سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

ئەڵمانیا: کۆرۆنا زیاتر بڵاودەبێتەوە
چەند ڕۆژێکەلەئەڵمانیا تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تادێ زۆرتردەبن، ڕۆژانە ٢٠٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لە مانگەکانی ڕابردوودا زۆر کەمببۆوە، حکومەتیش ڕێوجێی توندتردەگرێتەبەر و داوا لە هاووڵاتیان کراوە تا پێیاندکرێت سەفەری دەرەوە نەکەن و لەناو ووڵات بمێننەوە. پێشبینیش دەکرێت کە لەمانگەکانی داهاتوودا ڕێژەکە لەوە بەرزتربێتەوە و ئێستا باس لە داخستنێکی تری بازاڕ و شوێنە گشتیەکان دەکرێت.

ترەمپ بۆتە ڕەمزی ڕاسیزم لەئەڵمانیا
لەم ڕۆژانەدا کاتێک خۆپیشاندانی هەزاری دەکرێت بۆ ناڕەزایی دژی ڕێکارە تەندروستیەکانی دژی کۆرۆن،ا لەسەر دروشم و لافیتەی گروپەڕاستڕەوەکان و نازیە نوێکان وێنەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەبیندرێ، چاودێرانی سیاسی ئەڵمانی دەڵێن ترەمپ بەهۆی هەڵوێستیە توندەکانی و لێدوانە ئاگرینەکانی لەسەر کێشە جیهانیەکان و مامەڵەی لەگەڵ وڵاتان سەرکردایەتی باڵی راستڕەوەی جیهانی دەکا و ئەوانەی ئەڵمانیاش زۆر سەرسامن پێیی و دەخوازن سیاسەتی ئەو هەڵگرن.

بەم زوانە لە ماسک رزگارمان نابێت
« کریستیان دروستن» گەورە زانا و ڤایرۆسناسی ئەڵمانی لە خەستەخانەی شاریتەی بەرلین ڕایگەیاند کە بەم زووانە ناتوانن ماسک فڕی بدەین، ساڵی داهاتوش دەبێ هەر ماسک ببەستین. ئەو پرۆفیسۆرە کە هەتا ئێستا هەموو پێشبینیەکانی لەسەر ئەو ڤایرۆسە ڕاست دەرچووە و یەکەم کەسە لەسەر ئاستی هەموو دونیا کە ئامێری تێستی ڤایرۆسەکەی داهێناوە دەڵیت، ئەم زستانە زۆر سەخت دەبێ ودەبێ ووریاتربین، چونکە زۆربەی شوێنەکان داخراون و هاوین ئازادتر بوین لە گەڕان وسوڕان.

مادەپلاستیکیەکان قەدەغەدەکرێت
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پێناو پاکڕاگرتنی ژینگە و کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی پیسبوون بڕیاریدا لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ەوە هەموو ئەو مادەپلاستیکیانەی کە تەنها یەکجار بەکاردەهێندرێن وەک قاپ وقاچاغ وپەرداخ وکەوچک وچەتاڵ وقامیش وئەوانی دی قەدەغەبکرێ، ئیدی کۆمپانیاکان نابێت ئەو مادانە بەرهەم بێنن و لەبازاڕەکان بفرۆشرێن، ئەوەی بەکاریشی بێنێت سزادەدەرێت.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا: ئەوانەی ڤیزەیان تەواو بووە دەبێ بڕۆن
هەفتەی ڕابردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا ڕایگەیاند، ئه‌وانه‌ی فیزه‌ی شنگنیان ته‌واو بووە و بەهۆی کۆرۆناوە مانەوەی مانەوەیان لە ووڵاتەکە درێژکراوەتەوە، ده‌بێ تاكۆتایی ئه‌م مانگه‌ ئه‌ڵمانیا به‌جێ بهێڵن، وەزیری ناوخۆ ئاشکرایکرد بۆ ئەوانەی کە نەخۆشن یان بارێکی تایبەتیان هەیە چاوپۆشیان لێدەکرێ ماوەکەیان بۆ درێژ دەکرێتەوە.

