڵەكانیان چڕتركردۆتەوە بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران، كە چەندین دۆسێی مەترسیداری گەندەڵی ئاشكراكراون.

لەلێدوانێكدا، سەعید یاسین موسا پسپۆڕو ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی نەهێشتنی گەندەڵی لەعیراق، ئاشكرایكردووە «لەلایەن دادگاوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ 400 فەرمانبەر كراوە لەچاوەڕوانی وەرگرتنی سزادان، كەدۆسێكانیان دەرفەتی تانەلێدانیان نەماوە». ئەوەشی خستۆتەڕوو كە ئەنجومەنی نەهێشتنی گەندەڵی سەدان دۆسێی تایبەت بەگەندەڵییان لەبەردەستدایە.

هەروەها، عەبدولخالق عەزاوی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاندووە كەپڕۆسەی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی لەگەندەڵیی ئیداریی و دارایی تێوەگلاون، بەبێ‌ جیاوازی، سەرجەم پارێزگاكانی عیراق، دەگرێتەوە، كە چەندین دۆسێی گەندەڵی مەترسیدار هەیەو ئاشكراكراون، وتیشی: چەندین لایەن ئاستەنگ دروستدەكەن بۆ هەنگاوەكانی ئاشكراكردن و دەستگیركردنی گەندەڵكاران.

هەر سەبارەت بەو باسە، ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە كە لەچوارچێوەی كارەكانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەسەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران، بەڕێوەبەری پێشووتری بەرهەمە نەوتییەكانی موسڵ بەتۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، دەستگیركراوە. پێشتریش بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی بەغدا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو.

 67 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*