سەرەکی » دۆسێ » عەبدوڵڵا گول خۆی بۆ سەرۆكایەتی توركیا ئامادە دەكات

ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەردۆغاندا ئاشكرادەبن

عەبدوڵڵا گول خۆی بۆ سەرۆكایەتی توركیا ئامادە دەكات

ناكۆكییەكانی نێوان عەبدوڵڵا گول و رەجەب تەیب ئەردۆغان دەبنە باسی میدیاكانی توركیا و بە گوتەی نوسەرێكی رۆژنامەی «حوڕییەت»ی ئەو وڵاتەش، گول لە ئەردۆغان ناڕازییە و لەئێستاوە ئامادەسازیی بۆ بەشداریی لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەكات كە بڕیارە لە ساڵی 2019دا سازبكرێت.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باس لەو ناكۆكیانە دەكەن كە لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای توركیا و عەبدوڵڵا گول سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەدا دروست بووە، بەپێی زانیارییەكانیش ناكۆكییەكان پەیوەندییان بە مەرسومی یاسای باریی نائاساییەوە هەیە كە لێوەی مەدەنییەكان لەبەرانبەر رێوشوێنە دادوەرییەكاندا دەپارێزرێن، بەپێی ئەو زانیاریانەش بێت، لەئێستاوە گول خۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی داهاتووی وڵاتەكەی ئامادە دەكات.
لەم ماوەیەی دواییدا، عەبدولقەدیر سەلەفی نوسەر لە رۆژنامەی «حوڕییەت»ی توركیا، باسی لە هۆكاریی بەریەككەوتنی نێوان عەبدوڵڵا گول سەرۆكی پێشووی توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای وڵاتەكە كردبوو، بە بۆچوونی ئەو نوسەرەش، هۆكاریی ئەو بەریەككەوتن و ناكۆكیانەی لەنێوان ئەو دوانەدا دروست بووە كە هاوڕێی نزیكی یەكترن، پەیوەندی بە مەرسومی یاسای باریی نەئاسییەوە هەیە كە لێوەی پارێزبەندی بۆ مەدەنییەكان لەبەرانبەر رێوشوێنە دادوەرییەكان فەراهەم دەكات، ئەوەش بە گوتەی سەلەفی، لە دژی خواستەكانی گولە كە بەنیازە وەك ركابەری ئەردۆغان بە پاڵپشتی 100 هەزار كەس، بەشداریی لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیادا بكات.
هەریەك لە عەبدوڵڵا گول سەرۆكی پێشووی توركیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای وڵاتەكە، هاوڕێ‌ و هاوڕێبارزیی یەكتر و دامەزرێنەری پارتی داد و گەشەپێدانن كە لە ساڵی 2002وە حوكمی توركیا دەكات.
عەبدولقەدیر سەلەفی ئاماژە بە ناكۆكییەكانی نێوان ئەردۆغان و گول دەكات لەسەر چەندان پرس لەپاش دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لە مانگی ئابی 2001، بەڵام وەك نوسەرەكە ئاماژەی پێدەكات، ئەمە یەكەم جارە ئەو ناكۆكیانە بە ئاشكرا باس دەكرێن، هۆكاریی ئەو بەریەككەوتنەش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەگێڕێتەوە كە لە ساڵی 2019دا لە وڵاتەكە بەڕێوەدەچێت.
سەلەفی باس لە بۆچوونەكانی ئەردۆغان دەكات كە پێیوایە گول كاندیدێكی هاوبەشی نەیارانێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەڵوێستی گولیش لەبارەی دوایین مەرسومەوە بە تاقیكردنەوە بۆ سەركردایەتی خۆی دادەنێت.
ئەو نوسەرە توركە دەڵێت»گول خۆی لەو گوشارانە لادەدات كە دەكرێنە سەری بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ‌، چونكە باش دەزانێت دەستەواژەكانی دامەزراندنی حزب و جوڵاندنی گەل، پێویستی بە چاوخشاندنەوەیە بەو خواستانەی شەقام دەیەوێت».
بە گوتەی سەلەفی»لەم ماوەیەی دواییدا قسەوباس لەسەر ئەوەیە كە گول دەیەوێت وەك ركابەری ئەردۆغان بەشداریی لە پێشبڕكێی سەرۆكایەتیدا بكات، ئەوەش لەڕێی دەستبەركردنی ئیمزای 100 هەزار كەس، ئەردۆغانیش بەباشی ئاگاداریی هەموو شتێكە، بۆیە لەڕێی دوایین لێدوانییەوە هەوڵیداوە گول لە دەنگدەرانی پارتی داد و گەشەپێدان دووربخاتەوە».
نوسەرەكەی رۆژنامەی (حوڕییەت) دەڵێت»گول پێشتر لەم جۆرە هەڵوێستانەدا پاشەكشەی دەكرد، بەڵام لەمجارەدا پاشەكشە ناكات، چونكە ململانێی نێوان ئەردۆغان و گول چووەتە قۆناغێكی نوێوە، بۆیە پێویستە بە باشی چاودێری ئەم قۆناغە بكرێت كە بەوپەڕی ترس و دڵەڕاوكێوە بە سەركەوتنی ئەردۆغان كۆتایی دێت».
عەبوڵڵا گول سەرۆكی پێشووی توركیا لەم ماوەیەی دواییدا لەڕێی ئەژماری خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دوایین مەرسومی ئەردۆغانی مەحكوم كردبوو كە بەشداربوانی رووداوە ئاژاوەگێڕییەكەی شەوی كودەتاكەی تەمموزی 2016 لە لێپرسینەوەی یاسایی دەبورێت، بەپێویستیشی زانیبوو مەرسومەكە دەستكاریی بكرێت، و ئاماژەی بە ناڕوشنی زمانی داڕشتنەكەی كردبوو، بوڵنت ئەرنچیش كە جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵاتەكە بوو، جارێكی تر تویتەكەی گولی بڵاوكردبۆوە.
بەهۆی ئەو لێدوانانە، ئەردۆغان رەخنەی لە گول گرت و بەوە تۆمەتباری كرد كە لەسەر رێچكەی كەمال كلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن رێدەكات و پێی گوتبوو»تۆ هاوڕێ خەباتی من نیت؟ شورەییە بۆت».

