سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » مام جەلال باوەڕی بە ئازادی رۆژنامەگەری هەبووە

مام جەلال باوەڕی بە ئازادی رۆژنامەگەری هەبووە

لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی گەلی کوردستان، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند: مام جەلال کەسێکی فرە رەهەند بووە، لەیەک کاتدا سیاسەتمەدار، رابەر، پێشـمەرگە، نووسەر، رۆژنامەنووس، یاساناس بووە. وتیشی: مام جەلال نیوە سەدە پێش ئێستا باوەڕی بە ئازادی رۆژنامەگەری و سیاسی هەبووە. هەروەها باوەڕی تەواویشی بە چەمکی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن هەبووە.

مام جەلال و رۆژنامەگەری
لە بارەی رۆڵی مام جەلالیش لە بواری رۆژنامەگەریدا ئازاد تۆفیق رایگەیاند: مام جەلال لە جومگەی قەڵەمەوە تێکەڵی سیاسەت بووە،لە پەنچاکانەوە دەستی بە نووسین کردووە لە رۆژنامەکان و رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە رۆژنامەی خەبات، کە هەر خۆشی دەریکردووەو تێیدا نووسیوە. مام جەلال لە کۆمەڵێک رۆژنامەی عەرەبی و کوردیدا کاریکردووەو وتاری نووسیوە لەوانە « خەبات، النور،رزگاری، الشرارة، رێبازی نوێ. کوردستانی نوێ.»

کوردستانی نوێ
لە بارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێشەوە، ئازاد تۆفیق وتی: لە پاش راپەڕین مام جەلال پێی وابوو، پێویستیمان بە رۆژنامەیەکی رۆژانە هەیە. هەروەها لەو باوەڕەشدا بووە کە ئێمە پێویستیمان بە رۆژنامەیەکی کوردستانی تر هەیە، بەڵام هەمان شت نەبێت بگرە نوێ بێت، چونکە پێی وابوو لە دوای راپەڕینەوە، قۆناغێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە بۆ گەلەکەمان. هەربۆیە ناوی لێنا « کوردستانی نوێ» ئەمەش یەکەمین رۆژنامەی رۆژانە بوو لە هەرێمی کوردستان لە پاش راپەڕین.

مام جەلال و رەخنە
لە بارەی مەسەلەی رەخنە گرتنەوە، ئازاد تۆفیق رایگەیاند: وەکو وتم مام جەلال لە قەڵەمەوە هاتۆتە کایەی سیاسی، لێرەشەوە فێری رەخنە و گرنگی لە ژیانی سیاسی و رۆژنامەگەردیدا بووە. ئەو هەمیشە رستەیەکی زۆر جوانی هەبوو کە دووبارەی دەکردەوە» رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن» مام جەلال پێی وابوو، ئێمە لە رێگەی رەخنە و رەخنە لە خۆگرتنەوە پێشدەکەوین، مرۆڤ بەهۆی ئەو رەخنانەی لێیدەگیرێت، جوان و پێشدەکەوێت. پێشی وابوو، هەمووشتێک بە رەخنە پێشدەکەوێت و نابێت ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان هیچ کاتێک لە رەخنە بترسین، بەڵکە بە پێچەوانەوە دەبێت دڵمان بە رەخنە خۆش بێت، چونکە لە رێگای رەخنەکانەوە، دەتوانین هەڵەکانمان راست بکەینەوە.

داکۆکیکەری نووسەران بوو
لە لایەکی ترەوە ئازاد تۆفیق باسی لە رۆڵی مام جەلال لە داکۆکیکردن و پشتگیریکردنی نووسەران کرد و وتی: لە ساڵی 1983 دا کاتێک خوالێخۆشبوو محەمەد موکری رۆمانی سەگوەڕی نووسی، گلەیی و رەخنەی زۆری لێکەوتەوە، مام جەلال داکۆکی لە محەمەد موکری کردوو، هەرخۆشی پێشەکی بۆ کتێبەکەی نووسی. ئەو پێی وابوو رەخنە دەبێت بە رەخنە وەڵام بدرێتەوە. نەک بە فیشەک و زمانی زبر. مام جەلال دروشـمی ئازادی و نانی بۆ نووسەران هەڵکرد، بەراستی نەمانی مام جەلال، زەرەرێکی گەورە بوو لە نووسەران کەوت، چونکە ئەو هەمیشە پشتگیری لە ئازادی و کۆمەکردنی نووسەران دەکرد.

مام جەلال و راگەیاند
لە بواری رۆڵی گرنگی مام جەلال لە بواری راگەیاندا، ئازاد تۆفیق وتی: مام جەلال هەر لە شاخ لە کاتی دامەزراندنی ئیزگەی یەکێتییەوە، رۆڵ و گرنگی راگەیاندنی زانیوە. لە پاش راپەرین لەکاتێکدا کە رەوشی ئابووری و ئەمنی خەڵکی هەرێمی کوردستان خراپ بوو، ئەو بیری لە دروستکردنی کەناڵی تەلەڤزیۆنی کردەوەو یەکەمین کەناڵی تەلەڤزیۆن» گەلی کوردستان» دامەزراند. خۆی پشتگیری تەواوی ئەو ستافەی دەکرد، کە بەم کارەوە خەریک بوون. بەراستی مام جەلال زۆر باش لە گرنگی و رۆڵی میدیای و راگەیاندن شارەزا بوو.

ئازادی سیاسی و مەدەنی
لە لایەکی ترەوە ئازاد تۆفیق رایگەیاند: لە ساڵانی پەنچا و شەستەکانەوە، مام جەلال باوەڕی بە ئازادی سیاسی و یەکسانی ژن و پیاو هەبووە، لەکاتێکدا ئەو چەمکانە هەمووی چەند ساڵێکە لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا بڵاوبۆتەوە. ئەو داکۆکی لە مافی ژنان دەکرد و دژی چەوسانەوەی ژنان بووە، هەروەها باوەڕی تەواوی بە ئازادی رۆژنامەگەری و کۆمەڵی مەدەنی هەبوو. جگە لەوەش باوەڕی بە برایەتی و دۆستایەتی کورد و عەرەب هەبوو. هەروەها پێی وابوو، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان، ئازادی تەواویان هەبێت لە بڵاوکردنەوەی راوبۆچوونەکانیان و گوێیان لێبگیرێت.

 298 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*