سەرەکی » مانشێت » وەزیری بەرگریی ئیتالیا: بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستانپەڕە 3

وەزیری بەرگریی ئیتالیا: بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان

لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگریی ئیتالیا «بەردەوامیی پشتگیریی و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان» دووپاتكردەوە.

״پارێزگاریكردن لە نێردە دیپلۆماسییەكان״

دوێنێ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە مێرگەپان، پێشوازییكرد لە لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگری ئیتالیا و وەفدی یاوەری.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە هەوڵەكانی عیراق بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ ئیتالیا لە سەرجەم بوارەكاندا و كاركردنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیاجیاكان، كە رووبەڕووی ناوچەكە و جیهان دەبێتەوە، لە پێش هەمووشیانەوە بەگژاچوونەوەی تیرۆر و بەهێزكردنی هەماهەنگیی ئابووری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە تەواوی بوارەكاندا.
سەرۆك كۆمار بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی هێزەكانی ئیتالیا كرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و هێزەكانی ناتۆ، بۆ پاڵپشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق و بەشداریكردنیان لە چەندین پڕۆژەی مرۆیی و خزمەتگوزاریدا، هاوكات جەختیشیكردەوە لە گرنگیی بەهێزكردنی هەماهەنگیی سەربازی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، بە تایبەت لە بواری پڕچەككردن و راهێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانی هێزە ئەمنییە جیاوازەكان، بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، سەرۆك بەرهەم رایگەیاند، كە عیراق بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی، توانی بەسەر داعشدا سەر بكەوێت، بەڵام جەنگ دژ بەو گروپە تیرۆریستە تائێستا بەردەوامە و شانە نووستووەكانی هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری عیراق و ناوچەكە و جیهان، بۆیە گرنگە ریشەكێش بكرێت.
روونیشیكردەوە: كەمتەرخەمی لە راوەدوونانی تیرۆیستان و بەردەوامیی قەیرانەكانی ناوچەكە، دەرفەت بۆ گروپە توندڕەوەكان دەڕەخسێنێت كە خۆیان رێكبخەن و جارێكی دیكە پەلاماری شار و هاووڵاتیان بدەنەوە.
هەر لە دیداركەدا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەوەی حكومەت كار دەكات لەسەر هێنانەكایەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری بە توانا و هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و رێگریكردن لەو كارانەی لە دەرەوەی یاسا دەكرێن و پارێزگاریكردن لە نێردە دیپلۆماسییەكان. دووپاتیشیكردەوە لەوەی كە عیراق رەتیدەكاتەوە ببێت بە گۆڕەپانێك بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەی وڵاتانی دیكە.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشكرد، كە عیراق لە پشتیوانیی كۆمەڵەی نێودەوڵەتی دەڕوانێت، لە نێویاندا ئیتالیا، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەسەر ربنەمای هاریكاری و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ گەلان و وڵاتان و هەماهەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییە جیاوازەكان. وتیشی: هەماهەنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیی هاوبەش، پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەكە و جیهان دەچەسپێنێت ‌و رێگریش دەكات لەبەردەم گروپە تیرۆریستییەكان، بۆئەوەی سەقامگیری و ئارامی بشێوێنن.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری ئیتالیا سوپاس و ستایشی سەرۆك كۆماری كرد ‌و جەختیشیكردەوە لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەی لە پشتیوانیكردنی عیراق لە گشت بوارە جیاوازەكاندا، بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوكردنی هەماهەنگی دووقۆڵیی ئابووری و رۆشنبیری، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەل و وڵات پتەوتر دەكات.

 140 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*