گول و ئەردۆغان
عەبدوڵڵا گول لە ساڵی 2007وە تاوەكو ساڵی 2014 سەرۆكی توركیا بووە، لە ساڵی 2001 لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای توركیا پارتی دادو و گەشەپێدانیان دامەزراند، و لە ساڵی دواتریشدا توانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەدا، زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنن و حكومەت پێكبهێنن.
گول و ئەردۆغان، سەرەتای كاریی سیاسییان لەنێو حزبی فەزیلەی ئیسلامی بوو كە لەلایەن نەجمەدین ئەربەكان سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیاوە سەرۆكایەتی دەكرا،بە دوو خوێندكاریی خوێندنگەكەی ئەو پیاوەش لەكاریی ئیسلامی و سیاسیدا دادەنرێن.
ئەو دانە كەسێتی دەركەوتووی نێو رەوتی نوێخوازەكان بوون لەنێو حزبی فەزیلە،تا دواتر لەو حزبە جیابوونەوە و پارتی داد و گەشەپێدانیان دامەزراند.
لەپاش گرتنەدەستی دەسەڵاتیش لە ساڵی 2002، پۆستە سەرەكییەكانی حزب و حكومەتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد و ماوەیەك گول سەرۆك وەزیران و ماوەی دواتر ئەردۆغان ئەو پۆستەی دەگرتەدەست، تا دواجار لە ساڵی 2007دا لەڕێی پەرلەمانەوە توانیان پۆستی سەرۆك كۆماریش بۆخۆیان داببڕن و عەبدوڵڵا گول لەو دەمەوە تا ساڵی 2014، لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەو دوو كەسێتییەی سیاسەتی هاوچەرخی توركیا، خاوەنی رەگوڕیشەیەكی ئیسلامین و لە كاروانی دوورودێژی سیاسەتكردنیاندا هاوڕێباز بوون و لەنێو یەك حزبدا كارییان كردووە، بەڵام لەپاش گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی وڵاتەكە كە لە مانگی نیسانی 2017دا لەڕێی راپرسییەوە بەئەنجام گەیشت، ناكۆكییەكان لەنێوان ئەو «دوو برایە» سەریانهەڵدا و شرۆڤەكارانیش پێیانوایە، گول چاوی لە پۆستەكەی ئەردۆغانە و دەیەوێت ئەو سەرۆكەی لە ساڵی 2019دا لەسەر كورسی سوڵتانە عوسماییەكە دادەنیشێت، خۆی بێت نەك ئەردۆغانی هاوڕێی، بۆیە لەئێستاوە كەوتۆتەخۆی و دەیەوێت بە هەرشێوەیەك بێت، بنكەیەكی جەماوەریی فراوان دابمەزرێنێت و وەك ركابەری ئەردۆغان، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی داهاتوو ئامادە بكات.