وەزیری دەرەوە ئەڵمانیا کوارەنتین کرا
دوای ئەوەی یەکێک لەپاسەوانەکانی توشی کۆرۆنا بوە» هایکۆ ماس» وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خرایە کوارەنتین و گەشتەکەی بۆ ئوردن هەڵوەشاندەوە.

ئەڵمانیا متمانە ناداتە سەرۆکی بێلارۆسیا
حکومەتی ئەڵمانیا لە زاری ووتەبێژەکەیەوە ئاشکرایکرد کەمتمانە نابەخشێتە «ئەلێکسەندەر لۆکاشینکۆ»ی سەرۆکی تازەی بێلاروسیا کە لە هەڵبژاردنی ماوەی ڕابردوودا گوایە زیاتر لە 80٪ ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەر بۆیەش لەناو ووڵات ناڕەزایی لەئەنجامی پرۆسەکە کەوتەوە و تەنها لە هەفتەی ڕابردودا لە مینسکی پایتەخت زیاتر لە 100 هەار کەس هاتنەسەرجادە، ئەڵمانیا پێیوایە لەو هەڵبژاردنەساختەکاری کراوەو دیموکراسی و ئازادانە بەڕێوەنەچووە، بێلاروسیا یەکێکە لەکۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پیشوو وئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، هەمان شێوە یەکێتی ئەوروپاش متمانەی ناداتێ و مەراسیمی سوێندخواردنەکەشی بەنایاسایی زانی.

بەرپرسێک بەهۆی توندڕەوی لەسەرکارلابرا
ئەنگرید کرەمپ کارینباوەر وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بڕیاریدا کریستۆف گرام لێپرسراوی ئیستیخباراتی سەربازی ووڵاتەکەی لەسەرکار لابدات، بەهۆی ئەوەی لە توندڕەوی تێوەگلاوە و پشتیوانی ڕاستڕەوەکانی کردوە بۆ ڕێکخستن و تەنزیمکردنی چەند کەتیبەیەکی ناو سوپا و بەلاڕێدابردنیان، ئەو گۆڕینە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چاکسازی و پاککردنەوە دێت لەناو سوپای وڵاتەکەدا بۆ ڕاماڵینی نازیە نوێکان.

گەورەترین مافیای عەرەب دادگایی دەکرێت
هەفتەی ڕابردوو دانیشتنەکانی دادگاییکردنی عەرەفات ئەبو شاکر دەستپێکرد بەتۆمەتی دزی و ڕاوڕووتی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و شەڕ و ئاژاوە و چەندین دۆسیەی جۆراجۆر، لەنێوانیاندا دزینی پارچە ئاڵتونێکی بەهادار لە مۆزەخانەی بەرلین لەساڵی 2017 کەنرخەکەی زیاتر لە 100 هەزار یۆرۆ بوو، ئەو چەتەیە بەتەنیا نیە، بەڵکو عەشیرەتەکەشی لەگەڵەو ئەوان ئەڵمانی لوبنانین و لە بەرلین دەژین، 250 کەس دەبن وزۆربەیان لە کاری نایاسایی تێوەگلاون.

ئەوانەی خەمۆکیان هەیە دەبێ چی بخۆن؟
میلیسیا برونیتی پسپۆڕو خۆراک لە ئەڵمانیا ئاشکرایکرد ئەوانەی توشی خەمۆکی بون لەپاڵ وەرزش ویۆگا دەبێت خواردنی تەندروست پڕ لە ڤیتامی وپرۆتین وچەوری بخۆن، بەتایبەتی خواردنی بەیانیان پڕ بێت لەڤیتامین B,D ، هەروەها ئەوانەی کە زینک وئاسن ومەگنسیۆمیان تێدایە، ئەو شارەزایە دەڵیت هێلکە باشترین خواردنی بەیانیانە و لەپاڵیشدا نان و ئەڤۆکادۆ و هەندێ چەوری چونکە وەک دەڵێت مێشک 60٪ ی چەوریە و نابێت بهێڵیت کەم بکات.

 177 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*