سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هەفتەی داهاتوو (نوێنەران) یاسای هەڵبژاردن تاوتوێ دەكات

هەفتەی داهاتوو (نوێنەران) یاسای هەڵبژاردن تاوتوێ دەكات

(كوردستانییەكان) تەئكید لە یەكهەڵوێستی دەكەنەوە

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێكردنی یاسای هەڵبژاردن كۆببێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە لە دانیشتنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەهۆی پرسی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە، فراكسیۆنەكان نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێك و دانیشتنەكە دواخرا، لایەنە كوردستانییەكانیش یەكهەڵوێستیی كورد لە پرسی یاسای هەڵبژاردندا بە گرنگ دەزانن.

هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن
لەوبارەیەوە هەژار محەمەد لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردن لە مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان دەنگی لەسەر درا، ناڕەزایی زۆری لێكەوتەوە و هەمواركردنەوەی بووە یەكێك لە داواكارییەكانی شەقام بەتایبەتی لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا، تاكو هەندێك لە بڕگە و مادەكانی هەموار بكرێنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە دابەشكردنی بازنەی پارێزگاكانەوە هەیە بۆ چەند بازنەیەك و ئەو خاڵەش ناكۆكی لایەنەكانی لەسەرە، راشیگەیاند: یەكهەڵوێستیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا، گرنگ و پێویستە.

یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكان
هەروەها رێبوار بابكەیی لە پارتی دیموكراتی كوردستان پێیڕاگەیاندین: هەڵبژاردن بۆخۆی بابەتێكی سیاسی و دەستووری و یاساییە، بۆیە ئێمە بە بایەخەوە دەڕوانینە ئەو بابەتە، لەوەش گرنگتر یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانە.

یەك بازنە، یان فرە بازنە؟
پەیوەست بەو بابەتە، كاردۆ محەمەد ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەوەی لە عیراقدا دەگوزەرێت و لە روانگەی بەرژەوەندیی میللەتەكەمانەوە پێمانوایە سیستمی هەڵبژاردن لە عیراق، یەك بازنە بێت، ئەگەر ئەوەش نەكرا بۆ هەر پارێزگایەك بازنەیەك دیاری بكرێت.

داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان
هاوكات رووپاك ئەحمەد لە كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان‌ ئاماژەی بەوەدا «واباشترە ئەو یاسایەی دەیانەوێ هەمواری بكەنەوە لەسەر ئاستی پارێزگا بێت، واتە هەر پارێزگایەك یەك بازنە بێت»، وتیشی: پێویستە لایەنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، تاكو بتوانن لە ئەنجومەنی نوێنەران بەیەكەوە داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.

وێستگەیەكی گرنگە
عەبدولكەریم ئەحمەد لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش بۆچوونی وایە «هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران وێستگەیەكی تر دەبێت لە بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەكان»، لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەگەر فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، دەتوانن كارێك بكەن لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت.

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*