توركیا لە سیستمی پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی
لە 16ی نیسانی 2017، توركیا هەمواركردنی دەستوری وڵاتەكەی كە 18 بەندی لەخۆی گرت و گرنگترینیان فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بوو پەسەندكرا، بەو شێوەیە سیستمی وڵاتەكە دەبێتە سەرۆكایەتی و كۆتایی بە سەردەمی كاركردن بە سیستمی «پەرلەمانی» دێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان، لە ریفراندۆمی هەمواركردنی دەستوری وڵاتەكەیدا، توانی سەركەوتنێكی «بچوك» بە جیاوازییەكی كەم بەسەر نەیارەكانیدا تۆماربكات.
پەسەندكردنی هەموارە دەستورییەكان، بووە مایەی كۆتایهێنان بە قۆناغێك كە 94 ساڵ لە تەمەنی كۆماری توركیادا لەپاش دامەزراندییەوە لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتورك درێژەی كێشابوو، بەڵام زۆرێك مەترسیان لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتە بە «پۆشاكی نوێی سەرۆكایەتییەوە».
رەنگە گرنگترین پرسیاریش لەسەر دیموكراتی بێت، بەوپێیەی لایەنگرانی هەموارە دەستورییەكان پێیانوایە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی، جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان زامن دەكات، لەبەرانبەردا نەیارانی دەڵێن، فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك، رێخۆشكەرە بۆ هاتنەكایەی سیستمێكی تۆتالیتاری.

گرنگترین بەندە هەمواركراوەكانی دەستور
هەمواركردنی دەستوری توركیا 18 بەندی لەخۆگرت كە گرنگترینیان بریتیبوون لە:
-هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كە دانانی وەزیرەكان و گەورە بەرپرسان لەخۆدەگرێت.
-لەبەرانبەردا پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆك بكات بەپێی ماددەی نۆی دەستوری نوێ‌.
هەمواركردنەكانی دەستور سەرۆك سەرپشك دەكات باری نائاسایی بسەپێنێت بەر لەوەی پێشنیاری بكات بۆ پەرلەمان تا رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت.
-ماددەی 18ی هەمواركراوی دەستوری نوێ‌، یاسایەكی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە كە دەبوو سەرۆكی هەڵبژێردراو پەیوەندی لەگەڵ حزبەكەی بپچڕێنێت.
-گرنگترین بەندیش كە لە هەمواركردنەكان پەسەندكرا، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی دادگا سەربازییەكانە جگە لە حاڵەتی جەنگ.
-بەپێی هەمواركردنەكانی دەستوری توركیا، ماوەی سەرۆكایەتی و بە هەمان شێوە پەرلەمان بە پێنج ساڵ دیاریی كراوە و هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لەیەك ساڵدا ئەنجام دەدرێن.
-لە ماددەی 17ی هەمواركراوەكاندا هاتووە كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دەبێت لە سێی تشرینی دووەمی 2019 ئەنجام بدرێن.

print

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*